پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە #16-10-2024# لە ئەنقەرە، بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەگەڵ بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکى کۆمارى تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانى تورکیا لەگەڵ ئێراق و هەرێمى کوردستان، بەتایبەتى لە بوارى ئابووریدا کردەوه. لەمبارەیەوە چۆنییەتیى بەرزکردنەوەى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و دەرفەتەکانى کار و وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى تورکییان لە ناوچە جیاکانى ئێراق و هەرێمى کوردستان، تاوتوێ کرد.
بەڕێز سەرۆکى کۆمارى تورکیا، بەردەوامیى هاوکارى و پشتگیریى وڵاتەکەى بۆ ئێراق و هەرێمى کوردستان و هاریکاریى هاوبەشی نێوانیانی لە هەموو بوارەکاندا، دووپات کردەوە، هەروەها ئامادەیى و خواستى کەرتى تایبەتى وڵاتەکەى بۆ کار و وەبەرهێنان لە بوار و کەرتە جیاکاندا نیشان دا.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا نیگەرانیى خۆیان دەربارەى ئاڵۆزیى دۆخى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و مەترسى و ئەگەرى لێکەوتەکانى بەسەر ناوچەکەوە دەربڕى. لەمبارەیەوە هاوڕا بوون کە پێویستە هەمووان کار بکەن بۆ ئەوەى ڕێگە لە تەشەنەسەندنى زیاترى ئاڵۆزییەکان بگیرێت و کێشەکان ئاشتییانە چارەسەر بکرێن.
پەیوەندییەکانى #هەولێر#-#بەغدا#، پڕۆژەى ڕێگەى پەرەپێدان، پەیوەندییەکانى ئێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە، مەترسییەکانى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى #داعش#، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەکەوە بوون. [1]