$#کەرکووک# دوای 18 ساڵ لە ڕزگارکردنی$
#عارف قوربانی#
ئەمڕۆژانە یادی تێپەڕبوونی هەژدە ساڵەی گەڕانەوەی کوردە بۆ کەرکووک، گەڕانەوەیەک کە هاتنەدی خەون و خۆزگەی هەزارانی ئەو کەرکووکییە قوربانیانە بوو کە لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا سەریان نایەوە و جارێکی دیکە کەرکووکیان نەبینیەوە. گەڕانەوەی ئەو بەزۆر دەرکراوانە بوو کە ماڵ و حاڵیان بەبەرچاویانەوە درابووە عەرەبێکی داگیرکەر. خەونی ئەو گەنجە کەرکووکیانە بوو کە لە مەعەسکەر خالید و باروتخانە و لە فەیلەق شەهید بوون و نەیانزانی دوای ئەوان کەرکووک چی بەسەرهات. خەونی ئەو لاوە خێر لەخۆنەدیوانەی کەرکووک بوو کە بە هەستێکی پاک و دڵێکی بێگەردەوە لە دوای ڕاپەڕینی 1991 هاتبوون ببوونە پێشمەرگەی پارتی و یەکێتیی و زۆرێکیان لەسەر کەپکی حەمەد ئاغا و لەسەر کڵاوقاسم و گامێشتەپە و شنروێ بە دەستی براکانیان خوێنیان ڕژاو ئەو ڕۆژەیان نەبینی کە کورد بەئازادی گەڕایەوە بۆ کەرکووک.
ڕۆژێک بوو کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لەسەر هەر بستەخاکێکی ئەم جیهانە بووبێت وەک ڕۆژی ڕزگاریی نیشتمان وێنای دەکرد و هەواڵی ڕزگارکردنی کەرکووک دڵ و دەروونی ئاوەدانکردنەوە. لەو ساتەشەوە بۆ ئێستا هەزاران عاشقی کەرکووک ماڵاواییان لە ژیان کرد، چی ئەوانەی ڕۆژانە لە کەرکووک دەبوونە قوربانی کردەوە تیرۆرستییەکان و ئەوانەی لە شەڕی دژ بە #داعش# گیانیان بەخشی و هەموو ئەوانەشی بە ڕێگەی جۆراوجۆر کۆچیان کرد. ئایا ئەگەر ئێستا هەموو ئەوانە زیندوو بکرێنەوە و تەماشای کەرکووک بکەن کە دوای ئەو هەموو خوێن و قوربانی و ئەو هەموو دەرفەتەی بۆ کەرکووک هەڵکەوت، ئەو شارە لەسەر سینییەکی زێڕ پێشکەش بە ئاخوندەکانی حەشدی شەعبی کرا، دەبێت چی بڵێن؟
شارێک بە نزیکەی سێ چارەکە سەدە جەوهەری مەسەلەی میللەتێک بووبێت، دەیان هەزار گەنجی لەپێناودا بەکوشت درابێت، بەهۆی دەستبەردارنەبوون لێی میللەتێک چەندینجار ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی و جینۆساید کرابێتەوە، کە دەرفەتی ئەوەی بۆ درووست دەبێت بەئازادی بگەڕێتەوە بۆی و وەک عاشقێک بۆ مەعشوقەکەی باوەش بکاتەوە و بکەوێتە ئامێزی، کەچی کورد دەستی کرد بەتاڵانی و دزی لە دام و دەزگە و کارگە و کارخانەکان و تەنانەت دووکان و ماڵەکانیش کەوتنە بەر تاڵانی.
ئەمڕۆ یادی ئەو دەستپێکە خراپە دەکەینەوە کە کەرکووکمان کەوتە دەست و ئێمە چیمان لێی کرد. ئەم شارە و ئەم ناسنامەیەی کێشە و مافی ڕەوای میللەتێکمان خستە دەستی ئەوانەوە کە بە تاڵانکردن و دەستدرێژیی دەرگای کەرکووکیان کردەوە و بە و گیانی خۆپەرستی و هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتییەوە ئیدارەی ئەو شارەماندا، بۆیە چارەنووسی بەم ڕۆژە گەیشتەوە کە پەتی تەعریب ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر لە گەردنی تووند دەکرێت.
ئایا هەر بەڕاستی کەس کەرکووکی لە بیر ماوە؟ ئەو هەموو پڕوپاگەندانەی لە ڕابردوودا بەناوی کەرکووک و بۆ کەرکووک دەکران، چییان بەسەرهات؟ ئەی ئێستا ئەو دۆخەی بەسەر کەرکووکدا سەپێنراوە و کورد بێهەڵوێست و بێدەربەستانە لە بەردەمی چۆکی داداوە، کەرکووک بەرەو کوێ دەبات؟ کاتی ئەوە نەهاتووە ئەم میللەتە ڕابچڵەکێت و پرسیار بکات؟ یان وەک هەمیشە کە سبەی هەڵبژاردن هاتەپێشەوە حیزبەکان دەکەونەوە پڕوپاگەندە و گوتنەوەی درووشمی بریقەدار بۆ کەرکووک و جۆش و خرۆش دەخەنەوە ناو خەڵکی. ئەمەی کورد دەیکات لە یاریی منداڵانیش ناچێت. تەماشا بکەن پارتی و یەکێتی چییان بەیەکدی نەکرد لەسەر دانان و ڕێگریی پارێزگارێک بۆ کەرکووک، خەریک بوو کوردستان بگەیەننەوە لێواری شەڕی ناوخۆ لەسەر ئەوەی هەر دەبێ کاک فڵان بکرێتە پارێزگاری کەرکووک و نابێ و ناکرێ ئەو کاک فڵانە لەسەر کورسی پارێزگا دانیشێت. ئەو کات دانانی پارێزگار دەبوو لە ڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە دابنرێت، ئەنجوومەنێک کوردەکانی ناوی ببوون بە سێ چوار بەشەوە، تورکمان و عەرەبیش چووبوونە سەر کەلی شەیتان و بە هیچ شێوەیەک بە کوردێک ڕازی نەدەبوون، کەچی دوو حیزبە سەرەکییەکەی کوردستان تا ئاستی خاینی نیشتمانی یەکدییان لەسەر ئەو پۆستە تۆمەتبار دەکرد.
