کۆسار عوسمان
لە پرۆگرامێکی تایبەتیی تەلەڤزیۆنیدا #موڕاد قەرەیڵان# ، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕەتیکردەوە هیچ ڕێکخستنێکیان لە ڕۆژاڤای کوردستان هەبێت.
موڕاد قەرەیلان لەبارەی نیگەرانی و هەڕەشەکانی تورکیا سەبارەت بە بوونی پەکەکە لە سووریا و ڕۆژاڤای کوردستان وتی: ئێمە بەئاشکرا ڕایدەگەیێنین، ئێمە لە ڕۆژاڤا وەکوو پەکەکە نین. لە ڕۆژاڤا هیچ ڕێکخستنێکی ئۆرگانیمان نییە.
قەرەیلان باسی لەوە کرد، هەمووان دەزانن گەریلای پەکەکە کەی ڕۆیشتووەتە ئەو ناوچانە و کەی لێی دەرچووە، وتی: ئەو کاتەی داعش هات و هێرشی هێنا، ئێمە چووینە کەرکووک، هەولێر، مەخموور، شنگال، بێگومان چووینە کۆبانێ، چووینە ڕۆژاڤا، بەڵام دواتر گەڕاینەوە.
قەرەیلان هەموو ئەو ڕەخنە و ناڕەزاییانەی ئێستای ڕەتکردنەوە کە باس لە بوون و هەژموونی پەکەکە لە ڕۆژاڤا دەکەن و باسی لەوە کرد، لە زۆر شوێندا ڕێبازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان جێبەجێ دەکرێت، کە ئەمە بە مانای بوونی پەکەکە لەو ناوچەیە نایەت.
قەرەیلان هەروەها باسی لە بوونی بیرۆکە و ڕێبازی ئۆجەلان و ئاپۆیی لە ئەرجەنتین و پاکستان کرد و جەختیکردەوە کە ئەوان پەکەکە نین، بەڵام لەسەر ئەو بنەمایە بزووتنەوەیان درووستکردووە.
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە هەروەها ڕایگەیاند، پێشتر چەندین پارتی کۆمۆنیست هەبوون و هەموویان بیرۆکەی مارکسیزمیان بە بنەما گرتبوو، بەڵام هیچ یەکیان لەسەر ئەوەی دیکە بەرپرس نەبوو.
قەرەیلان وتیشی: ئاپۆیی بە هەمانشێوە فەلسەفەیەکە. ئەگەر هەندێک لە ڕێکخستنەکانی ڕۆژاڤا ئەو هێڵە بە بنەما دەگرن، ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئەوان پەکەکەن. پەکەکە ڕێکخستنەکە سیستمی نێوخۆیی تایبەت بە خۆی هەیە و بەرنامەی خۆی هەیە. پەکەکە بەرپرسە لە خۆی.
ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە باڵی پەکەکە دەناسێنێت و پێداگرە لەسەر ئەوەی کە نابێت هەسەدە لە سووریای نوێدا پێگەی هەبێت. هەسەدە هاوپەیمانی ئەمریکایە و ساڵانە پێنتاگۆن بودجەی تایبەت بۆ پشتیوانیی سەربازیی هەسەدە تەرخان دەکات.
پەکەکە ساڵی 1978 وەکوو ڕێکخراوێکی سیاسی دامەزرا، بەڵام لە ساڵی 1984ەوە شەڕی دژی سوپای تورکیا دەستپێکرد.[1]