$دیوی شاعیرانەی شێخ مەحموودی نەمر$
نووسینی: فەرهەنگ قەرەنی
#شێخ مەحمودی حەفید# کوڕی شێخ سەعیدی کوڕی شێخ مەحموودی بچکۆڵەی کوڕی کاک ئەحمەدی شێخی کوڕی شێخی مارفی نۆدێی بەرزنجی یە، لە ساڵی 1886 لە شاری سلێمانی لە دایک بووە.
لە شەوی 9لەسەر10/ 10/1956 لە نەخۆشخانەی (حیدریە) لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە و لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی بەخاک سپێردراوە.
دیوانی نوربەخشی
(شیعرەکانی مەلیکی کوردستان شێخ مەحموودی بەرزنجی)
ئەگەرچی ژمارەی شیعرەکانی کەمەن بەڵام پانتاییەکی فراوانییان هەیە لە ئەدەبیات وشیعری کوردی.
نابێت بە تەنیا جەنابی شێخی مەرحوم وەک ڕابەر و کەسایەتییەکی سیاسی بناسین بەڵکوو ئەویش ئەدیبێکی سەردەمی خۆی بووە.
یەکەم شیعری بڵاوکراوەی شێخ مەحموود دەگەڕێتەوە بۆ ژمارە(2)ی گۆڤاری هەتاو لە مانگی مایسی ساڵی 1954 ی میلادی کە لەلایەن (گیوی موکریانی) یەوە بڵاوکراوەتەوە
دووەم جاریش(مەحەمەد گۆمڵەی نانەوا) دوو کۆپڵەی لە 10/10/1957ژمارە(1364)ی ڕۆژنامەی ژیندا بڵاوکردۆتەوە.
دواتریش لەم ڕۆژنامە و لەوگۆڤارو تاکوتەرایانە پارچە شیعرەکانی بڵاو دەکرانەوە.
پەڕتووکی دیوانی نوربەخشی نووسیوە لە ساڵی 2006 لە شاری سلێمانی لە لایەن عومەر مەعروف بەرزنجی کۆکراوەتەوە و ئامادەکراوە و چاپکراوە.
نزیکی جەنابی شێخ لە شاعیرانی هاوسەردەمی خۆی
وەک ڕابەرێکی تەریقەتی قادری پەیوەندی بە ئەدەبیات و شیعر و کۆڕی شاعیرانەوە هەبووە.
هەروەها هاوڕێیەتی شاعیرانی هاوسەردەمی خۆی بووە وەک (حەمدی و ناری و شێخ نووری شێخ ساڵح و بێخود وشێخ ئەحمەدی غەنی و شوکری فەزڵی وحسێن نازم و ڕەفیق حیلمی و تۆفیق وەهبی و شێخ سەلام و ئەحمەد خواجاو ئیماعیل حەقی شاوەیس و کەمالی)
ڕۆڵی شیعر لە نامە و دەستنووسەکانی شێخ مەحموود
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو شاعیرە ئەوەبووە، کاتێک نامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ کەسایەتییەکان بناردایە، کۆتایی نامەکەی بە شیعر دەڕازاندەوە بۆنموونە نامەیەک بۆ ئیسماعیل حەقی شاوەیس دەنووسێت و لە کۆتایی دەستنووسەکەیدا دەڵێت:
“بەیادگارئەنێرم بۆ شاوەیسی ڕەفیقم
لە دیدارما ببینێ بۆ میللەت شەفیقم”
ڕووخسارو ناوەرۆکی شیعرەکانی شێخ مەحموود
لە ڕووی ڕووخسارەوە لەسەرکێشی عەرووز داناوە، لە قافیەشدا پەیڕەوی یەکێتی قافییەی کردووە.
هاوکات شیعری پێنجین و چوارینە و تاک شیعری هەیە.
