=KTML_Bold=حەشدی شەعبی دەیەوێت بارەگایەک لە گەڕەکێکی کوردی کەرکووک درووست بکات=KTML_End=
ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێکەوتی #04-07-2023#، پەڕڵەمانتارانی یەکێتی لە کەرکووک و ڕێکخستنەکانی ئەو حزبە و دانیشتووانی گەڕەکی شۆراو لە کەرکووک خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا دژی درووستکردنی بارەگایەکی سەربازی حەشدی شەعبی.
ماوەی سێ مانگە میحوەری باکووری حەشدی شەعبی دەیەوێت بارەگایەک لە پشت فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک لە گەڕەکی شۆراو لە شاری کەرکووک درووست بکات. بەهۆی ناڕەزای یەکێتییەوە درووستکردنی بارەگاکە بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیرا.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ جارێکی تر حەشدی شەعبی بەجێگیرکردنی هێزێک چەند ئامێرێکی شۆفڵ و حەفارەی خستەکار بۆ درووستکردنی بارەگاکە.
پەڕڵەمانتاران و لایەنگرانی یەکێتی لە شوێنی بارەگاکە گردبوونەوەیان ئەنجامدا و پەیامێکیان ئاڕاستەی مەحەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی ئێراق و دەستەی حەشدی شەعبی کرد. داوایانکرد درووستکردنی بارەگاکە ڕابگیرێت.
ڕایانگەیاند، هەڵوێستی تریان دەبێت و ڕێگە بەدرووستکردنی بارەگاکە نادەن و بە جۆرێکی نوێی بەعەرەبکردن ناویان برد و درووستکردنی بارەگای سەربازیان لەناو شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان ڕەتکردەوە.
دوای بڕیاری گەڕاندنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هێزە ئێراقیەکان بۆ پارتی کە پێش 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ”کەرکووک- گەرمیانی” پارتی بووە حەشدی شەعبی دەیەوێت بارەگایەک لە تەنیشت هەمان بارەگای پێشوو درووست بکات.
بەپێی سەرچاوەیەک لە ڕێکخراوی بەدر لە کەرکووک حەشدی شەعبی بەو مەرجە ڕازیبووە بارەگاکەی پارتی لەلایەن سوپای ئێراقەوە بدرێتەوە بارەگایەک لە نزیکی درووست بکات..
ئەو پارچە زەویەی حەشدی شەعبی دەیەوێت بارەگای تێدا درووست بکات زەوی خزمەتگوزارییە و بەبێ گەڕانەوە بۆ دەزگا حکومیەکان، میحوەری باکووری حەشدی شەعبی دەستی بەسەردا گرتووە. [1]