ناونیشانی بابەت: ئەرکی ڕاگەیاندن لە کاتی قەیراندا
ئامادەکردن: #فەرەیدون دڵشاد عوسمان#
“پێشەکی”
گومان لەوەدا نییە ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گەورەى لەرووبەرووبوونەوەى قەیران و کارەساتەکان هەیە، هەوڵى میدیایی زۆر چالاکانە بەشدار دەبێ لە سوککردنەوەى قەیرانەکان لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى ڕاستییەکان و ڕێگرى لە بڵاوبوونەوەى پڕوپاگەندەى مەبەستدار کە دەبێتە هۆى خراپترکردنى دۆخەکە، قەیران دۆخێک کە ترس و گومان دێننە ئارا و ژینگەیەکی بەپیت درووست دەکەن بۆ گەشەسەندنى پڕوپاگەندەى وا کە دۆخەکە خراپتر دەکات، ئەوەش وا پێویست دەکات هاووڵاتییان زیاتر ئاگادار بکرێنەوە و بەئاڕاستەى چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکە و بۆ نێوبردنی لایەنە خراپەکەى ئاڕاستە بکرێن، ئا ئەوەش پێویستى بە بووونی پلانی میدیایی کارا هەیە لە چوارچێوەى پلانی میدیایی پێشوەختە بۆ خۆبەدوورگرتن لەلایەنە خراپەکان.
ڕۆڵى سەرەکی میدیا لە بەرەنگاربوونەوەى قەیرانەکاندا لەرێگەى پلانی میدیایی پێویستى بە پلانێکی تووندوتۆڵ هەیە، کە هەڵگری پەیامی میدیایی باوەڕ پێهێنەربێت کە زانیارى و داتای تەواوى ساختەنەکراو بدات بە جەماوەر، لە دوایشدا کۆمەڵێک ئەرکی دەکەوێتەسەر شان کە پێویستە بە شێوەیەکی ڕاست و درووست ئەنجامیان بدات.
=KTML_Bold=“پەیوەندی نێوان قەیران و ڕاگەیاندن”=KTML_End=
ڕاگەیاندن، بە یەکێک لە ئامرازە گرنگەکان دادەنرێت کە زۆرێک لە حکومەتەکان لە دنیادا لەکاتی سەرهەڵدانی قەیرانەکاندا پەنای بۆ دەبەن، هاوکاتیش ستراتیژیەتی درێژخایەنی ڕاگەیاندن دادەنێن بە هاوکاری دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن لە وڵاتد، ا بەئامانجی ڕووبەروبوونەوەی قەیرانەکان. (جاستن فوکس) لە وتارێکی زانستیدا ڕوونیکردۆتەوە کە ڕاگەیاندن و داهێنانە تەکنۆلۆژییەکان هەروەک چۆن کاریگەرییان لەسەر بازرگانیکردن و مۆدێلەکانی بازرگانیکردن درووستکردووە، بەهەمان شێوە ڕۆڵی زۆریان هەبووە لەئیدارەدانی ئەو قەیرانە دارایی و بازرگانییانە لە ماوەی ساڵانەی ڕابردوودا سەریان هەڵداوە، بەتایبەتی لە ساڵی (2007) ەوە کە بەسەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانە داراییەکان دانراوە، کەواتە پەیوەندی نێوانیان پەیوەندییەکی تەواوکاریە.
=KTML_Bold=نموونە لەبارەی ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەکاتی قەیراندا:=KTML_End=
یەکەم: کاتێک لە ساڵی 2015 فەرەنسا تووشی هێرشی تیرۆڕستی بوو، سەرۆکی فەرەنسا (فرانسو هۆڵاند) و سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا و تیمی حکومەت ڕۆڵێکی باش و کارایان هەبوو لە بەڕێوەبردنی قەیران لە ڕووی میدیاوە، توانیان لە ڕێگەی ئامادەییان لە میدیا بەشێوەیەکی چڕ بەردەوامبن لە پەیوەندی بە خەڵکەوە بە تایبەت لە ڕێگەی تویتەرەوە نموونەیەکی باش لە بەڕێوەبردنی قەیران نیشان بدەن.
