$سووتانی دارەکان یاخود داگیرکردنی تاکی کورد$
نووسینی: ئەلەند ڕزگار
هەر لە سەرەتاوە پێش درووستبوونی شارستانیەتییەکان؛ ئەوە سرووشت بووە کە باوەشی بۆ زیندەوەرە هۆشمەند و ناهۆشمەندەکان کردۆتەوە و بۆتە ماڵێکی فراوان بۆ نیشتەجێبوون و ژیانکردن، هەروەها ئەگەر ئاوڕێک لە کۆی ئەو ئەفسانە بنچینەییانە بدەینەوە کە نووسراون یاخود وەک، بەشێک لە مێژووش سەرنجی بدەینێ تێدەگەین کە سرووشت کاریگەرییەکی گرنگی هەبووە لەسەر گیانەوەرەکان و خاوەن تایبەتمەندی سەرەکی بووە لە نێو ڕووداوەکاندا. بۆ نموونە: لە گیلگامێشدا سەرنجی ئەوە دەدەین کە ئەنکیدۆ لە ژێر سێبەری درەختێکدا سێکس دەکات، بە ئەمەش سرووشت دەکاتە ماڵێک و ئارامگەیەک بۆ خۆی، هەروەها دەرخستنەوەی ئەنکیدۆ و گیلگامێشی نیمچە خوداوەند وەک، دوو تاوانباری سەرەکی لە بڕینەوەی درەخت و کوشتنی ڕۆحی پارێزەری دارستانەکان “هومبابا”. هەروەها سرووشت و کەرەستەکانی بوونەتە شوێنێک بۆ حەشاردانی خوداکان، شاردنەوەی ئەو کردانەی کە دەیکەن، ئەزموونکردنی ژیان لە نێو سرووشتدا. هەروەها ئەگەر سەرنج بدەینە ئەفسانە ژاپۆنییەکان ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە درەختە بەردارەکان و بەتایبەتتر درەختی قۆغ گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە وەک، چۆن ئیدزاناگی لە دۆزەخ ڕزگار دەکەن. هەروەها لە ئەفسانە یۆنانییەکاندا سرووشت پانتای سەرەکی ڕووداوەکان داگیردەکات، ئەوە کردە سرووشتییەکانن کە دەبنە هاوکار و لە هەمان کاتیشدا لە ناوبەری خوداوەندەکان بەڵام؛ سرووشت و دارستانەکان دەبنە باشترین شوێن بۆ خۆحەشاردان و چاودێری کردنی ئەوی تر. ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی کورد بدەینەوە، هەمیشە سرووشت پەناگەیەکی سەرەکیان بووە، بەو واتایەی: ئەوە چیاکانن هاوڕێ و هاوکارێکی ژیاندۆستانەی کوردن، پارێزگارێکی سەرەکی ئەوان بوون لە بەرانبەر دوژمن و ئەوەی کە ویستوویەتی کورد بسڕێتەوە، بۆ تاکی کورد نەمانی سرووشت نەمانی کوردە، بەو واتایەی: تاکە هاوڕێ و دۆستی کورد سرووشتە، چون چیاکان لانەیەکی پارێزراون بۆ خۆحەشاردانی کورد لە چاوی دوژمنەکانییەوە لە کاتی جەنگدا. ئەوەی کە لەم ڕۆژانەدا ڕوودەدات وەک، هەمیشە ئەردۆگان دەیەوێت لە ئامانجە سەرەکییەکەی نزیک ببێتەوە کە ئەویش بە تورکی کردنی کردن کورد و داگیرکردنی کوردستانە، هەرچەندە ئەم ئامانجەی ئەگەر نێوماڵی کورد نەتوانێ خۆی ڕێکبخاتەوە و یەکگرتووی ڕوونەدەدات، ناتوانێت پارێزگاری بکات لەوەی کە لە ئێستادا هەیەتی، هەرچەندە ئەوەی وای کردووە ئەردۆگان پێشڕەوی بکات و چەند ڕووبەرێک داگیر بکات و فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بەسەر ئاسمانی هەرێمەکەدا، هەروەها سووتاندنی دار و درەختەکانی ناوچەی بادینان، مەترسیدارترین و دڕندانەترین کردەیەکە کە تا ئێستا ئەردۆگان کردبێتی، و ئەگەر ئەمەش ڕێگەی پێ نەگیرێ ئەوکاتە کورد دەبێتە خاوەن دۆستێکی ڕووتکراوە کە ئەویش