$سەردانەکەی ماکرۆن: هەوڵێک بۆ هەستاندنەوەی ئێراق$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#02-09-2020#
لەو چەند مانگەی کە مستەفا کازمی سەرۆکایەتیی حکومەتی ئێراقی گرتووەتە دەست، جۆرێک لە کۆدەنگیی نێودەوڵەتی لەسەر درووستبووە، بەتایبەت لەسەر ئاستی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبییش، کە لەوانەیە کازمی ئەو کەسە بێت کە بتوانێت ئێراق بخاتەوە سەرپێ، لە هەمان کاتیشدا بتوانێت سنوورێک بۆ پەلهاویشتنەکانی ئێران دابنێت لە ناوچەکە.
سەردانەکەی ماکرۆن هەر دوو هەفتە پاش سەردانەکەی کازمی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێت، کە گرنگییەکی تایبەتی لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە پێدرا. مستەفا کازمی پێچەوانەی سەرۆکوەزیرەکانی دیکەی ئێراق ماندووبوونێکی وای بۆ درووستکردنی ئەو متمانە زۆرەی ئەمریکا و ئەوروپا نەکێشا، بەڵام پێدەچێت ئەو متمانەیە لە بنەڕەتدا بگەڕێتەوە بۆ ئەو جیاوازییەی کە کازمی هەیەتی لەگەڵ سەرۆکوەزیرەکانی دیکەی پێش خۆی، ئەویش ئەوەیە کە کازمی سەر بە نوخبەی پارتە شیعییە کلاسیکییەکان نییە، وەکوو پارتی دەعوە و ئەنجوومەنی باڵا و سەرکردە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەی ئێراق کە لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە دەکران، بۆیە دەتوانین بڵێین کازمی سەر بە نوخبەی سێکیولارە کە پێشتر ئاسان نەبوو لەناو ماڵی شیعەکان کەسێکی وا بگاتە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران. تاوەکوو ئەو ئاستەی بەشێک لە سەرکردە شیعەکانی وەکوو (عزەت شابەندەر) وای دەبینن کە عادل عەبدولمەهدی دوایین سەرۆکوەزیرانی شیعەیە لە ئێراقدا.
سەردانەکەی سەرۆک ماکرۆن بۆ ئێراق لە ڕاستیدا دەچێتە خانەی ئەو هەڵمەتەی کە ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی و کەنداویش پێی هەڵساون، بۆ گەڕاندنەوەی ئێراق بۆ ناو بازنەی نزیکایەتی لە وڵاتانی کەنداو و دۆستانی ئەمریکا. لەدوای 2011 فەرەنسا ڕۆڵێکی جەمسەریی بینیوە لە دەستخستنە ناو سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەتایبەت لە لیبیا، سووریا، ئێراق و لوبنان. لە شەڕی دژەتیرۆریش فەرەنسا لەپاڵ ئەمریکییەکاندا ئامادەییەکی بەهێزی لە ناوچەکەدا هەیە، ئەمەش دەکرێت بۆ ئەو کەلێنە بگەڕێتەوە کە سیاسەتەکانی ترەمپ لە ناوچەکەدا جێی هێشتووە. بەڵام دیوە بەهێزەکەی هاتنی ماکرۆن بۆ بەغدا لە بنەڕەتدا پاڵپشتیکردنە لە هەوڵەکانی کازمی، یان وەکوو ماکرۆن دەڵێت: بۆ پشتگیریکردنە لە سەروەریی ئێراق بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین سەردانەکەی ماکرۆن و پشتگیرییەکانی ئەمریکاش لە ڕاستیدا بەشێکن لە سنووردارکردنی ڕۆڵی هێزە هەرێمییەکانی وەکوو تورکیا و ئێران، نەک تەنیا لە ئێراق، بەڵکوو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیادا؛ چونکە لەدوای ساڵی 2011 بەشێکی زۆری ئەو ڕژێمانەی کە لە ناوچەکەدا دووچاری ڕووخان بوون، دۆستی ئەمریکا بوون. ئەمەش وایکرد دەستی وڵاتانی وەکوو تورکیا و ئێران لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە درێژتر بێت، تاوەکوو ئاستێک تورکیا و ئێران خەریکە دەبنە لەمپەڕی بەهێز لە بەردەم هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو ئەمریکا و فەرەنسا و ڕووسیا و... هتد.
