ڕێکخراوەیەکی سەربەخۆی کولتووریی کوردییە کە ساڵی 2017 لەلایەن بەشێک لە ڕۆشنبیران و ھونەرمەندان و ئەکادیمیستەکانی کورد لە نەمسا بە ئامانجی پاراستنی چاند و زمانی کوردی دامەزراوە.
ئامانجە سەرەکییەکانی ئینستیتیوتی چاندی کوردی لە ڤییەنا ناساندنی کولتوور و ھونەر و زمانی کوردی بە خەڵکی نەمسا و درووستکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھاووڵاتییانی نەمسا و کوردە.
$چالاکییەکان$
گرنگترین چالاکییەکانی ئینستیتیوتی کوردی بریتین لە:
خولی فێرکاریی زمانی کوردی بۆ کوردانی دانیشتووی نەمسا و خوێندکارانی کورد و بیانی زانکۆی ڤییەنا. کۆرسەکانی زمانی کوردیی ڕێکخراوەکە بە ھەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکین و لە سێ ئاستاندا پێشکەش دەکرێن، تا ئێستا لەسەر دەستی ئەم ڕێکخراوەیە بە سەدان کەس فێری زمانی کوردی بوون.
ئینستیتیوتی کوردی جگە لە خولی زمان، چالاکی فەرھەنگی و ھونەریش ساز دەکات، وەک: ناساندنی پەرتووکی نوێی کوردی و بەڕێوەبردنی گفتوگۆ لەسەریان.
ئینستیتیوتی کوردی میوانداریی نووسەران، شاعیران، ڕۆماننووسان و ڕۆژنامەنووسانی کورد دەکات و دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنێت کە لە ڕێگەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانەوە بەرھەمەکانیان لەگەڵ کوردانی دیاسپۆرا ھاوبەش بکەن.
ھەروەھا سینەمای کوردی لە کارەکانی ئینستیتیوتی کوردیدا جێگایەکی گرنگی ھەیە. ھەندێک فیلمی کوردی لەلایەن ئینستیتیوتی کوردییەوە نمایش دەکرێن؛ جگە لەوەش ئینستیتیوتی کوردی پاڵپشتی ئەو ئەکتەر و دەرھێنەرە گەنجە کوردانە دەکات کە دەیانەوێت بە فیلم و بەرھەمەکانیان سینەمای کوردی بەرەوپێش ببەن.
ساڵانە ئەنستیتۆی کوردی بە مەبەستی درووستکردنی پەیوەندی لەنێوان گەلی کورد و یەکڕیزی نێوان خێزانە کوردەکان، بۆ کوردانی تاراوگە ئاھەنگ و کۆنسێرت ساز دەکات.
گرووپی توێژینەوەی ڤییەنا یەکێکە لە پڕۆژەکانی ئینستیتیوتی کوردی؛ مەبەست لەم گرووپە پەرەپێدانی پەروەردەیە لەنێوان کچان و کوڕانی کورد لە نەمسا. ھەروەھا ئینستیتیوتی کوردی بۆ خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی نەمسا پاڵپشتی گەنجانی کورد دەکات.
$خەڵاتی شەرەفنامە$
ئەم خەڵاتە ساڵانە دەدرێتە نووسەرێکی کورد کە خزمەتی زمان و فەرھەنگی کوردی کردووە. شایەنی باسە ئەم خەڵاتە لە خولی یەکەمی واتە ساڵی 2018 بەخشراوەتە دکتۆر جەلیلی جەلیل، و لە خولی دووەمی واتە ساڵی 2019 بەخشراوەتە نووسەر شاھین بەکر سۆرەکلی. ڕێکخراوەی چاندی کوردیی ڤییەن ساڵی 2020 خەڵاتی شەرەفنامە بۆ زمان و چاندی کوردی، بەخشیوەتە نووسەر و شاعیر کۆنێ ڕەش، بۆ خزمەتەکانی لە پێناو زمان و کولتووری کوردی. خەڵاتەکە لە ناوەندی کافێی قەڵا لە #قامیشلۆ# بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیر، لەلایەن نووسەر و توێژەر دەھام عەبدولفەتاح بە ناوی ئینستیتیوتی چاندی کورد لە ڤییەننا پێشکەشی ناوبراو کراوە.
ساڵی 2021 نووسەری کورد جان دۆست خەڵاتی شەرەفنامەی لە ئیدارەی ئینستیتیوتی فەرھەنگی کوردی لە ڤییەنا بۆ خزمەتەکانی لە بواری زمانی کوردی، بەدەست ھێناوە.[1]