ناو: عەبدوڵڵا
نازناو: سەید عەبدوڵڵا
ناوی باوک: محەمەد عەلی
ساڵی لەدایکبوون: 1936
ڕۆژی شەهیدبوون: #26-05-1976#
شوێنی لەدایکبوون: شارۆچکەی #حاجی هۆمەران#
شوێنی شەهیدبوون: چیاکانی سنووری حاجی ئۆمەران
$ژیاننامە$
عەبدوڵڵا محەمەد عەلی ناسراو بە سەید عەبدوڵڵا لە ساڵی 1936 لەدایکبووە، بەهۆى نەبوونى قوتابخانە هاوشێوەی زۆرێک لە هاوتەمەنانی، سەید عەبدوڵڵاش بێ بەشبووە لە خوێندن، بەڵام ئارەزووی ئەو بۆ فێربوون، تەنیا دەرفەتی ئەوەی پێدا کە ببێتە خاوەن خوێندەوارییەکی سەرەتایی و توانای نووسین و خوێندنەوە لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە بەدەستبهێنێت.
لە کوێستانى سنووری حاجی ئۆمەران چاو دەکاتەوە، بژێوی ژیانی لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبینێتەوە، بۆیە ئەویش دەست بە و کەسابەتەوە دەگرێت و، حەزوخولیای بۆ سوارچاکی و نیشانشکێنی، دەیکات بە باشترین ئەسپ سوار و تفەنگچی.
خانەوادەکەیان لە و ماڵباتە کوردپەروەرانە بوونە کە ئەگەر بە چەکیش نەبووبێت بە نان و ئاو خزمەتی پێشمەرگە و دۆزە ڕەواکەیان کردووە، بۆیە لەپاڵ ئەو دیوەخانە گەرمەی کە بۆ پێشوازی لە میوانان لە حاجی ئۆمەران دایان نابوو، باس و خواسی کوردایەتی و ئازادی و سەربەستی کوردستان بەشێک لە گفتوگۆی مەجلیسەکانیان پێکدەهێنا.
$خەباتنامە$
کاتێک پەیوەندییەکانی سەرۆک مستەفا بارزانی و حکومەتی ئێراقی لە ساڵی 1961 تێکدەچێت، لە نیسانی هەمان ساڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی و زۆرێک لە دۆست و هاوسەنگەرانیان کە لەنێویاندا سەید عەبدوڵڵا-ش ئامادەیی هەبووە، خەباتی چەکداریی لە دژی حکومەتی عەبدولکەریم قاسم ڕادەگەیەنن و شاخەکانی ناوچەکە دەکەن بە سەنگەر و جەنگ بەرپادەکەن، لەبەرانبەردا قایمقامی ئەوکاتی شارۆچکەی #ڕواندز# هێزێکی سەیار بەفەرمانداریەتی نەقیب مەحمود دەنێرێتە حاجی ئۆمەران و ماڵی پێشمەرگەکان دەسوتێنن.
ئەو هەڵوێستەی حکومەتی ئێراق هەرچەندە بۆ چاوترساندن و پاشەکشەپێکردنی پێشمەرگە بووە، بەڵام سەید عەبدوڵڵا و هاوسەنگەرانی بڕیاردەدەن تا یەک سەربازی ئێراقی لە ناوچەکەیان ماوە لە بەرگری بەردەوام بن، بۆیە لە و داستان و قارەمانەتیانەی کە بوونە هۆی نەهێشتنی شوێنپێی دوژمنانی کورد وەکوو شەڕەکانی لێدانی قافڵەی سەربازی لە ئۆمەراوە و گرتنی مەخفەری ڕایات، گەرووی بێشێ، شەڕەکانی چیای گۆڕەز و گەلی عەلی بەگ و دۆڵی شەهیدان و شەڕەکانی پشدەر و قەڵادزە، دارە قەسپ و دەیان داستانی تری شۆڕشی ئەیلوول بەشداری دەکات و تا ڕێککەوتنە شومەکەی جەزائیر 1975، ئەوانیش بڕیاری ژیانی ئاوارەیی دەدەن و لە وڵاتی ئێران دەگیرسێنەوە.
دەرەنجامی ئەو گوشارانەی کە حکومەتی ئێراق بە هەماهەنگی حکومەتی ئێران دەیخستە سەر پەنابەرانی کورد، زۆرێک لە خانەوادەکان گەڕانەوە ئێراق و خانەوادەی شەهید عەبدوڵڵا-ش لەنێویان بوون و لە حاجی ئۆمەران نیشتەجێ بوونەوە، بەڵام هەستی شۆڕشگێڕی خانەوادەکەیان و ئەو سیاسەتە توندوتیژەی بەرانبەر شۆڕشگێڕان لەلایەن حکومەتی ئێراق-یەوە دەگیرایە بەر، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی شەوی 28 لەسەر 27ی نیسانی 1976 کە بەسەرپەرشتی هەڤاڵ #مەسعود بارزانی# بەڕێوەچوو و، بڕیاردرا ڕۆژی 26ی ئایاری هەمان ساڵ جاڕی شۆڕش بدرێت، پێشمەرگەکانی کوردستان کە بە قۆناغ و کاتی جیاواز بۆ شوێن و ناوچەی کوردستان گەڕابوونەوە، لە دامەزراوە سەربازیەکانی حکومەتی ئێراقی هاتنە دەست و قولە و ڕەبایە و سەربازگەیەکیان وەکوو شوێنی ئارام بۆ نەهێشتنەوە و بە چەکە سادە و ساکارەکەی خۆیان، کە تەنیا ئیرادە و هێزی ڕۆحی کوردستانیان لە پشت بوو بە دروشمی (کوردستان گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتە) شۆڕشی گوڵانیان هەڵگیرساند.
سەید عەبدوڵڵا و 22 لە هەڤاڵانی پاش بەدەستهێنانی چەند پارچە چەکێک، لە شەوی 24 لەسەر 25ی ئایاری 1976 ناوچە شاخاوییەکانی سنووری حاجی ئۆمەران دەکەنە مۆڵگەی بەرگریکردن، بەڵام چاودێری بەردەوامی فڕۆکەکانی دوژمن ناچاریان دەکەن هەر ساتە و لە شوێنێک بگیرسێنەوە، بۆیە لە بەرەبەیانی ڕۆژی 26ی ئایار لە و دەمەی هەواڵی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانیان پێدەگات، دەکەونە ناو بۆسەی دوژمن و لەگەڵ برینداربوونی دوو لە هەڤاڵانی (سەید عەبدوڵڵا) شەهید دەبێ و لە گردی لاوان لە گۆڕستانی حاجی ئۆمەران بەخاک دەسپێردرێت. [1]