$جەهلی موقەدەس و عەقڵی دۆگما لەبەرانبەر شوناسی دینیدا!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەمڕۆ گوێم بۆ بەشێکی شەرحی مەسنەوی مەعنەوی مەولانا دەگرت کە لەلایەن دکتۆر عەبدولکەریم سروشەوە هەفتانە سازدەکرێت، لەپەڕاوێزی ئەو شەرحەدا دکتۆر سروش باسێکی لە مەسەلەی کۆمەڵگا و دینداری کرد. ئەو پێی وایە لە کۆمەڵگا دیندارەکاندا سێ ئافەتی دینی زۆر مەترسیدار هەن کە بەردەوام خۆیان دووبارە دەکەنەوە. ئەوانیش یەکەم: بە موقەدەس زانینی مەعریفە و ئەندێشەی دینی، دووەم تەعەسوب و دەمارگیری بۆ عەقیدەیەکی تەقلیدی دینی من ئەمە ناو دەنێم شوناس یا ناسنامەی دینی، سێیەم چاوەڕوانی گشتگیر و شمولی لە دین بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی مرۆڤ.
ئەم سێ ئافەتە ترسناکترین ئافەتەکانی ئەمڕۆی دونیای موسوڵمانان کە بە بۆچوونی هەژارانەی من ئەنجامی سێ ئافەتی زۆر لەخۆیان بنەڕەتیتر و بنچینەییترن کە سەدساڵ بەر لە ئێستا بەدیعوززەمان سەعیدی کورد وەک ترسناکترین سێ نەخۆشی کۆمەڵگا موسوڵمانەکان دەستنیشانی کردبوون، ئەوانیش: هەژاری فەقر و نەزانی جەهل و لێکترازان تەفرەقەن.
بەڵێ کومەڵگای موبتەلا بەم شەش نەخۆشییە سارییانە خۆیان لە پرسیارکردن دەدزنەوە، بۆچی؟ چونکە لێی دەترسن. پرسیارکردن سەرەتای دەرچونە لەو دۆخەی کە تێی کەوتوون، بەڵام ئەمان لێی دەترسن و خەڵکیش لە پرسیارکردن دەترسێنن. ئەوەشی پێ بەجەرگی خۆیدا دەنێت و پرسیارێک دەکات دەیان و سەدان نێو و ناتۆرەی لێ دەنێن، تەکفیر و تەفسیقی دەکەن، لە سادەترین و بێوەیترین حاڵەتیشدا دەیکەنە مونافیقی ئەو دونیا یۆتۆپییەی کە تەنیاو تەنیا لە خەیاڵدانی خۆیاندا بوونی هەیە.
ئەم هۆکارانە وادەکات لە کۆمەڵگا موسوڵمان و موحافیزکارەکاندا پرسیار نەکرێت، کە پرسیاریش نەکرا هەموو ئەو ئافەتانە خۆیان چەند بارە دەکەنەوە، ئیدی دواتر ڕاماڵینی ئەو تەقلید و وەهمەی کە خەڵک پێی ڕاهاتوون زۆر گران و نەکردە و مەحاڵ دەبێت.
لە کۆمەڵگا موسوڵمانەکاندا فەقر توند وایکردووە جەهل حاکمی موتڵەق بێت، جەهلێکی خۆڕسیکش نا بەڵکوو وەهمی هەمان ئەوانەی کە توانایی ئەوەیان پەیدا کردووە هۆشیاری خەڵکەکەیان لە ڕێگای دیاردەیەکی سایکۆلۆژیی وەک گاسڵایتینگەوە ڕام بکەن. گاسڵایتینگ بەمانای چاوشۆڕکردنی بەرانبەرەکە لەبەرانبەر ئەو چاکەوخێرانەی کە پێیان دەکەیت بۆ جێکەوتکردنی مەرام یا بۆچوونێکی تایبەتی و ئایدیۆلۆژی خۆت. دەشێت تۆ بە پارە، زانست، بەخشندەیی، پڕۆژە و دونیایەک شتی دیکە بەرانبەرێکی موحتاجت چاوشۆڕ و گاسڵایت بکەیت تا لەبەرانبەردا خۆبەخۆ پێ بزانیت یان نا ببیتە پارێزەری هەموو شتێکی تۆ، تەنانەت کاتێک گەر بشڵێیت زەوی تەختە ئەو هەر ناتوانیت لە بۆچونەکەی تۆ دەرچیت، دەرچوون بەتاوان دەزایت لە بۆچوونەکەی نەوەک وەک فیترەتی مرۆڤانە و عەقڵیی خۆی بە فلتەرەکانی ڕەخنەسازی و پرسیارکردندا بیانبات. تۆ و بۆچونەکانت بۆ ئەو دەنە کەڵتدینۆچکە و ناتوانێت لێیان لا بدات. گاسڵایتینگی دینی و ئیمانی لەخراپترین جۆری چاشۆڕکردن و هەست بە تاوانکردنن کە ئەمڕۆ لێیەوە دەیان بانگخواز سەرمایەگوزاری مادد و مەعنەوی تێدا دەکەن بۆ تیرۆر کردنی عەقڵی ڕەخنەیی و پرسیارکردن. بم جۆرە لە گاسڵایتینگ دەستکاری ئەودیو نەستی دەستەجەمعی کۆمەڵگا دەکەن.
فەقر جەهل درووستدەکات و دواجار جەهلیش ماڵەکەت لێک دەترازێنێت. لەماڵێکی لێکترازاویشدا هەمیشە موقەدەس لەبری ئەوەی ڕەهەندێکی زاتیی و فەردیی هەبێت ڕەهەندی گشتگیر و دەستەجەمعی لەپێناو ویست و ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتدا بۆ دەتاشرێت، دینداری لەبری ئەوەی خۆی لە گەڕانی بەردەوامدا بدۆزێتەوە، ئیدیعای دۆزینەوە دەکات و تەفسیرێکی تایبەتی خۆی ناودەنێت خودا و واداری تەعەسوب و دەمارگیریی دەکا�%A