ناونیشانی بابەت: شیعرەکانی ڕامیار مەحموود وەرگێڕدرانە سەر زمانی فارسی و لە پەرتووکێکدا چاپ کران
بەشێک لە شیعرەکانی #ڕامیار مەحمود#، نووسەر و شاعیری کورد، وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی و لە دووتوێی پەرتووکێکدا چاپ کراون.
پەرتووکەکە هەر زوو جێی خۆی لە دڵی ڕۆشنبیران و ئەدیبان و خوێنەرانی ئەو وڵاتەدا کردووەتەوە و میدیاکانی ئێران بە بایەخەوە باس لە بڵاوبوونەوەی ئه و بەرهەمە ئەدەبییە دەکەن.
شیاوی باسە، چەندین ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و دەزگای میدیایی فارسی و ئێرانی، هەواڵی چاپ و بڵاوبوونەوەی بەرهەمی شیعریی ئه و شاعیرەی کوردەی باشووری #کوردستان#یان بڵاو کردووەتەوە و بە بایەخەوە باسیان لە ناوەڕۆکی بەرهەمەکە کردووە و بەو هیوایەی، کە لە نێوەندی ئەکادیما و ئەدەبیاتی ئێرانیدا تاوتوێی بکرێت و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بنووسرێت.
بەرهەمەکە بژاردەی کۆبەرهەمە شیعرییەکانی نووسەرە، کە لە ساڵی 2021 بە ناونیشانی (#من شەوێکی دڵتەنگم هەیە#) لە دووتوێی پەرتووکێکی 527 لاپەڕەییدا چاپ کراوە. ئێستا لەلایەن سەعید فەلاحی، کە بە (#زانا کوردستانی#) ناسراوە، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی و لەلایەن (دەزگای چاپی هورموز) لە دووتوێی 222 لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
کتێبەکە لەم مانگەدا چاپی یەکەمی لێ بڵاو بووەتەوە و هەزار دانەی لێ چاپ کراوە، لە دامەزراوەی پەرتووکناسیی نیشتمانیی ئێران ژمارەی سپاردنی 9793960ی پێ دراوە، ئێستا لە کتێبخانەکانی ئێران خراوەتە بەر دیدەی خوێنەران.
ناوی کۆبەرهەمی شیعریی ئه و نووسەرە بە زمانی کوردی بریتییە لە (من شەوێکی دڵتەنگم هەیە)، کە سەرجەم بەرهەمە شیعرییەکانی ئەوی لەنێوان ساڵانی 1997 تا 2021 گرتووەتە خۆ، بەڵام لە وەرگێڕانە فارسییەکەدا تەنیا بەشێک لە شیعرەکان وەرگێڕدراون و هەر بۆیەش قەبارەکەی بچووکترە.
ناونیشانی فارسییەکە (نمیخاهم در وجودی ادم دیگر خفی شوم)، کە کوردییەکەی دەبێتە (نامەوێت لەناو وجوودی کەسێکی دیکەدا ون بم)
کاروان مەحموود، ناسراو بە ڕامیار مەحموود، لە ساڵی 1974 لە #سلێمانی# لەدایک بووە و یەکێکە لە نووسەر و شاعیرە دیار و ناسراوەکانی کورد، کە بە شاعیری مۆدێرنی کوردی ناسراوە و خوێندنی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردی لە #زانکۆی سلێمانی# تەواو کردووە و دامەزرێنەری گۆڤاری (گوتار) بووە بۆ لێکۆڵینەوە لە ساڵانی 1997 تا 1999. هەروەها خاوەنی چەندین بەرهەمی فیکری و ئەدەبییە، کە دیارترینیان ئەمانەن: (چەنگەڵ، کتێبی شیعر 1998)، (لە سەرما ئاژاوەیەک هەیە بۆ خۆکوشتن، کتێبی شیعر 2001نما- #هەولێر#)، (وەرنە دەرەوە لە ژیان، کتێبی شیعر- دەزگای سەردەم 2008)، (زمانم ئەگەڕێنمەوە ناو دڵم، کتێبی شیعر، ساڵی 2016 - هەولێر ماڵی وەفایی)، (من شەوێکی دڵتەنگم هەیە، کۆبەرهەمی شیعر 2021 دەزگای کوردڕاوم)، هەروەها خاوەنی سێ بەرهەمی فیکرییە بە ناونیشانەکانی (بەعسیزم وەک بکەری مۆدێرنیزم، لێکۆڵینەوەی هزری، ساڵی 2016 سلێمانی)، (هونەری شێوەکاری مۆدێرن- دەزگای ئایدیا 2018)، هەورەها (کارڵیکی هزر).[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!