=KTML_Bold=#داعش# و ئیسلامییەکانی کوردستان!=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
ڕوونکردنەوەی دڵشاد #گەرمیان#ی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی لەسەر بەیاننامەی ئەمیرەکەیان، پێویستی بە تێڕامان و هەڵوەستە لەسەر کردنێکی جیددی هەیە. بەیاننامەی ئەمیری کۆمەڵ، کە لە بنەڕەتدا بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە بوو، بەڵام دیار بوو لەنێو خۆیاندا لەسەر کۆمەڵێ پرس و بابەت کۆک نەبوون، بەتایبەتی لە ناساندنێکی دروست و راشکاوانەی داعش و رەفتارەکانی و نواندنی هەڵوێستێکی راشکاوانە لە بەرامبەر ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە و کردەوە دڕندە و هۆڤەکانی. بۆیە ئەمیری کۆمەڵ وەک (ئاوی سپیکردنەوەی رووی حزبەکەی)، دوای دە رۆژ لە مشتومڕکردن لەگەڵ مەکتەبی سیاسییەکەی و گەیشتن بە بنبەست، بەیاننامەکەی بڵاوکردەوە.
من لە شوێنێکی دیکەش گووتوومە و ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە، لەناو سەرکردەی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستاندا، لە دوای (مەلا کرێکار)، (دڵشاد گەرمیانی) راستگۆترین سەرکردە ئیسلامییەکانە، کە لەگەڵ بیروڕا و ئامانج و دروشمەکانی خۆی، بەتایبەتی لە پەیوەست بە تێگەیشتنی لە چەمکگەلی وەک دیموکراسییەت و ئازادی و کۆمەڵی مەدەنی و پێناسەکردنەوەیان لەبەر رۆشنایی ئیسلامدا. لەبەرئەوە تەنانەت روونکردنەوەکەیشی لەسەر بەیاننامەی ئەمیرەکەی و پاساوهێنانەوەی بۆ هۆکاری خۆ دوورەپەرێزگرتنی لەو شەڕەی هەنووکە داعش دەیکات و خۆدزینەوەی لە پێناسەیەکی دروستی بۆ داعش و رەفتارەکانی، ئەوەمان پێدەڵێن، کە گەرمیانی جۆرێک لە رەوایەتی بە داعش و رەفتارە دڕندە و دژە مرۆییەکانی دەدات.
ئەگەر وانییە، گەرمیانی چۆن و بە چ پێوەرێک رێگە بەخۆی دەدات بڵێت ناتوانم سیفەتی موسڵمانبوون، یان ناموسڵمان نەبوون بدەمە داعش؟ یان بە چ لۆژیکێک دەیەوێ باوەڕمان پێ بێنێت، کە ئەو بە بیانووی ئەوەی کورد خاوەنی شەڕەکە نییە و لە بنەڕەتدا شەڕەکە هی ئەمریکا و ئەوروپایە، بۆیە هیچ هەڵوێستێکی راشکاوانە دەرنابڕێ؟
بەڕاست، ئایا دەکرێ کۆمەڵی ئیسلامی بەناوی رای تاکەکەس و ئیجتیهادی شەخسی، هەڵوێستی دڕدۆنگانەی مەکتەبی سیاسییەکەی و ئەو خوێندنەوانەی (گەرمیانی) هەروا بە ئاسانی بەسەردا تێپەڕێت؟ لە کاتێکدا ئەو دڕدنگی و خۆدزینەوەی مەکتەنی سیاسی ئەو حزبە لە بەرپرسیارێتی و بیانوو هێنانەوەی گەرمیانی بۆ داعش، وەک بۆمبی تەوقیتکراو دێنە پێشچاو و لە ئەگەری هەر پێشهاتێکدا، کە خوانەخواستە پارسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بە قازانجی داعش بشکێتەوە، ە کوردستاندا رەنگدانەوەی ترسناکییان لەسەر ئاستی سیاسی و شەقامدا دەبێت؟
لایەنێکی دیکە لە روونردنەوەکەی (گەرمیانی)دا ئاماژەکردنیەتی بە هەڵوێستەکەی سەرۆکی هەرێم دەرهەق بە داعش و شەڕەکە لە دەسپێکی رووداوەکاندا، کە ئەم ئاماژەکردنە هێندەی هەوڵێکی ناوبراوە بۆ رەوایەتیدان بە پاساوەکانی بۆ هەڵاتن لە نواندنی هەڵوێستێکی راشکاوانە لەسەر داعش، هاوکات تەنها مکیاج و دەمامکێکە بۆ شاردنەوەی تێگەیشتن و هەڵوێستی راستەقینەی خۆی لە بەرامبەر ئەو داعش و پێناسەکردنی راست و دروستی ئەو گرووپە و رەفتارەکانی.
