وەزارەتی ناوخۆی ئێراق لەبارەی مامەڵەکردن بە دۆلار هۆشداری توند دەدات و دەڵێت: دەبێت دراوی بیانی لە مامەڵەی بازاڕە ناوخۆییەکان دووربخرێتەوە و تەنیا بە دیناری ئێراقی مامەڵە بکرێت.
خالید میحنا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێراق ڕایگەیاند: ڕێنمایی حکومەت هەیە کە دەبێت دراوی بیانی لە مامەڵەی بازاڕە ناوخۆییەکان دووربخرێتەوە و تەنیا بە دیناری ئێراقی مامەڵە و کڕین و فرۆشتن بکرێت.
ئاماژەی بە ئەوەش کردووە تەنیا ئەوانە دۆلاریان پێویستە کە هاوردەکاری سەرەکین، لە ناو بازاڕی ناوخۆدا پێویست ناکات کڕین و فرۆشتن بە دۆلار یان هەر دراوێکی تری بیانی بکرێت.
وەزیری ناوخۆی ئێراق دەڵێت: وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوون دەکات و هەر کەسێک پابەندی ئەم ڕێنماییە نەبێت تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت. [1]