ئەوە ڕوونە، هەتا کەشوهەوا بەرەو سەرما بڕوات و زستان دەست پێبکات، ئەو کەسانەی ئازاری جومگە و ماسوولکەیان هەیە، ئازارەکانیان ڕوو لە زیادبوون دەکات.
لە زستاندا و لە کەشی سارد و سەرمادا ئازاری ماسوولکە و جومگەکان بەگشتی زیاد دەکەن، بەڵام زیاتر جومگەی ئەژنۆ و حەوز و قولەپێی دەگرێتەوە، ھەتا ئێستا توێژینەوەکان لەسەدا سەد نەیان سەلماندوە ھۆکاری سەرەکی ئەوەی ئازاری ماسوولکە و جومگەکان لە زستاندا چین، بەڵام دکتۆر #هەڤین کەمال شا محەمەد#، پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج چەند هۆکارێکی خستوەتەڕوو.
1. لە وەرزی زستان و لەکاتی سەرمادا جەستە ھەوڵدەدات گەرمی خەزن کات و خوێن زیاتر بڕوات بۆ دڵ و سییەکان، لەکاتی ڕوودانی ئەمەدا، ئەو بۆری خوێنانەی لە پەلەکانن گرژدەبن و کەمتر خوێن بچێت بۆیان کە ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەم ناوچانە سارد بن و ڕەق بن ، کە ئەمەش ئازار و ناڕەحەتی درووست دەکات.
2. یەکێکی تر لە بیردۆزەکان ئەوەیە لەکاتی زستاندا، ئەو گۆڕانەی لە پەستانی ھەوادا ڕودەدات دەبێتە ھۆی زیادکردنی ھەوکردن لە جومگەکان بەتایبەتیی ئەو کەسانەی کە خۆیان ڕۆماتیزم و کێشەی جومگەیان ھەبووە پێشتر، ئەم ھەوکردنەش ئازار و ناڕەحەتی و سووربوونەوە درووست دەکەن، وە ھەروەھا دەمارەکان ھەستەوەر تر دەبن بۆ ھەستی ئازار.
3. کەشی سارد وادەکات ماسوولکەکان زووتر گەرمی ونکەن، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی گرژبوون و ڕەق بوونی ماسوولکەکان، وە وزەیەکی زیاتریان پێویستە بۆ ھەڵسان بە کارەکانیان کەئەمەش دەبێتە ھۆی زیادکردنی ئازار.
4. وشکبوونەوە بەھۆی سەرماوە، لەبەرئەوەی لەکاتی سەرمادا مرۆڤ ئاو کەمتر دەخواتەوە وەک لە کاتەکانی تر، بۆیە لەشی مرۆڤ تووشی وشک بوونەوە دەبێت، وە لەبەرئەوەی ئاو پێکھاتەیەکی گرنگی لینجی نێوان جومگەکانە، کەمبوونەوەی لینجی نێوان جومگەکان کەمدەکاتەوە و بەوەش ئازار و ڕەقبوون درووستدەبێت.
5. ھەندێک لە پزیشکەکان دەڵێن لەکاتی وەرزی زستاندا، خواردنەوە گەرمەکانی وەکوو؛ چا و قاوە و نیسکافە، بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر دەخورێتەوە، کە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کافایینی تێدایە کە دەبێتە ھۆی زیادکردنی ئازار لە جەستەدا.
6. چەند توێژینەوەکی تر دەڵێن؛ لە زستاندا چالاکی کەمترە بەگشتی و وەرزش کردن کەمتر دەبێتەوە و خەڵک زیاتر دەنوێت یان ڕادەکشێت و پاڵدەکەوێت لە ژوورەوە و کەمتر دێنەدەرەوە، بۆیە ماسوولکەکان تەمەڵ دەبن و جومگەکان ڕەقدەبن لە ئەنجامی کەمی جوڵە، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی درووستبوونی ئازار لەکاتی جوڵاندن و ھاتوچۆدا.
7. شێداری لەگەڵ سەرما ھەردوکیان کاریگەریان ھەیە لەسەر زیادکردنی ئازاری جومگەکان ھەیە، ئەویش بە ھۆی کاریگەرە خراپەکانیان لەسەر تەندرووستی ئێسک و کرکڕاگەی جومگەکان.
8. لەکاتی سەرمادا ئەو لینجییەی لەناو جومگەکاندا ھەیە (synovial fluid) خەست دەبنەوە و بە باشی ھاتوچۆ ناکەن لەنێوان جومگەکاندا کە دەبێتە ھۆی ڕەقبوون و کرتەکرت کردنی جومگەکان.
9. لەکاتی کەشی ساردا، ھەستەوەری دەماری ناو جومگەکان زیاد دەکات، بەھۆی درووستبوونی ھەوکردن و لێکخشان بەھۆی سەرماوە.
10. بوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکوو ڕۆماتیزم، شەکرە، ڕایناود سیندرۆم (raynaud's phenomena) ، غوددە، ئەگەری درووستبوونی ئازار زیاد دەکەن. [1]