پەیمان محەمەد
شەڕی لوبنان دۆخی پەنابەرانی کوردی لەو وڵاتە سەختتر کردووە، سەرۆکی کۆمەڵەی خێرخوازیی کوردانی لوبنان دەڵێت: بەهۆی شەڕەوە نزیکەی 80 هەزار کورد لە لوبنان ئاوارە بوون و بەشێکیان لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە.
ئەمڕۆ هەینی#08-11-2024# لوقمان حسێن مەحۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی خێرخوازیی کوردانی لوبنان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی ڕووداو، کە هیڤیدار زانا پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند، بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە، دۆخی لوبنان زۆر خراپە، کوردانی ڕۆژاوای کوردستان لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان بوون، ئێستا ئاوارەی بەیرووت بوون.
لوقمان حسێن مەحۆ وتی، ئەوانەی لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان بوون، نزیکەی 30 هەزار کوردی ڕۆژاوای کوردستانن کە چوونەتە دەوروبەری بەیرووت، هەروەها نزیکەی 50 هەزار کوردی لوبنانیش گوندەکانی باشووریان جێهێشتووە و چوونەتە دەوروبەری تەرابلوس.
سەرۆکی کۆمەڵەی خێرخوازیی کوردانی لوبنان ئاماژەی بەوە دا، جەنگ هەموو ئەو ناوچانەی نەگرتووەتەوە کە کورد تێیاندا دەژی، ئێستا لە بەشێکی بەیرووت شەڕ هەیە، کە ئەندامان و سەرکردەکانی حیزبوڵڵای لێیە.
بە وتەی لوقمان حسێن، لەو کوردانەی کە ئاوارە بوون، نزیکەی (6000)یان چوونەتەوە سووریا و ڕۆژاوای کوردستان، نزیکەی (3000 بۆ 4000)یان لە دەوروبەری بەیرووت خانوویان بە کرێ گرتووە، هەروەها ژمارەیەکیان لەلایەن حکومەتەوە لە قوتابخانەکاندا شوێنیان بۆ دابینکراوە، بەشێکیشیان تاوەکوو ئێستا لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە.
وەکوو سەرۆکی ئەو کۆمەڵە خێرخوازییە دەڵێت: لەلایەن قەتەر، سعودیە و ئیماراتەوە هاوکاریی خەڵکی دەکرێت، بەڵام هیچ کەسێک هاوکاریی ئێمەی کورد ناکات و هیچ شتێکمان لە هاوکارییەکان پێ ناگات.
لوقمان حسێن مەحۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کەشوهەوای ئێستای لوبنان زۆر ساردە و کوردانی ئاوارە هەموو شتێکیان وەکوو دەرمان، خواردن، جلوبەرگ، بەتانی و دۆشەک پێویستە.
بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، زیاتر لە 1.3 ملیۆن لوبنانی ئاوارە بوون، کە بەشێکیان ڕوویان لە ئێراق کردووە.
مستەفا شێخۆ، چالاکڤانی کورد لە باشووری لوبنان بە ڕووداوی گوت، بە نزیکەیی 225 هەزار کورد لە لوبنان دەژین، زۆربەیان خەڵکی عەفرینن. [1]