#بافڵ تاڵەبانی#، سەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە #بەغدا# پێشوازی لە جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق کرد.
لە دیدارێکدا بافڵ تاڵەبانی ستایشی ڕۆڵی ئەرێنیی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد لە بەرانبەر هەوڵ و هاریکارییەکانیان لە پرۆسی سیاسیی ئێراق و هەرێمی کوردستان و جەختی لە فراوانکردنی هەماهەنگییەکان کردەوە لەپێناو پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا.
لە درێژەی دیدارەکەدا دۆخی سیاسی، پرسی هەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی بەرپرسیارانە کرایەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستەتر بۆ خەڵک.
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆی پرسەکانەوە ڕوونکردنەوەیدا و ئاماژەی بە هەوڵەکانی یەکێتی کرد بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد کە گوزارشت لە واقیعی هەرێمی کوردستان بکات. وتیشی، دەبێت هەڵبژاردن ببێتە مایەی قووڵکردنەوەی دیموکراسی و سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا بهێنێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، خەباتی یەکێتی لەپێناو بوونیادنانی داهاتوویەکی گەشترە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان، لەو چوارچێوەیەشدا لە گفتوگۆکانمان بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین و دەمانەوێت ژیان و گوزەرانی خەڵک لە هەموو ململانێکان بپارێزین. [1]