کاتێک ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەن پەڕڵەمانی ئێراقەوە هەڵوەشێنرانەوە و دانانی پارێزگار بۆ کەرکووک ڕێگەکەی ئاسان بووەوە، بە فەرمانێک دەتوانرا لە بەغداوە کەسێک بکرێتە پارێزگاری کەرکووک. تەماشا بکەن ئەو کاتەی نەیاندەتوانی کوردێک بکەن بە پارێزگار چییان دەکرد، بەڵام لەو کاتەوە کە ڕێگەکە ئاسان بووە، کێ باسی دانانی پارێزگارێکی کورد دەکات.
لەکاتێکدا لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئەو پۆستە بە چۆڵی ماوەتەوە و عەرەبێکی تەعریبچی بە وەکالەت بەڕێوەی دەبات. زیاتر لە دوو ساڵە کورد دەتوانێ بە فەرمانێک لە بەغداوە پارێزگارێک دابمەزرێنێت، لەم دوو ساڵەدا هەزاران هێزانی عەرەب لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریبی نوێدا هێنراونەتە کەرکووک، سەتان جووتیاری کورد زەوی و زاریان داگیرکراوە، دەیان کورد کە بەڕێوەبەر و بەرپرسی فەرمانگەکانی کەرکووک بوون لە پۆستەکانیان لادراون و عەرەب خراوەتە شوێنیان، کورد دەیتوانی بە دانانی کوردێکی باش بۆ پارێزگاری شارەکە ڕێگەی لە هەموو ئەو ستەم و زوڵمانە بگرتایە و نەیکردووە.
لە و کاتەوە خۆپێشاندان لە پارێزگاکانی ئێراق دەستیان پێکردووە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە چەندین پارێزگار لە پارێزگاکانی ئێراق لادراون و پارێزگاری تازە خراونەتە شوێنیان. ئایا جێی هەڵوەستە و پرسیار نییە کورد داوای ئەو پۆستەی ناکاتەوە؟ بەتایبەت دەبێت ئەم پرسیارە ئاڕاستەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بکرێت، چونکە یەکەم پۆستەکە ئیستحقاقی یەکێتییە، دووەم یەکێتیی زۆر مکوڕ بوو لەسەر دانانی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی بە پارێزگار و بە و هۆیەوە خەریک بوو دۆخی کوردستان لەگەڵ پارتی بگەیەنێتە مریشکە ڕەشە. ئێستا ئەو پۆستە بەئاسانی دەتوانرێت لەلایەن سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانەوە پڕبکرێتەوە و هەمان ئەو کارەکتەرەی یەکێتی شەڕی بوو لەسەری، بکرێتە پارێزگار، ئەی بۆ نایکەن؟
گرووپی کەرکووکییەکانی ناو سەرکردایەتیی یەکێتی لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی کوردستان و پێکهێنانی پەڕڵەمان و حکومەت لە هەرێمی کوردستان، کردبوویان بە مەرج بەسەر یەکێتییەوە کە بەشداریی یەکێتی لە حکومەت و درووستکردنی سەرۆکایەتیی دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە بە دانانی پارێزگاری کەرکووکەوە، ئایا ئێستا سەیر نییە لەوەی کە دانانی پۆستی پارێزگار لە دەستی خۆیانە و داینانێن و بە بەرچاویانەوە وەکیلە تەعریبچییەکە ڕۆژانە عەرەب دەهێنێتە سەر کەرکووک.
ئەم ڕاستییانە چیمان پێدەڵێن، یا ئەوەتا کەرکووکیان وەک کارتێک بۆ وروژاندنی هەست و سۆزی خەڵکی و کولاندنەوەی برینی نەتەوەیی پێویستە. کە مانەوەی ئەم دۆخەی ئەو ستەمی لەسەری هەیە هەمیشە خزمەت بە بەکاربردنی دەکات وەک کارتێکی کاریگەر. یا ئەوەتا کەرکووکیان بۆ دزی و تاڵانی نەوتەکەی دەوێت، کە ئێستا لە سایەی ئەو دۆخە تایبەتەی کەرکووک کە بووەتە سەرچاوەی پارەدارکردنی دەیان گرووپی میلیشیای حەشدی شەعبی، ئەمانەش بە و بەشە ڕازین کە لەو دۆشینەی کەرکووک بەریان دەکەوێت؟
بڕیار وایە شەش مانگی دیکە هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی ئێراق بەڕێوەبچێت، بە چی ڕوویەکەوە بە خەڵکی کەرکووک دەڵێن بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگمان بدەنێ. پێویستە کوردی کەرکووکیش بخرێتە بەردەم ئەو پرسیار و بەرپرسیارێتییەوە کە بیر لە خۆی دەکاتەوە یاخود وەک چۆلەکەیەک بەئاسانی بەدەستیانەوە دەکەوێتەوە هەلەکە سەما. [1]