خانەوادەی سەربەرزی قوربانیان و جینۆسایدکراوانی کوردانی ئێزدی
8 ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014 دا جارێکی تر پێکهاتەیەکی ڕەسەنی تری کۆمەڵگاکەمان ڕووبەڕووی دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بوویەوە.
لە ڕۆژی 03-08-2014 تیرۆریستانی ڕێکخراوی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)شاری #شنگال# و دەوروبەریان داگیر کرد و لە ئاکامدا خەڵکە سڤیلەکەی ئەو دەڤەرە تێکۆشەرە دووچاری ئاوارەبوون و ماڵ وێرانی و کوشتنی بە کۆمەڵ و ڕفاندن و جینۆساید بوونەوە، سەرباری ئەو شاڵاو و هێرشە دڕندانەیەی داعش، ئێزدییەکانی شنگال و دەورووبەری وەک هەمیشە بەرگرییان لە ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی خۆیان کرد، تاکو دواجار داعش بەزێنرا و سەرجەم ناوچەکانیش ئازاد کران و ئێزدییەکانیش وەک بەشێکی ڕەسەنی گەلی کورد مانەوە.
لە کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، هەزاران هاونیشتمانی ئێزدی بوونە قوربانی و سەرنگوم و کۆمەڵکوژ کران و بە هەزاران کەسی تریشیان لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕفێنران و تا ئێستاش چارەنووسی هەزاران قوربانییان نادیارە، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی (360) هەزار لە دانیشتوانە ڕەسەنەکەی ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
خەڵکی ستەملێکراو و خۆڕاگری شنگال و دەورووبەری..
داعش لەگەڵ هاتنیدا هەموو ئامراز و ڕێگەیەکی دژ بە بەها ئایینی و مرۆڤایەتییەکان گرتەبەر بۆ تێکدانی دیمۆگرافیا و شوناسی نەتەوەیی و ئایینی هەزاران ساڵەی ناوچەکە و تێکدانی پەرستگاکانیان و بە زۆر گۆڕینی ئایین و باوەڕی دێرینیان و کوشتنی بە کۆمەڵ و بە کۆیلە کردنیان و دەستدرێژی هەمەچەشنە، کەدواجار ئەم جۆرە تاوان و ڕەفتارە دزێوانە لە ژێر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتاندا دەچێتە خانەی تاوانی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی و جینۆساید.
دایکانی جگەر سووتاو و کەسوکاری ڕفێنراوانی ئێزدی..
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا لەماوەی 8 ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بووە لە خزمەتکردنی ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان، لە هەمانکاتدا کاری زۆریشی کردووە بە ئامانجی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ ئەو مەبەستەش لێژنەیەکی باڵای حکوومی پێکهێناوە بە ناوی (لێژنەی باڵای به جينۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزدییەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی تر)، هەروەها بەردەوام لە هەماهەنگیداین لەگەڵ تیمی هەماهەنگی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و هەڵدانەوەی گۆرەبەکۆمەڵەکانی عێراق بە مەبەستی کارکردن لەسەر هەڵدانەوەی گۆرەبەکۆمەڵەکانی خوشک و برا ئێزدییەکان و پڕۆسەکەش بەردەوامە.
لەم یادە دا ستایشی دەرکردنی بڕیاری(2379)ی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین لە 09-08-2017 تایبەت بە پێکهێنانی تیمێکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق ناسراو بە (یونیتاد)و داواکاریشین کە پەلە بکرێ لە میکانیزم و ڕێکارەکانی درووستکردنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ بەسزا گەیاندنی ئەنجامدەرانی ئەو جینۆسایدە، هەروەها دەستخۆشی لە بڕیارەکانی هەردوو پەرلەمانی(بەلجیکا و هۆڵەندا)ش دەکەین کەلەم دواییانەدا وەکو دوو وڵاتی ئەورووپی ئەم مەرگەساتەیان بە جینۆساید ناساند سەرباری بڕیاری یەکێک لە دادگاکانی وڵاتی ئەڵمانیا و کارکردنی پەرلەمانی ئەڵمانیاش بۆ هەمان مەبەست، لەگەڵ ئەو ولاتانەش کە پێشتر ئەم مەرگەساتەیان بە جینۆساید ناساندووە، یا خود کاری لەسەر دەکەن. جێگای ئاماژە پێدانە کە پەرلەمانی کوردستانیش بە هەماهەنگی وەزارەتمان ڕۆژی 3ی ئابی هەموو ساڵێکی بەڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان ناساندووە ساڵانەش لە لایەن وەزارتەکان و بە هەماهەنگی پارێزگای #دهۆک# و لایەنە پەیوەندیدارەکان یادی شەهیدان و قوربانیانی ئەم جینۆسایدە دەکرێتەوە.
لەم یادە کارەساتبارەدا وێڕای ئەوەی کە وەک #وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان# ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ هەر خزمەتێکی شایستە بە کەسوکاری قوربانیان و کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان بە گشتی، لە هەمانکاتدا داواکارین کە حکوومەتی عێراقی فیدڕالیش لە چوارچێوەی ئەرکی دەستووری خۆیدا هەستێ بە دیاریکردنی چارەنووسی ونبوان و ڕزگارکردنی زیاتری ڕفێندراوان و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان و کەمکردنەوەی مەینەتییەکانیان و هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێکەوتنی شەنگال و ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکە، کە بەو هەنگاوانەش ئومێد دەکرێت بە شێک لە ئازاری لە بن نەهاتووی ئێزدییەکان سارێژ بکەین و ئارامی و ئۆقرەیی بۆ خۆیان و دەڤەرەکەیان بگەڕێنینەوە، لەگەڵ شایستەبوونی قوربانیان و کەسوکاری شەهیدان و لە ماف و ئیمتیازاتی یاسا بەرکارەکانی عێراقی فیدڕاڵ و هەماهەنگی نێوان هەر دوو حکومەت بۆ درووستکردنی گۆرستانێکی تایبەت و مۆنۆمێنتێکی شایستە بۆ قوربانییانی ئەو جینۆسایدە لە شەنگال.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان. [1]
03-08-2022