لە ڕووی ناوەرۆکیشەوە بە گشتی بەزمانێکی سیاسیی وپیاوانەی ڕەکیکەوە شیعری نووسیوە و دوورە لەهەست وسۆزو ناسکی و باسی دڵداری وئەڤینداری لە دیوانەکەیدا حزووری نییە.
بەڵام وەک عیشقی حەقیقی لە دیوانەکەیدا جۆرە پەیوەندییەک بەدی دەکرێت لەگەڵ خودادا
وەک دەڵێت:
” غوربارو تۆزی میحنەتی دنیای هەلاکەتم
کەوتووەتە سەر دوو دیدە و شەئنی نەدامەتم
پەنجەی ئەجەل بە یەخەمەوە بەند بووە ئەڵێ
هەستە دوعا بخوازە بڵێ ڕوو لە قیامەتم”
شیعری هەجوو یان شەرەشیعر
هەندێک جار شێخ مەحموود شەڕە شیعری کوردووە، بۆ نموونە کاتێک لەگەڵ ئینگلیزەکان شەڕ دەکات و فڕۆکە بۆردومانی دەکەن. عادیلەخانمی هاوژینی وەسمان پاشا کە نەیاری شێخ و دۆستی بەریتانییەکانە بەشیعرێک گاڵتە بە شێخ مەحموود دەکات و دەڵێت:
“بە چاوی ئەحمەد بە قەبری پاشا
من ئەم بۆردوومانە زۆر لەلا باشا
تەیارە هات بە گیزە گیز
دەرپێی خام پڕ بوو لە میز”
شێخ مەحموودیش لەوەڵامی خانمی وەسمان پاشادا دەڵێت:
“بە چاوی لەتیف، بە کوڕەکەی خانم
من ئەو بۆردومانە بە گونمە زانم “
کاتێک شێخ مەحموود نیازی خواستنی کچێکی هەبووە بەناوی (مینا)، کە هەندێک دەڵێن: لە مەریوان و هەندێکیش دەڵێن لە گوندی دۆڵەسوور بووە، بەڵام کچە زۆر جوان و شۆخ و شەنگ بووە، دیارە نەیویستووە لەگەڵ شێخ زەماوەند بکات و کەسێکی تر، کە دەگوترێت (لە هۆزی بڵباس) بووە بەتەمای خواستنی ئەو کچە بووە. بۆیە ناری شاعیر (مەلا کاکەحەمەی بێلوو) بە شیعرێک شێخ لەو بڕیارە پاشگەز دەکاتەوە. ئەمە چەند دێڕێکی شیعرەکەیە
“زەرفی مینا شاهی من مەزرووفی ئەڵماسی دەوێ
وەک کونی ماکینە دەرزی تیژ و ڕەققاصی دەوێ
قەتعی ڕێگەی دۆڵەسوور و کانی گەرمی بەر مووان
هیممەتی چاپووک سواری قەومی بڵباسی دەوێ”
بەو شێوەیە ناریی شاعیر بڕیار بە شێخ مەحموود دەگۆڕێت و دەستبەرداری ئەو کچەی دەکات، یان ڕەنگە ڕاستتر بڵێین ئەو کچە ڕزگار دەکات.
جارێکی تر شێخ مەحموود بەیتە شیعرێک دەنێرێت بۆ شێخ محێدینی شێخ ساڵحی هەولێر و داوای تووتنی لێدەکات و دەڵێت:
“نە موحتاجی دەستوتفەنگتم نە شان و عەبا
موحتاجی چنگێ تووتنی خۆشناوم یان بێشەما”
کاریگەری شیعر بەسەر بڕیار وهەڵوێستە سیاسییەکانی
لە مانگی شوباتی 1922 شێخ مەحموود ئەحمەدموختاربەگی جاف دەستگیر دەکات و لە ئەشکەوتی (جەسەنە) لە سوورداش ماوەی چەند ڕۆژێک زیندانیی دەکات.
