ناونیشانی بابەت: کاریگەری نەوت لەسەر جوگرافیای کەرکووک
ناوی نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
سنوری ئیداری شاری کەرکووک چوار کێلگەی نەوتی لەخۆ گرتووە:
1- کێلگەی نەوتی کەرکووک کەبەیەکێک لەزە بەلاحترین کێلگەکانی جیهان دەژمێردرێ، درێژی یەکەی 100 کم و پانیەکەشی 4کم دەبێت. ئەم کێلگەیە لەناوچەی (جەبەڵ بۆر)ەوە دەست پێدەکات، بەپشت گەرەکی شۆریجەدا دەرواو گەرەکانی ئیمام قاسم و ڕووباری خاسە وبەشێک لەگەرەکی تەپپەی مەلا عەبدوڵڵا دەبرێت، پاشان بەگەرەکی عەرەفەدەروات تادەگاتە گوندی گورگەچاڵ و پشت گوندی سێکانیان. ئیتر بەدەستی ڕاستی ڕێگای دوبز - کەرکووکدا بەناوچەی(زور گەزراو)دا تێپەر دەبێت کەلەپێش ساڵی 1963دا ژمارەیەک گوندی کوردنشینی تێدا بوو. دوای ئەوە لەزێ ی بچوووک دەپەرێتەوە وشان بەشانی دەستەراستی ڕێگای کەرکووک –موسل بەشارەدێی دیبەگەدا تێپەر دەبێت ولەنزیک شارەدێی (گوێر) کۆتایی دێت.
2- کێلگەی بای حەسەن: دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی دوبزەوە درێژی یەکەی 28 کم وپانیەکەشی 3کم دەبێت پێش شاڵاوی دەرکردنی گوندە کوردی یەکان لە ساڵی 1963 هەموو گوندەکانی دەڤەرەکە کورد بوون بەشارەدێی(سەرگەران)یشەوە تەنها گوندێکی عەرەب نشینی لێبوو. تا ساڵی 1988 یەک گوندیکوردی لێنەماو عەرەبی هاوردەی تێدا نیشتەجێکرا بەشارەدێی سەرگەرانیشەوە.
3- کێلگەی خەباز: درێژی یەکەی 40کم وپانیەکەشی 2کم دەبێت ئێستا هەموو گوندەکانی ئەم سنورە عەرەب نشینن تەنانەت ئەو کوردانەی هەشبوو لەشارەدێی مەلا عەبدوڵڵا ودەوروبەری لەپڕۆسەی ئەنفالی ساڵی 1988 دەرکران.
لێرەدادەمەوێ ئەوە بڵێم کە کێڵگەی نەوتی کەرکووک لەسێ کێڵگەکەی تر زیاتر کارێگەری هەبوو لەتەسک کردنەوەی سنوری نیشتەجێ بوون لەم شارەدا چونکە بەشێکی زۆری بەسەنتەری شارەکەدا تێپەردەبێت. هەر یەکە لەگەرەکەکانی ئیمام قاسم وزێویەو بەرتەکەیە دەکەونە ناوجەرگەی کێڵگەکەوە، پاش دۆزینەوەی نەوت دەست لەم گەرەکانە نەدراو بوون بەدیفاکتۆ (ئەمری واقع) وبەچەسپاوی مانەوە بەڵام ڕێگەنەدرا چیتر گەورە ببنەوەو زیاتر پەلبکێشن، تاقە دامەزراوەیەک لەسەر ئەو کێڵگەیە دروست کرا بێت نەخۆشخانەی (سەدام)ی جاران و(ئازادی)ی ئێستایە کەلەسەرەتادا وەزارەتی نەوت ڕازی نەبوو نەخۆشخانە لەو شوێنە دروست بکرێت لەبەرئەوەی دەکەوێتە سنووری ناوچە نەوتیەکانەوە بەڵام دواتر لەئەنجامی بەدەنگ هاتنی خودی سەدام حسێن کارەکە ئەنجام درا.
