سێ بەگاییە
لە کەلتووری کوردەواریدا بۆ هاوسەرگیری کچان و کوڕان زۆر شێواز و ڕێچکە گیراونەتە بەر وەکوو: ژن بەژنە و گەورە بە گچکە و بنپشک و سێ بەگایی و حەوت بەگایی و بەرخوێن و بەماڵ و پێشکەش و ..تاد، سێ بەگایی جۆرێکە کەتێیدا سێ کچ بەمێرد دەدرێن و سێ کوڕیش ژنی دەهێنن، بەڵام وەکوو گەورە بەگچکە و بن پشک و ژن بەژنە نییە، بەڵکوو بەو شێوەیەیە:
ئازاد حەز دەکات خوشکی (شاکێو) بخوازێت، شاکێویش حەز دەکات خوشکی (ئاسۆ) ی بخوازێت، ئاسۆش دەیەوێت خوشکی ئازادی بخوازێت، کە هەموو لایەک ڕێک کەوتن هەر کەسە و داخوازی خۆی پێ درا بەوە دەوترێت: سێ بەگایی، ئەو زاراوەش بە بۆچوونی خۆم لە بەگا هاتنی مێنگین-چێڵ-مانگا هاتووە، ئەو داب و نەریتەی ژنهێنانە کارێکی ناڕەوا بووە بەرانبەر کچان و کوڕان کراوە، زۆریشی ویستووە تا قەناعەت و ڕەزامەندی هەموو لایەک وەرگیراوە، ئەوە بووە بە ئیدیۆم و بەکارێکی قوورس دەوترێت: ئەو کارە سێ بەگاییە بەمن ناکرێت.[1]