ناونیشانی بابەت: ڕۆمانی (کچی دورگە بچکۆلەکە) و چەند سەرنجێک
ئامادەکردن: #عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی#
کاتێک پێناسەی ئەدەبی منداڵان دەکەین، لەگەڵ ژانری چیرۆک و شیعر و شانۆ و ئۆپەرێتدا، ژانرێکی گرنگی تریش هەیە کە ناوی دەبەین لەگەڵ ژانرەکانی دیکەدا، ئەوانە هەن و هەریەکەیان پانتاییەکیان داگیرکردووە، بەڵام دەتوانین بڵێین ڕۆمان وەک ئەوەی کە مەرجەکانی ڕۆمانی لەخۆ گرتبێت، وەکوو پێویست نیمانە. با ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە ڕۆمانی (گورگ و بزن) و (بۆرە) ی عەزیزی مەلای ڕەش کە یەکەم کەسە ئاوڕی لەو ژانرە داوەتەوە، بەڵام کە دەیخوێنیتەوە باڵی فۆلکلۆر تێیدا زاڵترە وەک لە خەیاڵ، کە ئەو کار و دەستپێشخەرییە جێگەی دەست خۆشییە.
هەروەها (پەیام ئیبراهیم) یش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی (کچی دورگە بچکۆلەکە) دا ئەویش ڕۆمانێکی بڵاوکردەوە بەناوی (نازیلێی مانگ و شازادەی خۆر) . من نازانم ئەگەر بێجگە لەوانە شتی تر نووسرابێت، چونکە ئێمەی نووسەر کە بەرهەمێکمان چاپ دەکەین، بە تیراژێکی کەم چاپی دەکەین، چونکە تێچووەکەی لەسەر گیرفانی خۆمانە، بۆیە وەکوو پێویست بە هەموو لایەک ناگات و زۆر جار وەکوو پێویست بە دەستی هەموو ئەوانە ناگەن کە کار لە بواری منداڵاندا دەکەن بەتایبەتی و نووسەرانی دیکە بە گشتی.
هەروەها چۆن بەرهەمەکانی ئێمە ناگاتە دەست هەموان، بەهەمان شێوە بابەتی ئەوانەش کە بۆ منداڵان دەنووسن ناگات بە ئێمە.
ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم ئەم کارەی کاک ئەمین محەمەد کە جیاوازە و پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەیە و قسەی زۆریشی دەوێت دەربارەی بکرێت.
کاک ئەمین پێشتر شیعری بۆ گەورە دەنووسی و لە پەڕتووکێکدا بەناوی (هەڵوێست) چاپی کردووە و زیاتر لای هاوڕێکانی بە شاعیرێکی بەرگری و نیشتمانیی و ئەوین و خۆشەویستی ناسرابوو، کاتێک دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی شیعری منداڵان، لای هەندێکیان سەیر بوو کە ئەمین بەو شێوەیە بۆ منداڵان دەنووسێت.
ئیتر ئەو شیعرانەی کە دەینووسی وردەوردە لە گۆڤاری پەپوولە و جگەرگۆشەکان و گوڵەکان و خەندەدا بڵاوی دەکردنەوە، دواتر لە نامیلکەیەکدا بەناوی (ماڵی باران) چاپی کرد و بڵاوی کردەوە.
بیرمە چەند دێڕێکم وەک پێشەکییەکی کورت بۆ نووسی کە بەداخەوە تائێستا چەند بەڕێزێک دەربارەی (ماڵی باران) نووسیویانە، بەدێڕێکیش باسیان نەکردووە، چونکە من لەوێدا نووسیومە کاک ئەمین هەوڵی داوە بێ دووبارەبوونەوە و سواوی، شیعر بۆ منداڵان بنووسێت و بە جیاوازتر لەوانەی بۆ منداڵان دەنووسن. دوای ئەوە بەشێوەیەکی ورد و جیاواز شیعر و دواتر بە چیرۆک و وەرگێڕان و ڕەخنە و لێکۆڵینەوە وەک دەنگێکی تایبەت لە بوارەکەدا کاک ئەمین بوونی خۆی زیاتر سەلماند و لەهەمان کاتیشدا هاوکار و یارمەتیدەری زۆر لەو کەسانەش بوو کە بۆ منداڵانیان دەنووسی.
