لەڕێی مەکتەب سەرم دانێم ڕەوایە
لەبۆ دەردی دڵم خاکی شیفایە
ئەگەر چی چەند کەسێک لێی ناڕەزایە
لەلای من کۆشکی پڕ شەوق و چرایە
ئەشۆرێ چڵکی بێ ئەقڵی و جەهالەت
#
بەشەر ناخاتە ناو دەرد و ڕەزاڵەت
ئەتۆ ئەی کاکی کوردم پیاوی چابە
لە مێشکی خۆت وەرە ئەم بیرە لابە
هەتا مناڵەکەت گەنج و شەبابە
بە تەحسیل و بە مەکتەب ئاشنا بە
هەتاکەی چاوەکەم ناپوختە خامی
وەکوو شووتی سپی بێ زەوق و تامی
ئەگەر تۆ خاوەنی نوتق و کەلامی
تەشەببوس بۆ ئەکەی بۆ لای محامی
لە سایەی مەکتەب و تەحسیلی سنعەت
وڵاتی ئەورووپا خۆی کرد بە جەننەت
ئەژی بۆ خۆی بەبێ ئازار و میحنەت
نەجاتی بوو لە دەس جەور و مەشەققەت
بەشەر چی پێ ئەوێ هەمیان لە لایە
#
چ موحتاجی نەقیزە و جووت و گایە
خەوی غەفڵەت هەتاکەی چاو هەڵێنە
لەژێر باری نەزانی خۆت دەرێنە
لەبۆ منداڵەکانت توو بچێنە
هەتاکەی تۆ کەوی و خەڵکی شەهێنە
خەیاڵی خاوە (ڕەببی بۆم بنێری)
هەتا زەرعی نەکەی ئاوی نەدێری
بە برسی دائەنیشی نەک بە تێری
بە نێری تۆ بژی گەر بێچووە شێری
لە تاقەتما نەما بگرم زمانم
جنێوم پێ ئەدەن خەڵکی ئەزانم
هەمووی سەڵتە و عەبایە بە شانم
نە ئاغام و نە بەگزادە و نە خانم
کەسێکم عاشقی خاکی وەتەن من
هەزار کەس گەر لە من بووبن بە دوژمن
نییە باکم لە لێدان و لە کوشتن
خەریکی خزمەتم تا وەختی مردن
قسەی موفتی ئەگەرچی تاڵە ئەمڕۆ
ئەگا وەک میوە پاییز تێئەگەی تۆ
کە چۆن شیرین ئەبێ پڕ عەتر و پڕ بۆ
وەکوو باخێکی پڕ نارنج و لیمۆ [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#