سەرئەنجام ئەحمەد موختاربەگ بە شیعرێک پاکانەی خۆی بۆ شێخ مەحموود دەدەبڕێت و هەروەها گوێڕایەڵیی و موخڵیسیی خۆشی دووپات دەکاتەوە، کە شیعرەکە دەگاتە دەستی شێخ مەحموود ئیتر فەرمانی لێخۆشبوون و ئازادیی بۆ ئەحمەد موختارجاف دەردەکات.
ئەحمەد موختارجاف دەڵێت:
“سەبا عەرزی خلوصیی و بەندەگیم، هەم دوعا خوانی
ببە بۆ خزمەت شاهی موحیتی گشت سلێمانی
بڵێ قوربانی تۆبم ئەی صلاح الدینی ئەیبوی
بە زۆری پەنجە وەک حەیدەر، بە سیما یوسفی سانی”
کاتێک پیرەمێرد لەدوای 25 ساڵ لە تورکیا دێتەوە بۆ کوردستان و سۆز و خۆشەویستی نیشتمان کەمەنکێشی دەکاتەوە بۆ سلێمانی، لەو سەردەمەشدا حوکمی پاشایی شێخ مەحموود دەبینێت و هەندێ شتی ناڕێک و گەندەڵیی و نەگونجاو پەستی دەکات و بە شیعرێک سەرنجی خۆی دەخاتەڕوو:
“لەگوێم دێ دەنگی لایلایەی وەتن، دایک جگەرسووتاو
ئەڕژێنێ بەسەر وێرانەکەی خوێناوییا خوێناو
ئەلاوێنێتەوە و ئەگری، سەری شنیە لەماتەمدا
شەو و ڕۆژ کۆتەڵی منداڵەکانە وا لەبەردەمدا
ئەڵێ: لەو گەردشەی کوردا، کوڕی چاکم هەبوو کوژران
ئەوەش مابوو هەموو مردن لەبرسا بێ کفن نێژران”
پیرەمێرد
هەندێ کەسی ناحەز ئەم شیعرە دەگەیەننە دەستی شێخ مەحموود و بەمانای خرپ لێکی ئەدەنەوە و زیادەی پێوە دەنێن، هەر ئەو ناحەزانە دێنەوە بۆ لای پیرەمێرد و وای تێئەگەیەنن کە گوایە شێخ مەحموود لە حاجی تۆفیق بەگ تووڕەیە و زۆر پەست بووە و هەڕەشەی کردووە.
ئیتر پیرەمێردیش بۆ ئەوەی دڵی شێخ مەحموود ئاشت بکاتەوە و نەهێڵێت شێخ زویر ببێت، شیعرێکی جوان و پڕمانای بۆ دەنووسێت، هەرچەندە دەڵێن ناوەرۆکی شیعرەکە فارسییە، بەڵام لای ئێمە گرنگە ئەوەیە کە بە شیعرێک دڵسۆزیی خۆی بۆ پاشای کوردستان دەدەبڕێت و دەڵێت:
“ئەبێ بەخشندە مل کەچ کا لە ڕاستی مووچەخۆری خۆی
سووراحی سەر فروودێنێ لەبۆ پیاڵە کە تێکا بۆی
کە ئاو داری لەسەر سەر ڕاگرتووە ئەیزانی چی تیایە
لەلای نەنگە کە پەروەردەی نقومکا گەورەیی وایە”
کاتێک شێخ مەحموود ئەم شیعرەی پیرەمێردی بەدەست دەگات، پێئەکەنێت و ئەڵێت: دەفەرموو من دەرەقەتی بەڵای وا چۆن دێم!
شێخ مەحموود ونزیکی لەخەڵک و شاعیران و ڕۆشنبیران ونامەگۆڕینەوە لەگەڵ دۆست و خەڵکە ئاساییەکە دەرخەری ئەو ڕاستییەن هەرگیز شێخ مەحموود وەک کەسایەتییەکی سیاسی وشک و دوورە پەرێز لە خەڵک نەژیاوە و جیاوزی ئەو لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی ئەمڕۆ ئاسمان و ڕێسمانە. [1]