ڕۆمانی (کچی دورگە بچکۆلەکە) کە دوا بەرهەمی کاک ئەمین محەمەدە و وەک یەکەم ئەزموونی خۆی لەو بوارەدا توانی جارێکی تر لە کارێکی ئەدەبی نوێدا دەربکەوێت و بڵێ بەڵێ ئێمەش وەک کورد دەتوانین ڕۆمانی تایبەت بۆ منداڵان بنووسین.
لە ڕاستیدا دەستبردن بۆ ژانری ڕۆمان و بۆ منداڵانیش خۆی لە خۆیدا کارێکی تابڵێی قورسە و لەگەڵ شارەزایی تەواو لە ئەدەبی منداڵاندا بوێریشی دەوێت. من دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە کە بە کارێکی باش و نوێی دەزانم و هیوای بەردەوامیی بۆ دەخوازم، خوازیارم نووسەرانی دیکەش لایەک لەم ژانرە گرنگە بکەنەوە کە ئەمین لە (کچی دورگە بچکۆلەکە) دا کردوێتی. دەتوانم بڵێم کە (کچی دورگە بچکۆلەکە) لە ڕووی داڕشتن و نووسینەوە، کارێکی نوێیە و توانیوێتی لە سنووری کوردستان دەربچێت و لە چوارچێوەیەکی جیهانیدا خۆی نمایش بکات هەروەها:
کارێکە کە خەیاڵ و فەنتازیا سەرتاپای داپۆشیووە و جوانیی زیاتری پێداوە.
دەستپێکێکی تا بڵێی جوانە و دەکرێت ببێتە ڕێنیشاندەر بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ڕۆمان بۆ منداڵان بنووسن.
کۆمەڵێک زانیاری و بەهای گرنگی تێدایە کە بۆ ژیانی منداڵان زیاتر پێویستن.
خەیاڵی منداڵ زیاتر فراوان دەکات و ئاسۆی بیرکردنەوەشیان بەهەمان شێوە.
تەکنیکی چنینی ڕۆمانەکە بە وشە و دێڕی وێنە ئامێز وا لە خوێنەر دەکات کە پەرۆشی خوێندنەوەی بێت.
کارێکی باش و گرنگی تێدا کراوە لەسەر زمان.
ئەگەر ئەم ڕۆمانە بکرێت بە هەر زمانێکی تر، زۆر ئاساییە و دەگونجێت، چونکە نووسەر لەکاتی نووسینیدا بەشێوەیەک نووسیوێتی کە ئەگەر بۆ هەر زمانێک وەرگێڕدرا، ئاسایی بێت، تەنانەت ئەگەر ئێستا بە کوردی ناوی ئەمینی لەسەر نەبێت، خوێنەر وادەزانێت کە لە زمانێکی ترەوە کراوە بە کوردی کە ئەمەش یەکێکە لە سەرکەوتنەکانی نووسەر.
*هەموو بەشەکان بەشێوەیەک تێکهەڵکێشن کە تەواوکەری یەکترن و کات و شوێن وەکوو پێویست کاریان لەسەر کراوە.
*بەڕای من ئەگەر دەرهێنەر یان کەسانێکی شارەزا و بەتوانا کاری لەسەر بکەن بەشێوەی ئەنیمەیشن، فیلمێکی تایبەت بە منداڵانی لێ دەردەچێت، کە سەرنجڕاکێش دەبێت و منداڵ بە پەرۆشەوە تەماشای دەکەن و لەگەڵ زانیارییدا چێژیشی لێوەردەگرن.
*ئەگەر وشەی (مێر) لە مێرمنداڵ بکرێتەوە و تەنیا بنووسرێت (رۆمان بۆ منداڵان) گونجاوتر دەبێت، هەروەها وێنەکانیش هەر گونجاو دەبن، چونکە ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین لە نووسینە وێنە ئامێزەکانی، زیاتر بۆ تەمەنی خوار 14 ساڵی دەبێت. [1]