ناونیشانی بابەت: مەزاری نەوەکانی میرنشینی سۆران لە گۆڕستانی گەڕەکی خانزاد
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی 1751، بەشێک لە #کوردستان#ی کۆنترۆڵ کردبوو، بەمەش کوردستان دابەش بووبوو لەنێوان دەوڵەتی عوسمانی و ئیمپراتۆریەتی فارسدا، (شانشینی سەفەوی و دواتریش شانشینی قاجار)، لەو سەردەمەشدا لە بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکان، بەتایبەت هێزی میرنشینەکان بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەیان، ڕووبەڕووی عوسمانییەکان دەبوونەوە.
یەکێک لەو هێزانەش، نەوەکانی لەشکری #میرنشینی سۆران# بووە، لە ساڵی 1751 لە چیای سەفین و ئاوەگرد، لە شەڕێکی نەبەردانە لەگەڵ عوسمانییەکان چەند شەهید و قوربانییەک دەدەن، پۆلێک لەوانە، کە لە گۆڕستانی گەڕەکی خانزاد لە قەزای #شەقڵاوە# نێژراون، بەشێکی گۆڕستانەکە تایبەت ناونراوە بە مەزاری (باووباپیران).
هەروەک لە ئەکاونتی تایبەتیی میر خانزادخانی سۆران ئاماژەی بۆ کراوە، ئەوانەی لەو مەزارگەیە نێژراون، بریتین لە گۆڕی (شا قوڵی بەگ میرانی سۆران، لەگەڵ نەوەکانی عوسمان پاشا و سلێمان بەگ و ئیبڕاهیم بەگ و حەسەن بەگ و ئەحمەد بەگ)، کە بە نەوەکانی میرنشینی سۆران ناسراون و دوای نزیکەی سێ سەدە بەسەر شەهیدبوونیان، تا ئێستا ناویان بە زیندوویی ماوەتەوە.
میرنشینی سۆران (1399– 1835) حکوومەتێکی کوردی بوو، کە لە 1816دا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و لە ساڵی 1835 بە دەستی هێزەکانی عوسمانی لەناو چوو، دامەزراندنی میرنشینی سۆران لەلایەن میری سۆران مووسا کوڕی کەلۆس بەگ بوو، دواتر لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی میر مستەفا بارودۆخی میرنشینی سۆران گەشە دەکات و بەرەوپێش دەچێت.
میر مستەفا بەگ لە ساڵی 1813 دەسەڵاتی میرایەتی دەداتە دەستی کوڕەکەی خۆیەوە، کە ناوی میر محەمەد بووە، زیاتر بە #پاشای گەورە#ی ڕواندز ناسراوە، لەو سەردەمدا بەهێزترین فەرمانڕوایی بووە، دەستەڵاتی جگە لە ڕواندز، بەسەر زۆربەی شارەکانی باشووری کوردستاندا هەبووە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=