بۆیە شتێک هەیە کە دەبێت حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان بە گشتی و کۆمەڵ بەتایبەتی و مامۆستا دڵشاد گەرمیانی بەتایبەتی تر خۆیانی لەسەر یەکلا بکەنەوە، ئەویش هەڵوێستیانە لە بەرامبەر رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). هەڵوێستێکی روون و راشکاوانە، کە بواری تەفسیری جیاواز بۆ شووناسی راستەقینەی داعش لە روانگەی دیدی ئەواندا تێدا نەمێنێتەوە، هەروەها بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان لە ئاییندەی پەیوەندی و مامەڵەی ئەو حزبە لەگەڵ هێزە توندڕۆ و پەڕگیر و تیرۆریستییەکاندا دڵنیا بێتەوە، کە نابێتە سەرچاوەی مەترسی بۆ سەر ئەم ئەزموونە و ئازادییەکانی تاک و کۆی کۆمەڵگە.
ئەوەی وایکرد نووسینێکی ئاوا لەدایک بێت، بە مردوویی لەدایکبوونی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی بوو، کە دوای مشتومڕ و بێنەو بەردەیەکی زۆر لە نێوان سەرکردەکانیدا، دواجار ئەمیری کۆمەڵ دوای دە رۆژ بە تەنیا بەیاننامەکەی بڵاوکردەوە. بەیاننامەیەک کە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵ ئامادە نەبوون بچنە ژێر باری واژووکردنی و لەسەری رێک و رەزامەند نەبوون.
بۆیە خراپ نییە لێرەدا راستییەک بەبیر ئەو برادەرانە بێنینەوە، کە واقیعی دەسەڵاتخوازی داعش و ئەزموونی مامەڵەکردنی لەتەک هێزە ئیسلامی و رێکخراوە توندڕۆ و جیهادییەکانی ئەو ناوچانەی لە سووریا و عێراق جڵەوی حوکمڕانی تێدا گرتۆتە دەست، ئەوەمان پێدەڵێ کە ئەوان کەس لەسەرووی خۆیان نابینن و هەموو ئیسلامییەکان، بەوانەی ێیان دەگوترێ توندڕۆ و ئەوانەیش ناویان لە خۆیان ناوە میانڕۆ، دەبێت گوێڕایەڵیان بن.
لەم گۆشەنیگایە و لەبەر رۆشنایی هەڵوێست و جۆر و چۆنییەتی مامەڵەکردنی داعش لەگەڵ هێز و گرووپە ئیسلامییەکانی سووریا و عێراق و ئەو ناوچانەی تیایاندا هەژموونیان هەیە، کە یان دەبێت لەژێر ئاڵای ئەودا کۆببنەوە، یان ئەوانیش دەخرێنە لیستی دوژمنە کافر و مونافیقەکان و وەک مورتەد رەفتاریان لەگەڵدا دەکرێت.
بۆیە پێویستە حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان و بە تایبەتی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵ و لە ناویاندا گەرمیان ەوە دڵنیا بن و ئەو راستییە باش بزانن، کە ئەگەر داعش بێتە کوردستان، ئەوا نە حزبەکەیان و نە ئەمیرەکەیان و نە خۆیان و نە تەلەفزیۆنەکەیان نامێنن و دەبێ هەموویان بەیعەت بە (ئەبوبەکری بەغدادی) بدەن و بەناچاری ملکەچی بڕیار و فەرمانەکانی ئەمیرە عەرەبی و ئەفغانی و پاکستانی و چیچانی و چینی و بەریتانی و ئەڵمانی و ئوسترالییەکانی داعش بن. بەپێچەوانەوە ئەگەر نەچنە ژێرباری واقیعی پاوانخوازی داعش و پێشمەرجەکانی، ئەوانیش دەبنە ئامانجی داعش.
