$بۆچی کازمی دەکرێتە ئامانج؟$
#عارف قوربانی#
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەواڵی بە ئامانجگرتنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئێراق لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوە وە وەک شۆکێک کەوتە نێو میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێراق و جیهانەوە، کە هەڕەشە و تیرۆری ڕێکخراو لە ڕێگەی ئامرازی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووەوە گەیشتە ماڵی سەرۆکوەزیران و لە شیرینی خەودا هەوڵی کوشتنی درا. هەرچەندە کازمی خۆی و منداڵەکانی سەلامەتن و ئەوەی دەگوترێت تەنیا چەند پاسەوانێکی ماڵەکەی برینداربوون، کەمی و زۆریی زیانەکان هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە هەوڵەکە بۆ کوشتنی سەرۆکوەزیران بووە.
گەرچی هێشتا لایەنی بەرپرسیار لە ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکە دەستنیشان نەکراوە، بەڵام لەبەرئەوەی چەند ڕۆژێکە لایەنگران و ئەندامانی #حەشدی شەعبی# بۆ ناڕەزایەتی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان خۆپێشاندانیان ئەنجام دا و چوونەتە ناوچەی سەوزی بەغدا، بەهۆی تووندوتیژی و بەریەککەوتنی خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کە ئەرکیان پاراستنی ناوچەی سەوزە، ژمارەیەک برینداری لێکەوتووەتەوە و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی پەیامی تووندیان بڵاوکردووەتەوە دژ بە سەرۆکوەزیران، بەتایبەتیش پێش ناردنی درۆنەکە بۆ ماڵی کازمی، یەکێک لە دیارترین و تووندڕەوترین سەرکردەکانی حەشد (قەیس خەزعەلی) لەنێو خۆپێشاندەرانەوە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی بریندارەکانی لە مستەفا کازمی کرد، هەروەها لەبەرئەوەی پێشووتریش چەند جارێک گرووپەکانی حەشد بە هەمان شێوە و لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوە وە پەلاماری بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانیان داوە لە ئێراق و #هەولێر#، لەبەرئەوەیش کە جگە لە حەشدی شەعبی هیچ گرووپێکی دیکە ناتوانێت لە و ناوچەیە کردەوەی لە و جۆرە ئەنجام بدات، بۆیە ئەگەر بەشێوەی فەرمیش بەرپرسیاریێتیی ئەم کردەوە تیرۆریستییە نەخرێتە ئەستۆی حەشدی شەعبی، بەڵام هەموو لایەک دەزانن کە حەشد لە پشتی ئەم کارەوەیە. حەشدیش بۆ کارێکی وا کە ئەگەر پلانەکە سەرکەوتوو بووایا، بۆی هەبوو ڕەوشی ئێراق زۆر خراپتر بکات، بێ ئیزنخواستنی ئێران نەیکردووە.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی مستەفا کازمی دەکرێتە ئامانج؟ لە کاتێکدا کازمی هیچ کاتێک مەترسی نەبووە لەسەر گرووپەکانی حەشدی شەعبی و لە سایەی لاوازیی پێگە و دەسەڵاتەکەی کازمیدا گرووپەکانی حەشدی شەعبی هەموو دەسەڵاتێکیان هەبووە، کورد واتەنی (بکوژ و ببڕ خۆیان بوون) . لە سەردەمی کازمیدا زۆرترین بودجە بۆ گرووپەکانی حەشد دیاریکراوە و ئەو چەکدارانەشی پێشووتر فەسڵ کرابوون لەژێر گوشاردا کازمی گەڕاندیانییەوە. لە و ناوچانەی حەشد دەسەڵاتیان هەبووە سەرانە وەرگرتن و دزی و تاڵانی زیاتر نەبووبێت کەمی نەکردووە، تەنانەت هەر بڕیارێکیش کازمی دەریکردبێت کە زەرەری بۆ پەزەکانی حەشد هەبووبێت، یان جێبەجێیان نەکردووە یا لێی پاشگەز بووەتەوە. ئیدی بۆچی حەشدی شەعبی بیانەوێ کازمی تیرۆر بکەن؟
