دەقی پەیامەکەی #مەسعود بارزانی#:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لە 25ی ئابی 1988 هەتا شەشی ئەیلوولی 1988 لە درێژەی زنجیرە تاوانەکانی ڕژێمی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان، بەشێکی زۆری ناوچە و گوندەکانی دەڤەری بادینان کەوتنە بەر هەڵمەتی نامرۆڤانەی کیمیابارانکردن و گرتن و کوشتن و ڕاگواستن و ئەنفالی هاووڵاتیانی بێتاوان لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی ئەو کاتی عێراق. لە ئەنجامی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە بە هەزاران هاووڵاتیی کوردستان شەهید و بێسەروشوێن و ئاوارە کران و سەدان گوندیش خاپوور بوون.
مەبەستی ڕژێم لەو ڕەفتارە شۆڤینی و ئەو تاوانە گەورەیە گۆڕینی دیموگرافی کوردستان و شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان لەرێگەی چەک و زەبروزەنگ و ستەمکاری بوو، بەڵام ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ مانەوە و ئازادیخوازی سەرکەوت و ئەوە دوژمنان و نەیاران و تاوانباران بوون کە کەوتنە زبڵدانی مێژوو.
لە یادی سی و چوار ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کۆمەڵکوژیی کوردانی فەیلی و ئەنفالی بادینان و #گەرمیان# و بارزان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان دەنێرین. لەو یادە دڵتەزێنەدا ڕایدەگەیێنین کە گەلەکەمان هەرگیز زمانی زۆرداری و تاوان قبووڵ ناکات و دەبێ دەوڵەتی عێراقیش قەرەبووی هەموو ئەو تاوان و ستەمەکارییانە بدات کە لەدژی میللەتەکەمان ئەنجام دراوە.
مسعود بارزانی
25ی ئابی 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!