ئیدی ئەوکات دەبێتە شەڕی فیکری و فیقهی و فەتوای نێوان خۆیان، کە ئاخۆ داعش ئیسلامی راستەقینەیە، یان رێکخراوێکی تیرۆریستی. لە بەرامبەریشدا دەبێ ئەوان چاوەڕێ بن، کە ئاخۆ داعش دەیانخاتە لیستی مونافیق و مورتەددەکان، یان دەیانکاتە هاوپەیمانی ستراتیژی و بەرەیەکی ئومەمیان لەگەڵ پێکدێنێ؟!
ئەم پرسی دڕدۆنگییە لە هەڵوێست وەرگرتن لە داعش و رەفتارەکانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم پرسیارێکی جیددی، کە ئاخۆ چۆن دەکرێت حزبێک مۆڵەتی کارکردن و بودجەی لە باشووری کوردستان هەبێت، لەوەش زیاتر داوا بکات بەشداری کردەنی و کارای زیاتری لە ژیان و بڕیاری سیاسیی وڵاتدا پێبکرێت و بەشە هەریسەی خۆی لە بودجە و ئیمتیاز و دەسەڵات ببات. حزبێک بە بەرچاوی خۆی، لەلایەن چەتە و چەکدارانی داعش، هاونیشتمانییەکانی بکوژرێن و سەرببڕدرێن و کۆمەڵکوژ بکرێن و شکۆ و ئابڕوی کچ و ژنانی ئەتک بکرێ و کەرامەت و کەسایەتییان بڕوشێنرێ، کەچی هێشتا شەرم لەوە بکات شووناسێکی دروست و پڕبەپێستی دونیابینی مەرگدۆست و ژیانکوژ و رەفتارە بەربەری و تاوانە دڕندە و هۆڤییەکانی، بداتە ئەو گرووپ و هێزە. نەک هەر ئەوەش، بەڵکو زۆرێک لە سەرکردە و بڕیار بەدەستەکانی ئەو حزبە، دوودڵ و دڕدۆنگ بن لەوەی هەڵوێستێکی روون و راشکاو لەبەرامبەریدا دەربڕن.
بەڕاست برادەرانی کۆمەڵی ئیسلامی، داعش نوێنەرایەتیی ئیسلام دەکات، یان هێزێکە تیرۆریست؟
ئەگەر نوێنەرایەتیی ئیسلام دەکات، چۆنە ناچنە سەنگەر و بەرەی ئەو؟
ئەگەریش تیرۆریستە، نهێنی بێدەنگی و نەنواندنی هەڵوێستی راشکاوانەتان چییە؟
ئایا شتێک هەیە تاوانی کوشتنی بە کۆمەڵ و کوشتنی مرۆڤ لەسەر ئینتیمای ئیتنی و ئایینی و مەزهەبی و گوللەبارانکردنی دیل و خەڵکی سڤیل و ئەتککردنی شکۆ و ئابڕووی مێینە و بە کەنیزەک بردن و کۆیلەکردنی کچان و ژنان بداتەوە؟
ئایا بیروڕا و عەقیدەی ئێوە، یان روونتر بڵێین ئیسلام لەم رووەوە چیتان پێدەڵێ و داوای چیتان لێدەکات؟
دەزانین ئێوە ناچار نین و دەتوانن وەڵامی پرسیاری خەڵکی کوردستان و قوربانییەکانی دڕندەییەکانی داعش و حکومەتی کوردستان نەدەنەوە، بەڵام دڵنیا بن ئاسان نییە وەڵامی خوا و عەقیدە و بیروباوەڕ و ویژدانی خۆتان نەدەنەوە! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=