لە ئێڕاقدا یاسایەک هەیە پێ ی دەڵێن یاسای پاراستنی سامانی هایدرۆکاربۆنی (قانون الحفاظ علی الثروة الهايدروکاربونية)، مەبەست لەهایدرۆکاربۆنی غاز و نەوتە. بەپێی ئەم یاسایە هیچ کەس ودام ودەزگایەک بۆی نییە خانوو دامەزراوە لەسەررووبەری کێڵگەی نەوتی دروست بکات. هەرچەندە یاساکە ڕەوایەتی خۆی هەیە چونکە نەوت بربرەی پشتی ئابووری وڵاتە بەڵام ڕژێمە شۆڤینی یەکانی ئێڕاق ئەم یاسایەیان کرد بووە دسکەلای دەستیان بۆ دەرکردن وراگواستنی گوندە کوردنشینەکان هەروەها ڕێگە گرتن لەگەورەبوونی گەرەکە کوردنشینەکان. بەپشت بەستن بەو یاسایە ڕێگەنەدرا گەرەکەکانی ئیمام قاسم وشۆریجە بەلای ڕۆژهەڵاتدا گەورەبێتەوە سەرباری ئەوەش ناوچەی پیشەسازی کۆمپانیای نەوت کە لە گەرەکی عەرەفەوە دەست پێدەکات ولەناوچەی (کەیوان)کۆتایی دێت ڕوبەرێکی فراوان پێک دەهێنێت ونزیکی 70کم دووچا دەبێت لە شاری کەرکووک دابرێنراوەو ڕێگەنە دراوە هیچ کەسێک توخنی بکەوێت. گەرەکی ڕەحیماوە هێڵێک بەلای ڕۆژهەڵاتیدا کێشرا بوو بۆی نەبوو لەوە زیاتر گەورە بێتەوە، ڕێگای دوبز- کەرکووک دەستی ڕاستی ڕێگا کە تا شارۆچکەی دوبز هەموو ئەو ڕووبەرە کەوتبووە ناو سنوری کێڵگەی نەوتی کەرکووکەوەو ژمارەیەک گوندی کوردنشین وچەند گوندێکی عەرەب نشینی لێبوو لە ساڵی 1963 حکومەتی ئێڕاق بەبیانووی پاراستنی ناوچەی نەوتیەوە هەموو گوندە کوردنشینەکانی دەربەدەرکردو گوندە عەرەبنشینەکانی گواستەوە بۆ دەستی چەپی ڕێگاکەو قەرەبووشی کردنەوە لەو گوندانەی کوردیان دەرکران گوندی قەرەدەرە عەمشە، قەرەهەڵبەت، چوبلیجە، قوشقایە....هتد. ڕێگای کەرکووک –هەولێر بەهەردوو بەری یەوە کۆمەڵێک گوندی کوردنشینی لێبوو، ئەوانەی دەستی چەپی ڕێگاکە هاوسنووربوون لەگەڵ کێڵگەی نەوتی کەرکووک لەوانە گوندی قەزنەفەر، نەبیاوە، گورزەیی...هتد، بەبڕیارێک لە ساڵی 1977 ئەم گوندانە ڕاگواستران بۆ دەستی ڕاستی ڕێگاکە. لەمانەی لەسەرەوە باسمان کردن دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کەنەوتی کەرکووک سەرەرای کاریگەری خراپی لەسەر ژینگەی شارەکە وگۆرینی دیموگرافیاکەی لەهەمان کاتدا ڕێگربووە لەبەردەم فراوان بوون وپەرەسەندنی. ئێستاش دوای پڕۆسەی ئازادی دوای کەم بوونەوەی دەسەڵاتی بەغدا لەسەر شارەکە گوندە دەرکراوەکان گەراونەتەوە سەر زێدی خۆیان، لەناوجەرگەی شاریشدا ژمارەیەک گەرەک لەسەر ناوچە نەوتیەکان دروست کراون لەوانە گەرەکی دەروازە، فراوان بوونی گەرەکی ڕەحیاوا بەلای ڕۆژهەڵاتدا، دروست کردنەوەی گوندەکانی عەمشەو قەرەدەرەو چوبلیجە، لەم لاشەوە دروست کردن گوندێکی هاوچەرخ لە شۆراو گورگەچاڵ وسێکانیان. هەرچەندە وەزارەتی نەوت چەندین جارنووسراوی کردووەو داوای لەو گوندانەی لەسەر ناوچەی نەوتی دروست کراون چۆڵی بکەن بەڵام تا ئێستا هیچی لێ جێ بە جێ نەکراوە، واچاکترە سەرکردایەتی کورد وئیدارەی کەرکووک لەم کاتەدا خەمی ئەو مەسەلەیە بخۆن هەڵینەگرن بۆ ئاییندە چونکە دوورنیە لە داهاتوو کێشەی لێبکەوێتەوە. [1]