من و دڵ دوورەوڵاتین و غەریب و نامۆ
دووبەدوو هەڵدەکزێین و بەرزە لێمان بۆسۆ
ئەو بە یادی شەنگە بێریانی وڵاتی موکری
من لە تاوی شنەبای خۆش و چریکەی قومری
هەلی شیعرە و وەرە مەردانە قەڵەم یارم بە
لە ڕەشایی شەوەزەنگا شەمی شەوگارم بە
دەمەوێ بەزمێ بگێڕم بە فەغانێکی لە کوڵ
دووبەدوو بەستە بڵێین من بۆ دڵ و دڵ بۆ گوڵ
دڵ دەڵێ ئاخ وڵاتی خۆشەویستی و جوانی
من دەڵێم ئاخ پەریی گۆزە بە دەستی کانی
دڵ دەڵێ وای لەبەر ژانی فیراقی دڵدار
من دەڵێم داد لەبەر سەبر و خەم و ئینتیزار
دڵ دەڵێ کوا دەنگی پاوانەیی دەستی لەیلم
من دەڵێم کوا خەمڕەوێنێک بۆ دەروونی کەیلم
دڵ دەڵێ کوانێ حەبیبی دڵڕفێن و جوانم
من دەڵێم کوانێ تەبیبی دەردی بێ دەرمانم
دڵ دەڵێ نەزری وڵاتە سەری بێ سامانم
من دەڵێم ئاوی وڵاتە مەرحەمی زامانم
دڵ دەڵێ بێ گڕی دڵداری دڵیش خامۆشە
من دەڵێم مەملەکەتێک خۆشە دڵی لێ خۆشە[1]
#1993-10-21#
#ورمێ#، میوانخانەی سەفا
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#