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هەر زوو دەرکی بە مەترسیی ئەو باڵادەستییەی هێزە هەرێمییەکانی وەکوو تورکیا و ئێران کردووە، بۆیە لەکاتی بڕیاردانی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری سووریاش (رۆژاڤای کوردستان) سەرۆک ماکرۆن ڕۆڵێکی بەهێزی بینی لە پەشیمانکردنەوەی ترەمپ و جەختی لەوە کردەوە کە کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا خراپ لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا دەکەوێت. بۆیە نادڵنیایی سیاسەتەکانی ترەمپ لە گرنگیدان بە ئێراق و سووریا و لیبیا، دەرفەتێکی باشی بۆ فەرەنسا ڕەخساندووە، کە ئەو کەلێنەی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا پڕبکاتەوە.
نەهاتنی ماکرۆن بۆ #هەولێر# لەوانەیە پێشینەیەکی باش نەبێت بۆ پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان. هەرچەندە فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە پێشینە و متمانەیەکی زۆری لای کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی هەیە.
فەرەنسا هەمیشە لەکاتی پێویستدا پاڵپشتیی لە هەرێمی کوردستان کردووە، نموونەی گەمارۆدانی ئێراق و وڵاتانی هەرێمی لە دژی هەرێمی کوردستان لەکاتی ڕیفراندۆم باشترین نموونەیە بۆ پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان لەکاتی تەنگانەدا کە سەرمایەیەکی سیاسی و دیپلۆماسیی گەورەبوو. سەردانی ئەمجارەی ماکرۆن بە پێچەوانەی سەردانی زۆر لە سەرکردەکان کە تاوەکوو ئێستا وەکوو نەریتێکی لێهاتبوو کە سەردانی بەغدایان دەکرد، گەر بۆ چەند کاژێرێکی کەمیش بێت دەبوایە سەرێکیش لە هەولێر بدەن، بەڵام سەردانی ئەمجارەی ماکرۆن بە بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا ڕێوڕەسمێکی تاڕاددەیەک نامۆ بوو بۆ پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان، کە هیوادارم نەبێتە پێشینەیەک بۆ ئەتەکێتی دیپلۆماسیی وڵاتانی دیکەی جیهانیش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان. هەرچەندە لە پرۆتۆکۆڵی دیدارەکەی ماکرۆن ئەم پرسەیان بۆ کەمیی کاتی سەردانەکەی جەنابیان بۆ ئێراق گەڕاندووەتەوە، کە تەنیا چوار کاژێر بووە، بەڵام هەندێکجار ئەو شتانەی بچووکن لە سیاسەت، لێکەوتەی گەورەیان لێدەکەوێتەوە. هەرچەندە سەرۆک ماکرۆن ئەوەندە دەهێنێت کە هەرێمی کوردستان بۆ دیداری بچێتە بەغدا، بەڵام هیوادارم ئەم هەنگاوە لەمەودوا وەکوو پێشینە و ئەتەکێتێکی دیپلۆماسی لەسەر هەرێمی کوردستانی حساب نەکرێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەردانەکەی ماکرۆن هەوڵێکە بۆ زیاتر نزیککردنەوەی بەغدا و هەولێر لەیەکدی. ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم لە بەغدا ئەو پەیامەش بە کازمی دەگەیێنێت کە ڕێگەی هەستاندنەوەی بەغدا و پاڵپشتیکردنی نێودەوڵەتیی بۆ مستەفا کازمی بە مانای پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان نایەت. بە پێچەوانەوە کازمی دەتوانێت کەڵک لەپاڵپشتیی کورد لە پەڕڵەمان وەربگرێت، لە ئەگەری پشتکردنی شیعەکان لە هەوڵەکانی، کە ئەگەرێکی دوور نییە. [1]