#عەلی تولابی# گەوهەری دەنگ لە ئاسمان دادەگرێت
کلو جەمال
بەرنامەی (عصر جدید)ی کەناڵی سێی ئێران کە هەفتانە پەخش دەکرێت، لە دوا ئەڵقەی فایناڵی وەرزی سێیەمی پەخشکرا و تێیدا عەلی نەزەریی تولابی کوردی لەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی پارێزگای لوڕستان و دانیشتووی شارۆچکەی قودس بووە پاڵەوانی وەرزەکە.
$دوور لە دەمارگیریی نەتەوەیی$
دیارە خەڵکێکی زۆر لەنزیکەوە و لە ڕێگەی کەناڵەکە یان تۆڕەکانی سۆشیال میدیاوە بینەر و ئاگاداری بەرنامەکە بوون، بۆیە پێویست ناکات زۆر لەسەر ئەو وردەکارییە بڵێین، بەڵکو ئەوەی دەهێنێت هەڵوێستەی لەسەر بکرێت توانا و بەهرەی ئەو مێردمنداڵە 13 ساڵانەیە.
بۆخۆم دوور لە هەستی دەمارگیریی نەتەوەیی و لە هەستێکی قووڵی هونەردۆستییەوە پێی دەڵێم ئافەرین، چونکە ئەو جگە لەوەی بووە مایەی سەرسامیی بینەرانی بەرنامەکە، لیژنەی داوەرانی بەرنامەکەشی بەتەواوەتی سەرسام کردبوو کە چوار ئەکادیمیست و گەورە هونەرمەندی کایە جیاجیاکانی هونەری بەناوبانگی ئێرانن.
سەرسام بوون بە عەلی تولابی تەنها بە دەنگە زوڵاڵەکەی نەبوو، بەڵکو سەرسامی بوو بە ئەداو هەستە هونەرییە بەرزەکەی کە لەکاتی چڕینی گۆرانییەکاندا نمایشی دەکرد، یان بەو زرنگی و زیتەڵەییەی کە مێردمنداڵێکی 13 ساڵانە گۆرانی بە لوڕی و شێوەزاری لەک و شێوەزاری سۆرانی و بە زمانی فارسی و بە زمانی ئازەری دەچڕێت، یاخود سەرسامییەکە بەو ئەدەب و مەعریفەتە بەرزەی بوو لە گفتوگۆ و وەڵامدانەوەی داوەرەکاندا.
$هونەری خۆشنووسی$
یەکێکی تر لەو خاڵانەی مایەی ئافەرین لێکردنێتی ئەوەیە عەلی تولابی تەنیا لە هونەری گۆرانیدا نەبووە شای سەر ستەیج، بەڵکو وەک لە ڕیپۆرتاژی کەناڵەکانی ئێراندا و لەکاتی سەردانیاندا بۆ ماڵەکەیان دەرکەوت ئەو خۆشنووسێکی بەهرەمەندیشە.
تولابی توانیی لە ڕێگەی ئەو ئاستە بەرز و دەنگە زوڵاڵەیەوە چەندین کەسی هونەر دۆست لە کورد و فارس و ئازەری والێبکات کە چەناڵی یوتیوبی خۆیان بۆ هەڵسەنگاندنی تواناکانی و سەرخستنی بۆ قۆناغی فایناڵ بخەنەگەڕ و هەموویان لە ڕێگەی یوتیوب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە جگە لە ستایشکردنی، هانی خەڵکی ئێرانیان دەدا دەنگ بدەن بە تولابی.
$کۆمێنتەکانی لیژنەی داوەریی$
هەڵسەنگاندنەکانی لیژنەی داوەریی، یەکێکی تر بوو لەو خاڵانەی لە سەرەتای ئەڵقەکانی وەرزی سێیەمەوە جێگای سەرنج بوو بۆ بینەرانی بەرنامەکە و ئامادەبووانی ناو هۆڵەکە.
لەو ڕووەوە خاتوو ژاڵە سامتی ئەندامی لیژنەکە وتی: ئایندەی تۆ وا دەبینم دەبیتە ناوێکی پڕشنگدار لە سەرتاسەری ئێراندا بۆ 20 ساڵی دیکە دەبیتە پێشەنگ.
هەروەها ئەمین حەیایی پێی وت: شەجەریان دووبارە لەدایکبۆتەوە، ئەم ستەیجە و ئەم بەرنامەیە بۆ تۆ زۆر بچووکن.
کارن هومایونفەڕیش بە سەرسامییەوە پێی وت: ئافەرین هەرچەندە نابێت ئەمە بڵێم، بەڵام بە ئاشکرا من لایەنگری تۆم.
د.مەجید ئیسماعیلی-ش کە دکتۆرای لە هەڵسەنگاندنی دەنگ و نواندنی گۆرانیبێژاندا هەیە بە سەرسامییەوە دەڵێت: سەرسامم بەوەی دەتوانیت لەو تەمەنەدا بە هەموو زمانە لۆکاڵییەکانی ئێران گۆرانی بچڕیت، تۆ دەست دەکەیت بە ئاسماندا و گەوهەر دادەگریتە سەر زەوی.
$گەڕانەوە بۆ هونەری ڕەسەن$
با عەلی تولابی ببێتە هاندەرێک بۆ کەناڵەکانی خۆمان و پەرە بەو جۆرە بەرنامانە بدرێت لەکاتێکدا گرنگیدان بە هونەری بێ پێز و بەرنامەی زۆر و بۆری چێشتلێنان و پرسیار و وەڵامی بێ زانیاری و پارە بەخشینەوە، خەریکە چێژی هونەرییمان سەقەت دەکەن و قوڕگە گەوهەرییەکانی وەک عەلی تولابی-مان لێ بزردەکەن.[1]