لە دوای نۆ جەولە لە یارییەکانی قۆناغی کۆتایی پاڵەوانێتی شەتڕەنجی کچانی یانەکانی ئێراق، دواجار #کارین کەمال# کیژە یاریزانی تیمی شەتڕەنجی یانەی پێشمەرگە توانی بە سەرکەوتنەکانی نازناوی ئەم وەرزەی پاڵاوتنەکە بەدەست بهێنێت و ببێتە یەکەم کیژە یاریزانی هەڵبژاردەکە ئەوەش دوای کۆکردنەوەی 7.5 خاڵ لە نۆ یاری دا.
سەبارەت بەو ئەنجام و دەست کەوتەیان، #ئەسعەد ئیسماعیل# ئەندام لە یەکێتی ناوەندی شەتڕەنجی ئێراق و سەرپەرشتیاری گشتی تیمەکانی شەتڕەنجی یانەی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، جێگەی شانازییە هەمیشە پاڵەوانانی شەتڕەنج لە یانەی پێشمەرگە دەبینرێن کە بۆ ئەم وەرزە و لەسەر ئاستی کچان دووبارە کارین کەمال لە یانەکەمان توانی نازناوی پاڵاوتنەکە لەنێو دە کیژە یاریزان بەدەست بهێنێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە کارین کەمال لە یانەی پێشمەرگە بۆ سێیەم جارە لە مێژووی دا دەبێتە پاڵەوان کە لە ساڵانی 2015 و 2016 و 2024 بووە، هەروەک وتیشی لە هەمان پاڵاوتنی ئەم وەرزە (سالی عەباس) لە یانەی ئیتیسالات بە 7 خاڵ پلەی دووەمی بەدەست هێنا و هەرچی (#سارا مەسعود عەبدوڵڵا#)ی یاریزانی #یانەی شەتڕەنجی خانزاد#ی شاری #هەولێر#ە بە 6.5 خاڵ پلەی سێیەمی ڕیزبەندی مسۆگەر کرد و بەو ئەنجامانەش ئەو سێ کیژە یاریزانە بوونە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێراق.
هەر سەبارەت بە پاڵاوتنی کچان، ئەندامەکەی یەکێتی ناوەندی شەتڕەنجی ئێراق وتی، لە ئێستادا 2024 یارییەکان بەردەوامە و سێ یاریزانی خاوەن پلەکانی چوارەم تا شەشەم لە ڕکابەریدان تا دوو کیژیان ببێتە یاریزانی هەڵبژاردەی ئێراق و لە وەرزی نوێدا لەگەڵ کارین و هاوڕێکانی نوێنەرایەتی ئێراق لە پاڵەوانێتێکاندا بکەن. [1]