سوودی خاکی کوردستانم چەن هەزاران دەر هەزار
بۆت بنووسم کاکی کوردم، میوەیەکی بێ شومار
تووتن و گەنم و برنج و هەرزن و زەڕڕات و جۆ
گەنمەشامی و دێمیلە، هەم داڕوجان و گسکەشار
باسخ و نارنج و لیمۆ، پرتەقاڵ و هەم ترێ
کاڵەک و شووتی و ترۆزی کوولەکە و سەوزە خەیار
چۆنەر و سڵق و شویت و بامیە و کونجی و پەموو
شێلم و ماش و تەماتە، باینجان و کالیار
نۆک و نیسک و پەڕشە و پاقلە و پەتاتە و لۆبیا
سێو و هەرمێ، قۆخ و قەیسی، گوێز و کشمیش و هەنار
کاهوو و پیاز و کەلەرم و تەرسۆن و بنعەرزیلە
کاشمە و کۆڵ و بناو و، سور هەڵاڵی لانزار
مێو و سنجوو و کێکف و ژاڵە و گزیچار و شەهێن
گۆیژ و چوالە و بەڕوو و پەڵک و باڵاڵووک و چنار
داری بی، پێنج تایەفەن، لازم نییە ناویان ببەم
خاوەنی سی و نۆ بەری خاوەن ڕەواجە مازوودار
گزگل و خڕنووک و مازوو، پانکە و سیچکە و کەڵنج
پۆزە خووگە و هەمزە ئاغا، هەور بردوو و شاخدار
بەرگەڵا و تسقل و سەوزاڵی و نیسکە و گرێ
کارگ و قژگە و دەمووکە، سێفەڵووکەی ئاودار
جەوت و شۆکە، زۆڵەک و شینکە و بەڕوو هەژگ و گەڵا
هەم گەزۆ و زووخاڵ و پیفوو، چاکترینیان بارەدار
قانعی کاسب نییە، بۆیە کەمی لێ زانیوە!
بۆ ئەوانی تر بپرسە لای پیاوی کاسبکار
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]