ناونیشانی بابەت: با تەبابین لەپێناو خاک و نەوەی داھاتوومان
ئامادەکردن: بەختیار وەیس
ئەڵێن مێژوو فاکتەرێکی گرنگی ڕێکخەری ڕیزەکانی گەلە. گەر ئەم دەستەواژەیە بۆ گەلان و قەوارەکانی تری دونیا ڕاست بێت، ئەوا بۆ ئێمەی کورد، بە درێژایی مێژووی کۆن و نوێ، جگە لە پەرتەوازەیی و پەرتبوون و دوو بەرەکی، مانایەک و بوارێک و ساتێکی بۆ ئاشتی و تەبایی و یەکگرتوویی و یەکبوونی تێدا بەرچاو ناکەوێت.بە چاوخشاندنەوەیەکی خێرا بە مێژووی پێنج سەدە لەمەوبەر و بەتایبەتی بۆ سەرەتاکانی سەدەی شازدەهەم و ڕوودانی شەڕی چاڵدێران لە ساڵی 1514 زاییندا لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆریەتی فارسی شیعە مەزهەب و عوسمانی سوننە مەزهەب، کورد بەسەر دوو بەرەی جیاواز و لە دوو دابەشبوونی جوگرافی جیاواز و دژ بەیەکتردا دابەشبوون!ئەم دابەشبوون و دابڕانە جوگرافی و مێژووییەی کورد کاریگەریی گەورەی خراپی لەسەر داهاتووی کورد جێهێشتووە و تا ئێستاش ئەو کاریگەریە لەسەر تەواوی ستراکتۆری نەتەوەیی کورد ماوە.ئەگەر مێژوو بۆ گەلانی دونیا هۆکارێکی گرنگ و ڕێکخەر و یەکگرتن و یەکێتی ڕیزەکانی گەل بووبێ، لە بەد بەختی کورد ئەم چەمکە بە دیوە گونجاو و ڕێکارە مێژووییەکەی خۆیدا بۆ ئێمە ڕاست وەرنەگەڕاوە و مێژووی ئەم چەند سەدەیە تا ئەمڕۆش هەمان دوو بەرەکی و کێشمە کێشمی زیانبەخش و ململانێ و خۆخۆریە و هەمان دابەشبوونی مێژوویی و جوگرافی و دونیابینی و دوو بەرەیی لەنێو سەرکردایەتی و فەرمانبەدەستانی کورد هەر هەیە.کورد نەک هەر دوژمنەکانی لێی دوور نین؛ بەڵکوو لەگەڵی دەژین. هەمیشە لە هێرش و پەلاماری بەردەوامدان و پەرتبوونی سیاسی و تۆخبوونەوەی هێڵی جیاکاری جوگرافی ، جیاکاری و جیاوازی بەرهەم هێناوە و بواری ترازان و دوورکەوتنەوەی فراوانتر و گەورەتر کردووە. هەر بۆیە ئەم پەرتەوازەیی و داخرانە ڕەنگدانەوەی نەرێنی و خراپی لە هەموو بوارەکانی تری فکری و سیاسی و بۆچوون و نەبوونی یەکگرتوویی هەڵوێست لە کرداردا لێکەوتۆتەوە و نەک هەر ئاساییشی نیشتمانی و نەتەوەیی؛ بەڵکوو خودی جەستەی نیشتمان و سەراپای نەتەوەی تووشی مەترسی و لێواری مەرگ کردۆتەوە.لەمانەوە، پێویستە هەموومان بەرژەوەندی خۆمان و حزبەکانمان بەلاوە بنێین، لەخۆبردووانە لە بەرژوەندی تەسک ببوورین و تەنیا هەر هەوڵی یەکڕیزی نەتەوەیی و بەهێزکردنی هەستی نەتەوایەتی بدەین. پێویستە لەم هەوڵەدا جەخت لەسەر گەنجەکانمان بکەینەوە چونکە هێزمان لە تەبایی و یەکبوونماندایە. ئێستاش کاریزمایەکی وەکوو جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بە لەخۆبردنەوە لە هەوڵ و کۆششدایە بۆ یەکڕیزی و یەکێتی و تەبایی کورد. [1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 355 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!