چیاکانە. هەر بۆیە ژیرییەتی دیکتاتۆری پێی وایە: کە دەبێت پڕبێت لە دژایەتی بەرانبەر ئەوی تر، داگیرکردنی سەرجەم ڕووبەرەکان و فراوانکردنی دەستەڵات و شاردنەوەی حەقیقەت لە تاکەکانی و درووستکردنی حەقیقەتێکی درۆینە و چەسپاندنی. هەربۆیە لە ئێستادا دەوڵەتێکی داگیرکەری وەک، تورکیا کە خاوەنی ‘هێزە’ دەیەوێت لە ڕێگەی هێزەوە حەقیقەت بگۆڕێت واتە: نەبینینی حەقیقەت بەو شێوەیەی کە هەیە و درووستکردنی خورافە و چیرۆکێک کە پاڵەوانی سەرەکی خۆیەتی و هەر خۆشی دەبێتە تاکە دەستەڵاتداری سەر زەوی لە چاوی تاکە داگیرکراوەکانییەوە. ئەگەر سەرنج بدەین هەست بەو چیرۆکە خورافیانە دەکەین کە لە باشوور ڕۆژ لە ڕۆژ زیاددەکەن و لە ژیریییەتی تاکی کوردا دەچەسپێنرێت. هەر لە ڕێگەی میدیا و دراما و کەرەستە تورکییەکانەوە دەیانەوێت ژیریییەتی تاکی کورد بشۆنەوە و دەستی بەسەردا بگرن. هەروەها لە لایەکی دیکەشەوە دەبینین کە ئیخوانەکانی باشوور، تاکە کارێکیان بڵاوکردنەوەی ئەم فکرەیە کە پڕە لە توندوتیژی و ناکۆکی بەرانبەر ئەوی تر و بڵاوکردنەوەی ڕەگەزپەرستی و مەرگدۆستییە لە بەرانبەر ئەوی تردا کە کوردە. ئێمە دەزانین کە ئیخوانەکانی باشوور لەسەر سەمایەک یاخود جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل [ بەو واتایەی ئەم هەڵوێست وەرگرتنە هۆکارەکەی پیرۆزی بووبێت نەک مرۆڤ] سەرجەم پێگە کۆمەڵایەتییەکانیان پڕ کردبوو لەو ڕەزنە چەواشەکارانەی کە دەیانوت، بەڵام؛ ئەوان ئامادەنین لە بەرانبەر ئەردۆگاندا هەڵوێست وەرگرن، چون ئەوان کۆیلەی ئاغاکانیانن. هەر بۆیە ئەو سیستەمەی کە ئەردۆگان دەیەوێت بیچەسپێنێت درووستکردنی دۆگمەکانە، درووستکردنی تیۆرییەک کە پێی وایە هەمووشتزانە، بە سەرۆکێک و شوێنکەوتن ڕێنماییەکانێتی. کە ئەمەش دووبارە درووستکردنەوەی چەقبەستوویەکە، تەنانەت ئەگەر سەرجەم دارستان و سرووشت نیشتیمانەکەت بسووتێنن ئەوە دەبێت ئەم هەستەت هەبێت کە ئەمە لە بەرانبەر دژایەتی تیرۆردایە. ئێمە لەم هێڵانەوە دەگەینە ئەو دەرەئەنجامەی کە سەرجەم هەوڵەکان لە پێناو درووستکردنی ئەفسانەیەکدایە کە پێی وابێت: ئەردۆگان کوردی باشووری خۆشدەوێت بەڵام؛ کوردێکی ڕۆژاوا، باکوور، ڕۆژهەڵات بە تیرۆریست ناوببات، ئەمەش دەبێت تێگەیشتنێکی ڕەهات دەربارەی ئەو ئەفسانەیە بۆ درووست ببێت کە کوردی باشوور بەشێکی جیاکراوەن لە کوردانی سێ پارچەکەی دیکە. هەروەها لە یادمان نەچێت بەهۆی ئەو داگیرکارییەی کە لە ڕابوردوو و ئێستادا تورکیا دەیکات بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و بەتایبەتتر دهۆک و ناوچەکانی دەوروبەری، ئەوە دەزانین کە تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانەوە چەندان هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و چەندەها گوند و ناوچەی دیکە بەهۆی پێشڕەوی تورکە ئەردۆگانییەکانەوە چۆڵکراون و بەجێهێڵدراون. هەروەها وەک، دارزەیتوونەکانی عەفرین دەبڕدرانەوە بە هەمان شێوەش لە ئێستادا درەختەکانی چیای مامتا لە ناحییەی باتیفا دەبڕدرێتەوە و دۆستەکانی کورد یەک لە دوای یەک ڕووتدەکرێنەوە. ئەگەر پێمان وایە ئەفسانەی دەوڵەتی تورکیا؛ دەوڵەتێکی داگیرکەر و ڕەگەزپەرست نییە، پرسیارێک لێرەدا درووست دەبێت ئەویش بریتییە لەوەی: بۆچی دەچێتە عەفرین و سەری کانێ و ئیدلیبە لە سووریا، بۆ لە سۆماڵە لە لیبیا؟ ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە ژیریییەتی ئەردۆگان و دەستەڵاتەکەی؛ ژیرییەتێکی ڕەگەزپەرست و داگیرکەرە و دەیەوێت سەرجەم ئەو مرۆڤانە لە ناوببات کە پێی وایە؛ تیرۆریستن و لە دەرەوەی ژیرییەتی ئەون. دەکرێت بۆ ئەمەش “لوو بورۆ” وەک، نموونەیەک وەربگرین؛ لوو بورۆ ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی بوو، دەیویست بۆ ئامادەکردنی ڕیپۆرتاژێک لە هەولێرەوە بچێت بۆ ڕەققە. کە بەمشێوەیە باسی ساتی دەستگیرکردنی دەکات: (…. لە گووگڵ بەدوایی ناوی مندا دەگەڕێ، پاشان داوای هەژماری فەیسبووکەکەم دەکا. پێی دەدەم. واقم وڕ دەمێنێ کە بۆم دەردەکەوێ ئەو دەستی بە سەرلەبەری پڕۆفایلەکەم و پەیامەکانی منیش ڕادەگا. وێنەکانی ژیانی خۆم دەبینم لەسەر شاشەکە دێن و دەچن. لەسەر وێنەیەکی من ڕادەوەستێ کە لەگەڵ چەند شەڕڤانێکی یەپەگە لە سووریا لە کاتی سازدانی ڕیپۆرتاژێک لە ساڵی 2013 دا هەڵگیراوەتەوە. هەڵدەستێتە سەر پێ و هاواردەکات (تیرۆریست) لەو ساتەوەختەدا لەبەر خۆمەوە دەڵێم: (تووشبووم)….) لە پاش ئەمە لوو بورۆ سزای زیندانی بۆ ماوەی بیستوپێنج ساڵ بەسەردا دەسەپێنرێ، بەڵام؛ بەهۆی فشارەکانی حکومەتی فەڕەنساوە لە سەرەتای پاییزی 2017 دا ئازاد دەکرێ. لەم بەسەرهاتەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەردۆگان و سیستمەکەی دژی هەموو ئەو دۆستانەشن کە؛ دۆستی کوردن یاخود وێنەیەکیشیان لەگەڵدا دەگرن. هەربۆیە ژیریییەتی ئەردۆگان دەیەوێت لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانییەوە دژی هەموو کوردێک بێت، بە تایبەتتر هەوڵی سڕینەوەی زمان و شووناسی کورد دەدات. هەروەها ناکرێت لە پشت ئەو توندوتیژیانەی کە تورکیا بەرانبەر تاکی کور دەیکات بەدوای “واتا”دا بگەڕێین بەو واتایەی: پێمان وابێت لە پشت ئەم توندوتیژییانەوە ئامانجێکی بەسوود بۆ تاکی کورد خۆی حەشارداوە، هەروەک چۆن هانا ئارێنت دەربارەی توندوتیژی دەڵێت: ” ئەوانەی لە دووتوێی ڕووداوەکاندا هەمیشە بە دوای مانایەکدا دەگەڕێن، بەردەوام توندوتیژیان بە دیاردەیەکی لاوەکی بەدیکردووە.” بەو واتایەی کاتێک توندوتیژی ڕوودەدات دەبێت وەک، بابەتێکی سەرەکی سەرنجی بدەینێ، تاوەکو نەبێتە دیاردەیەک کە سەرجەم ڕووبەری ژیانمان داگیر بکات. هەربۆیە خۆ بەدوور گرتنمان و چاوپۆشیکردنمان لەو دەستدرێژییانەی تورکە ئەردۆگانییەکان دەستیان پێ کردووە، هەرزوو دەبینە تاکێکی داگیرکراو و بێ شووناس و خاوەن چیای ڕووت. هەروەک چۆن گۆرانی شاعیر دەڵێت:
وتی ئەوەی کوشتی_یاران!_نووستن نەبوو،
بێ ئاگایی لە خشەی پێی دوژمن بوو! [1]