نیگەرانییەکانی ئێستای گرووپەکانی حەشدی شەعبی بەهۆی ئەوەوەیە کە ئەو کارەکتەر و هێزە سیاسییانەی خاوەندارێتیان لە حەشد دەکرد، لە هەڵبژاردن دۆڕاون. ئەگەر ئەو تێڕوانینەی حەشد ڕاست بێت کە هێزگەلێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی لە پشتی (کۆنترۆڵکردنی سیستمی تۆمارکردنی دەنگ و ئەژمارکردنییەوە بوون) بۆ ئەوەی لە ڕێگەی لاوازکردنی ئەو هێزانەوە کە لایەنگری ئێرانن پێگەی ئێران لە ئێراق لاواز بکەن، کازمی چی ڕۆڵێکی هەبووە لەوەی هاوکێشەی هەڵبژاردنەکان بە و جۆرە بگۆڕێت، یان ڕوونتر بڵێم کازمی کەی دژی هەژموون و پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئێران بووە لە ئێراق تاوەکو ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی بدات؟
کەواتە دەتوانرێت چەند گریمانەیەک دابنرێت، کورد واتەنی (بوکێ لەگەڵ تۆمە، خەسوو گوێت لێبێت) یان ئەمە پەیامە بۆ کەسانی دیکە یاخود خستنەڕووی کارتێکە بۆ ئەوەی لە پێکهێنانی حکومەتدا ژمارەی کورسییەکانی هەڵبژاردن نەکرێنە پێوەر و بە ژمارەی کورسی مامەڵە لەگەڵ هێزەکانی وابەستە بە ئێرانەوە نەکرێت. یان ئێران دەیەوێ دۆخی ئێراق تێکبچێت و ماوەیەک تا پڕۆسەی درووستکردنی چەکە ئەتۆمییەکەی تەواو دەبێت جیهان بە ئێراقەوە سەرقاڵ بکات. یانیش وەڵامە بۆ ئەو هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەی کە دەگوترێت لە پشتی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوەن.
ئەگەر پەیامبێت بۆ کەسانی دیکە، بە دڵنیاییەوە خەسووەکە چەند گێلیش بێت لە پەیامەکە تێدەگات و ئێران ئامانجەکەی پێکاوە. ئەگەر هەڕەشەیش بێت تاوەکو هێزەکانی حەشدی شەعبی نەخرێنە پەراوێزەوە، بەدڵنیاییەوە دوای (درۆنەکەی ماڵی کازمی) ئاڕاستەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت دەگۆڕێن و (عامری) بە چەند کورسییەکی کەمەوە یەکێک دەبێت لەلایەنە یەکلاکەرەوەکان، بەڵام ئەگەر هەوڵێک بێت بۆ تێکدانی ڕەوشی ئێراق، سەرنەکەوتنی پلانەکە، کۆتایی ئامانجەکە نابێت و ئێران ڕێگەی دیکەی زۆرە بۆ ئەوەی نەهێڵێت ئێراق سەقامگیربێت. ئەگەر وەڵامی ئەوانەش بێت کە ئێران پێی وایە لەنێو ئێراق پیلانیان لە دەستوپەنجەی گێڕاوە، بەم کارە دەستی ئێران لە ئێراق بەهێزتر دەبێت.
بۆیە ئەگەر ئەوە ڕاستبێت کە نەیارەکانی ئێران لەدەرەوە و لە ناوەوەی ئێراق ئەم سیستمە و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنیان بۆ ئەوە قۆستووەتەوە کە سنوورێک بۆ هەژموونی ئێران دابنرێت. پێویستە ئەوە بزانن کە تازە بۆ ئەم کارە زۆر درەنگە. لەنێو ئێراقەوە ناتوانرێت پێگە و هەژموونی تاران لەسەر بەغدا کاڵ بکرێتەوە. دەبێت ستراتیجەکە بگۆڕدرێت بۆ سەرقاڵکردنی ئێران لەنێو وڵاتەکەی خۆیدا تا نەپەرژێتە سەر ئێراق، بۆ ئەمەش پێویستە ئەو سیاسەتە بەردەوامەی ئێران لەبەرچاو بگیرێت کە هەمیشە قەیرانەکانی نێو وڵاتەکەی فڕێدەداتە دەرەوە. کەواتە دەبێت سەرقاڵکردنەکە بە جۆرێک بێت ئێران فریای فڕێدانە دەرەوەی نەکەوێت، کە ئەمەش لە ئێستادا لە توانای نەیارەکانی ئێراندا نییە. بۆیە لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەم خولەیش ئێران نەیدۆڕان، سەرباری گۆڕینی پێگە و هاوکێشەی هێزەکان، بەڵام هەر تاران حوکمی بەغدا دەگرێتەوە دەست. [1]