ناونیشانی بابەت: تۆپە دەگمەن و نەوازەکەی کوڕە تاقانەکەی وەستا ڕەجەب
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
لەسەردەمی #میرنشینی سۆران#، بەسەرپەرشتیی وەستا ڕەجەب لە شاری ڕواندز، زیاتر لە 222 دانە تۆپ درووست کراون، یەکێک لەوانەش تۆپە مۆزییەکەی مستەفا کوڕی وەستا ڕەجەب ناسراو بووە، کە تایبەت بۆ کوڕە تاقانەکەی درووستی کرد بووە.
جەواد ساڵح نەورۆز، نووسەر و لێکۆڵەر لە پەرتووکی (وەستا ڕەجەب .. چاکسازی بلیمەت) ، لەبارەی تۆپە مۆزییەکەی مستەفا کوڕی وەستا ڕەجەب نووسیویەتی: ”وەستا ڕەجەب تەنیا کوڕێکی بەناوی مستەفا هەبووە، گوایە بەناوی میر مستەفای باوکی میری گەورەی کردووە و لە خۆشەویستیی ئەوەوە ناوی ناوە، لەبەر ئەوەی کوڕەکەی تاقانە بووە، وەستا ڕەجەب زۆرتر خۆشی ویستووە و تۆپێکی نەوازەی (مۆزە- تحفە) ی تایبەتی بۆی درووست کردبوو، کە لەسەر ڕەوڕەوە، واتە گالیسکەیەک هاتوچۆی پێ دەکرد، هەرچەندە تۆپەکە قەبارەی بچووک بووە، تەنانەت لە هەرە بچووکەکەی تۆپەکانی دیکە، دوو قەنتارە بچووکتر بووە، بەڵام تۆپێکی بەدیمەن زۆر جوان و پێش چاو بووە، شتێکی دەگمەن و دانسقە و ساف و لووس و بریقەدار بووە، بەتایبەتی لەبەر تیشکی خۆر بریسکەی داوە، چەند نووسین و نەخشە و نیگاری ڕازاوەی لەسەر بووە، دەسکێکی لەلای تەنیشتی ڕاستی هەبووە، کە بەهۆیەوە، هەر لەسەر ڕەوڕەوەکەوە، تۆپەکەی بەپێی پێویست بەرز و نزم دەکردەوە.“
نووسەر دەشڵێت: ”نابێت ئەو تۆپە تەنیا بۆ جوانی بووبێت، بەڵکوو بۆ تەقاندن و گوللە هاوێشتنیش شیاو بووە، باوکم و مامەکانم، کە دەبنە کوڕانی حاجی نەورۆزی مستەفا ڕەجەب، تۆپەکەی مستەفایان نەدیبوو، بەڵام خودی حاجی نەورۆز ئەفەندی و مستەفای باوکی تۆپەکەیان بینیبوو، کەچی ئێمە نازانین تۆپەکە چی لێ بەسەر هاتووە و کێ بردوویەتی و کام داگیرکار تاڵانی کردووە؟ چارەنووسەکەی بزرە، بەڵام گالیسکەی تۆپەکە تا درەنگ مابوو، ئەوسا مستەفا لە هەڕەتی گەنجێتی دابوو، پاسەوانێکی تایبەتی بەچەکەوە لەگەڵ داندرابوو، بۆچاودێریکردن و بەکارهێنانی تۆپەکە بۆ تەقاندن، چونکە ئەوکات لە سەرتاسەری میرنشینی سۆراندا، تەقەکردن بەهەموو شێوەیەک قەدەغە بووە، ئەویش لەبەر ئەوەی بارودۆخێکی بەردەوامی سەربازی باڵی بەسەر میرنشینەکەدا کێشابوو، بەمپێیە، تەقەی هەر چەکێکی بچووک یان قوورس، ئەودەمە ڕەنگە مەترسییەکی گەورەی درووست کردبا، چونکە سوپای میرنشینەکە، بەردەوام لە دۆخی ئامادەباشی دابووە، بەداخەوە ئەم تۆپەش بە دەردی زۆربەی تۆپەکانی دیکە چووە و بێ سەر و شوێنە.“
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، تۆپەکانی وەستا ڕەجەب لە سەردەمی میر محەمەد میرنشینی سۆران، کە پایتەختەکەی ڕواندز بووە، لە ساڵی 1813-1837 زایینی لە ڕواندز درووست کراون، سەردەمی خۆی لە کارخانەی وەستا ڕەجەب لە شاری ڕواندز، زیاتر لە 222 دانە تۆپ درووست کراون، ئێستا یەکێک لەم تۆپانە لەناو شاری ڕواندز پارێزراوە و لە سەکۆ و باخچەیەکی تایبەت دانراوە، ئەوانی دیکەش یەکێکیان لە مۆزەخانەی بەغدا پارێزراوە و هەندێکیشیان لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستانن، زۆربەی تۆپەکانیش تا ئێستا بێ سەر و شوێنن و دیار نەماون، یەکێک لەوانەش تۆپە مۆزییەکەی مستەفا کوڕی وەستا ڕەجەبە.
لە کاتی لەشکرکێشیی عوسمانییەکان بۆ سەر ڕواندز، خەڵکی ناوچەکە بەشێک لە تۆپەکانی سەردەمی میرنشینی سۆران هەڵدەدەنە ناو ڕووباری کاولۆکان، بۆ ئەوەی نەکەونە دەست سوپای عوسمانییەکان، دوابەدوای هاتنی سەید تەهای شەمزینی لە ساڵی 1923، وەک یەکەم قایمقامی شارۆچکەی ڕواندز، هەوڵی داوە تۆپەکان بدۆزێتەوە، لە ساڵی 1926 دەست دەکات بە سۆراغی ئەو تۆپانە، لێژنەیەک پێکدەهێنێ و کۆمەڵێک مەلەوانی بەتوانا ڕادەسپێرێ بۆ دۆزینەوەی ئەو تۆپانە، کە لەژێر پردی کاولۆکان لە ڕواندز دیاری دەکەن بۆ دەرهێنانی، دوای هەوڵ و گەڕانێکی زۆر، دەتوانن سێ تۆپ لە چۆمی ڕواندز بدۆزنەوە، پاشان بە فەرمانی سەید تەها قایمقامی ئەوکاتی ڕواندز، تۆپەکان دەگوازرێنەوە بۆ گەڕەکی قەڵا و لەپێش دەرگای سەرا دادەنرێن، وەک ڕەمزی میرنشینی سۆران.
$سەرچاوە: $
- پەرتووکی (وەستا ڕەجەب.. چاکسازی بلیمەت) ، جەواد ساڵح نەورۆز، چاپ و بڵاوکراوەی 2018، لاپەڕە (141-142) .
- پەرتووکى مێژوو و بیرەوەرییەکانی ڕواندز، نووسینى ساڵح محەمەد ساڵح، ژمارەی سپاردن (438) ساڵى 2018.[1]