دووەم: (جولیان میرسیلی) لەتوێژینەوەیەکدا نموونەی قەیرانی دارایی کۆماری ئیرلەنداو ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەئیدارەدانی ئەو قەیرانەدا ڕووندەکاتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە ڕاگەیاندن پێویستە ڕۆڵی پاسەوانی دەرگا ببینێت لە چاودێریکردنی قەیرانیی دارایی کە لە ئیرلەندا نەیتوانی ئەو ڕۆڵە ببینێ تا کاتی لەدەستدانی ژێڕخانی ئابووریی و بازرگانی وڵات، هەروەها نموونەی وڵاتانی ئەرجەنتین و سویسراو ئەڵمانیا و ئیسپانیا دەهێنێتەوە کە دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن نەیانتوانی ئاگادارکردنەوەی پێویست بدەن بەر لەروودانی هەڵاوسان و تێکشکانی ئابووری.
سێیەم: هەروەها (جولیان میرسیلی) پێیوایە کە ڕاگەیاندنی ئەهلی و سەربەخۆ بە بەراورد بە ڕاگەیاندنی دەوڵەت دەتوانێت ڕۆڵی زیاتر ببینێت لە ئیدارەدانی قەیرانەکاندا و بەتایبەت قەیرانی دارایی، کە گرنگترین هۆکارەکانیشی گەراندۆتەوە بۆ ژێرخانی ئابووری ڕاگەیاندنی سەربەخۆ کە پشت ئەستوورە بە بازرگانیی و ئابووری باشی کۆمپانیا و بازرگانان، چونکە بەشێکی زۆری ئەو ڕاگەیاندنیانە خاوەندارێتیان بۆ سەرمایەداران و بازرگانان دەگەڕێتەوە، جگە لەوەی دەبنە سەرچاوەیەکی باشی ڕیکلامکردن و داهاتی ئابووری ئەو ڕاگەیاندنیانە، بەڵام بەپێچەوانەوە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کەمتر پێویستی بەو بازاڕە ئابوورییە هەیە.
=KTML_Bold=“ئەرکەکانی ڕاگەیاندن لە کاتی قەیراندا”=KTML_End=
بەشێوەیەکی گشتی پسپۆڕان کۆکن لەسەرئەوەی کە ڕاگەیاندن لەکاتی سەرهەڵدانی قەیرانەکاندا، ئەرکی جیاوازی دەکەوێتە ئەستۆ، لەگرنگترین ئەو ئەرکانەش:-
1- بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان: لەم قۆناغەدا ڕاگەیاندن هەنگاو بەهەنگاو زانیارییەکان دەربارەی قەیرانەکان بڵاودەکاتەوە، بەئامانجی هۆشیارکردنەوەی وەرگران لەقەیرانەکان.
2- شیکردنەوەی زانیارییەکان: لەمجۆرە ڕووماڵانەدا ڕاگەیاندن شیکردنەوەی ورد بۆ ڕەهەندە جیاوازەکانی قەیران دەکات و لە ڕەگوڕیشە و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی قەیران دەکۆڵێتەوە.
3- خۆپاراستن: لەمجۆرە ڕووماڵانەدا ڕاگەیاندن تەنیا بەرووماڵکردن ناوەستێت بەڵکوو زانیاریی زیاتر دەربارەی قەیرانە هاوشێوەکان و شێوازی خۆپاراستن و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ قەیرانەکان دەگەڕێت و زانیاریی بەوەرگران دەدات، هەروەها ڕێکارەکانی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکانی قەیراندا دەخاتەڕوو.
4- ئاگادارکردنەوەی جەماوەر: لە ئەگەری سەرهەڵدانی قەیرانەکان و بەتایبەتیش قەیرانە مرۆیی و ئابووریی و ئەمنییەکان، بە یەکێک لەئەرکەکانی ڕاگەیاندن هەژمار دەکرێت، بەئامانجی هۆشیارکردنەوەی جەماوەرو وەرگران لەزانیارییەکانی پەیوەست بەقەیرانەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ قەیرانەکان .
لە کۆتایدا دەتوانین ئەوە بلێن کە ئەو وڵاتانەی توانای باشیان هەبووە لە ئاڕاستەکردنی ڕاگەیاندن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان ئەوا سەرکەوتووبوونە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوا دەبێتەهۆی ئەوەی کەرتی ئابووری ئەو وڵاتە بەرەو دارمان بچێ.
وە پێویستە حکومەتیش خۆی بەرنامەیەکی باشی هەبێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان کە تووشی دەبێت ، بۆ ئەوەی هاوڵاتانی هۆشیاربن و بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکان دەکەن بۆ نموونە لە وڵاتی سوید حکومەتی ئەو وڵاتە پەڕتووکێکی دەرکردووە، دەربارەی چۆنییەتی مامەڵەکردنی هاووڵاتییان لە کاتی قەیراندا. [1]