شینگێڕی #هێمن موکریانی#
لە وڵاتی منی دڵ پڕ لە کلۆ
لە مەکانی چڕی هێلانە هەڵۆ
لە دیار و مڵک و سامانی کورد
لە بناری کەژ و کوێستانی کورد
لەسەر ئەو خاکە کە هەر تۆزێکی
تاجی شانازییە بۆ هۆزێکی
تاقەدارێک بوو بە ئەندام و بڵند
لە دژی بەفر و شەماڵ خۆگر و توند
نە لەبەر بەفری قورس دادەکەوت
نە زەوی لەرزە ئەوی پێ دەکەوت
سێبەری زۆر و بەری سەت هێندە
مەلی خۆشخوان لە سەری سەت هێندە
شەنگە دارم عەجەبی هەڵدابوو
ڕیشەکانی لە دڵی گەل دابوو
هەر گەڵای لاپەڕە ڕووداوێک بوو
هەر لقەی پێنووسی دەست لاوێک بوو
سێبەری بۆنی حەیاتی لێ دەهات
گوڵەکەی بۆنی نەجاتی لێ دەهات
فەلەکی زۆر بە چەپی و خواری دی
نۆبەتی و عارەقی ڕۆژگاری دی
گەلێ جار گاشە گلێرەی گەردوون
بە هورووژم دەلق و پۆی بەر بوون
بە تەقەی ڕاوچی مەلی دەوروبەر
هەموو هەڵدەفڕی بەرەو دەشت و دەر
گەلێ جار حارسی یاسای جەنگەڵ
جیرەخۆرانی شەهنشای گەندەڵ
بە لەشی هەڵ چوون و ئازاریان دا
بە تەوەرداس پەلاماریان دا
دەستی بێڕەحمی زەمان زۆری لەقاند
هەورە ڕەش زۆری بەسەردا دەتەقاند
چونکە ڕیشەی لە دڵاندا مابوو
قورس و قایم وەکوو کێو وێستابوو
تاقەدار پیر بوو بەڵام شۆخ و شەنگ
لق و پۆی پڕ لە گوڵی ڕەنگاڕەنگ
دوو گوڵی تاریک و ڕوون و ناڵە
تەمەنی پشکوتنیان چەند ساڵە
سیس نەبوون چونکە لە داری هیوان
ئاڵوگۆڕ نایەتە سەر ڕەنگی وان
گوڵی زۆرن کە لەسەر دەستانن
ڕەنگ و بۆنی مەجلیسی دۆستانن
پاشەڕۆکی گوڵەکەی هێند جوانە
لە کڕین نایە ئەوەندە گرانە!
ڕۆژێ ڕێبوار بووم و ڕێگەم دەبڕی
عارەقی گەردن و گۆنام دەسڕی
شەکەت و ماندوو بەدەم ڕێگاوە
دڵ بە دەست کۆنە خەمان دەکولاوە
لەنەکاو دیتم کە خەڵکی شاری
کورتەڵیان پێیە بە شین و زاری
گوتم: ئەو کۆمەڵە ناشادە چییە؟
ئەو هەموو ناڵە و فریادە چییە
دەڵێی ئەو هەورە دڵ و چاوی پڕە
چییە ئەو خەڵکە هەموو شان بە قوڕە؟
کە لە پڕ بەندی دڵ و پێم لەرزی
بەڵێ ناسیم بە چلووکی بەرزی
تفی چەرخی کەچی ڕۆژگارم کرد
دامە ڕان و سەر و هاوارم کرد
ماڵی وێرانم ئەوە دارەکەمە
لەسەر شانی شەکەتی شارەکەمە
مانگی نیسانە کە پاییزە لە من
پێکەنین دوورە لە گەل، زیزە لە من
مایەی شیوەنی هەستم کێ بوو
کێیە نازانی مەبەستم کێ بوو
شەنگەداری مە هەمان هێمن بوو
کە لە پاییزی تەمەندا ون بوو
سروەی ئەو دارەیە، ئێستاش هەر دێ
بە شنەی ئەو گوڵی هیوا دەردێ
هێمن ڕۆیی، وەلی توخوا دۆستان
هێمنێک هەر هەبێ بۆ کوردستان[1]
1985
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#