هەر چەندە #یانەی وەرزشی سەیدسادق# بە بارودۆخێکی سەختی دارایی تێپەڕ دەبێت و ژمارەیەکی زۆری یاریزانانی یانەکە ڕیزی تیپی تۆپی پێی یانەکەیان جێهێشتوو چوونەتە ڕیزی یانەی تر، بەڵام دواجار کارگێڕیی یانەکە بڕیاریداوە بەشداری یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی یانەکانی کوردستان بکات، یانەکە بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان هیچ کەمپێکی مەشقی نەکردووە و جگە لەوەش ئامادەکارییەکان وەکوو پێویست نییە بۆ ئەم خولە، بەڵام دەستەی کارگێڕیی یانەکە بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ ڕاهێنەر (موسعەب عەباس) مۆرکردووە کە ناوبراو پێشووتر لە ڕیزی یانەکانی مەسافی و دیالە وەکوو ڕاهێنەر کاری کردووە، ئەم وەرزە یانەکەی دەڤەری شارەزوور دەیەوێت لەسەر دەستی ئەم ڕاهێنەرە ئاست و ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنێت، وەرزی ڕابردوو یانەی سەیدسادق توانی مانەوەی خۆی لە خولی نایاب بهێڵێتەوە، بۆ ئەم وەرزەش هەر چەندە گرفتی سەختی دارایی هەیە، بەڵام کارگێڕیی تیپەکە نایانەوێ دەستبەرداری خولە گەورەکەی کوردستان بن و دەیانەوێت شەڕی مانەوە و ئەنجامی شایستە بکەن لە ڕیزی خولی نایابی یانەکانی کوردستان، #یەکێتی تۆپی پێی کوردستان#یش بۆ ئەمساڵ 2024 بڕیاری داوە چوار یانە دابەزێنن بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکانی کوردستان.[1]