لە شاری بۆدابێست لە وڵاتی هەنگاریا هەڵبژاردەی شەتڕەنجی ئێراق درێژە بە کاروانی یارییەکانی دەکات و لە کۆی حەوت یاری توانی سێ سەرکەوتنی گرنگ و یەکسان بوونێک بەدەست بهێنێت و کۆی خاڵەکانی بۆ 7 خاڵ زیاد کرد.
سەبارەت بە ئەنجامی تیمەکەی ئێراق #ئەسعەد ئیسماعیل# ئەندامی فیدراسیۆنی شەتڕەنجی ئێراق و ڕاوێژکاری هونەری سەرۆکی ئەو فیدراسیۆنە تایبەت بە پێشمەرگە سپۆرتی ڕاگەیاندوو وتی، کوردە بریمەندەکانی هەڵبژاردەی ئێراق جگەلە پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەکە توانیویانە پشکی شێر بۆ ئەنجام و دەست کەوتەکانیش بەدەست بهێنن کە ئەوەش دەبێتە مێژووی سەرکەوتنەکانی ئێراق لە پاڵەوانێتی شەتڕەنجی جیهان و دەبێت بە پێنووسی زێڕین لە پەرتووکی ئەنجامەکان بنەخشێنرێت.
هەروەک ناوبراو وتی سەرکەوتنەکانی هەڵبژاردەکەمان لە بەرانبەر هەریەک لە هەڵبژاردەکانی وڵاتانی (تشاد، سەڵتەنەی عەمان و لیبریا) بووە و لە بەرانبەر هەڵبژاردەی کۆسۆڤۆش یەکسان بوون.
ئەسعەد ئیسماعیل وتیشی جێگەی بایەخپێدانمانە کە یاریزانی یانەکەمان #زۆزگ سەڵاح# توانیویەتی لە کۆی 6 یاری 4، 5 خاڵ کۆبکاتەوە کە ئەوەش زۆرترین خاڵەکانە بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی ئێراق.
جێگەی باسە لە ڕێکەوتی #23-09-2024# پەردە لەسەر یارییەکانی 45 هەمین پاڵەوانێتی شەتڕەنجی جیهان دادەدرێتەوە و پاڵەوانانی ئەو ڕکابەرییە جیهانییەش خەڵات دەکرێن.
ئەمە و بڕیارە لە ساڵی 2026 دا پاڵەوانێتی ئۆڵۆمپیادی شەتڕەنجی جیهان ڕوو بکاتە وڵاتی ئۆزباکستان و لە پاش دوو ساڵ و لە ساڵی 2028 دا وڵاتی ئیمارات و شاری ئەبوزەبی باوەش بۆ 47 هەمین پاڵەوانێتیی شەتڕەنجی ئۆڵۆمپی جیهان دەکاتەوە.[1]