پارێزگاری #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2023دا، بە گوژمەی 202 ملیار و 500 ملیۆن دینار زیاتر لە هەزار پڕۆژەیان لە هەولێر جێبەجێ کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە #04-01-2024#، #ئومێد خۆشناو# پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری کار و پڕۆژەکانى ساڵی ڕابردووی سنوورى پارێزگاى هەولێرى ڕاگەیاند کە لە ساڵی 2023 دا، لە هەولێر و دەوروبەری هەزار و 53 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 202 ملیار و 500 ملیۆن دینار ئەنجامدراون.
لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا، پارێزگارى هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، بودجەی وەزارەتەکان، بودجەی داهاتی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان جێبەجێکراون لە سێکتەرەکانى ئاو و ئاوەڕۆ، شەقامە ناوخۆییەکان، ڕێگاوبانەکان، ئاو و ئاودێری، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافا و وشکەساڵی، لەگەڵ سێکتەری پەروەردە و خوێندن، زیادکردنى ڕێژەی سەوزایی، تەندرووستی، پڕۆژەکانی کارەبا، پڕۆژەکانی تایبەت بە وەرزش و لاوان و کشتوکاڵ.
ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: پلانی پەرەپێدانى ساڵی تازەی 2024 ئامادەیە، ئاشکراشیکرد ئەمڕۆ لەوبارەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکیان کردووە و لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووان پڕۆژەکانیان دیاریکردووە، بۆ ئەمساڵیش 130 ملیار دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورى پارێزگای هەولێر دیاریکراوە داندراوە.
لەبارەی پرسی بودجەوە، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد کە، جگە لەوەی لە بودجەی گشتیی ئێراق ستەم لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیش لە حکوومەتی ئێراق بودجە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین ناکرێت، بەڵام لە کابینەی نۆیەم بە بەرزکردنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و چاکسازییەکان، لە چوارچێوەی ڕوانگە و تێفکرینەکانی سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان#، پڕۆژەکانی پەرەپێدان لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021ەوە دەستی پێ کردووەتەوە.
پارێزگارى هەولێر، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە، سوپاسى پاڵپشتى و هاوکارى بەردەوامى سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان #مەسرور بارزانی# کرد، لەگەڵ ئەوەشدا دەست خۆشى لە فەرمانگە و ئەندازیار و تیمەکانى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکان و بەڵێندەران کرد کە سەرەڕایى قەیرانى دارایی و گرفتى دواکەوتنى خەرجکردنى سولفەى پێویست، پڕۆژەکان بەردەوامیان هەبووە و نەوەستاون. [1]