هاوار عەبدولڕەزاق
ئەندام پەڕڵەمانێکی هەرێمی کاتەلۆنیای ئیسپانی، هەفتەی ڕابردوو سەردانێکی چوار ڕۆژەی بۆ ڕۆژاوای کوردستان کرد و چیرۆکی سەردانەکە و دۆخی ئێستا ڕۆژاوای کوردستان بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو دەگێڕێتەوە. ڕایدەگەیێنێت، ئامانجی سەرەکی لە سەردانەکەی گەیاندنی دۆخی مرۆیی ئەو ناوچەیەیە بە جیهان.
ڕۆبن باگنزبێرگ، ئەندامی پەڕڵەمانی هەرێمی کاتەلۆنیا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کاروان فەیزی دری، ڕۆژنامەڤان لە دێسکی ئینگلیزیی ڕووداو لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی ڕایگەیاند، ئامانجی سەردانی بۆ ڕۆژاوا بۆ ئەوە بووە لە نزیکەوە دۆخی مرۆڤیی ئەو ناوچەیە ببین و هەوڵیش بدەن ڕەوشی ڕاستەقینەی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان بگەیەننە ناوەندەکانی وڵاتانی ئەوروپا و میدیاکەی.
باگنزبێرگ ڕۆژی سێشەممە، #24-12-2024# قسەی بۆ ڕووداو کرد، ئەوەشی وت کە سەردانەکەیان بۆ ڕۆژاوا تایبەت بووە بەوەی بزانن دۆخی ئاوارەکان لە ناوچەی شەهبا چۆنە کە لەم ماوەیەدا جارێکی دیکە ئاوارەبوون بەرەو تەبقە. ئامانجی سەردانەکەم بەشێوەیەکی گشتی بۆ ئەوە بوو، دۆخی مرۆیی ناوچەکە لە ڕێگەی میدیاوە بگەیەنینە ئەوروپا، هەروەها دەربارەی ئەو ئاڵنگارییانەی خەڵکی ناوچەکە ڕووبەڕووی دەبنەوە.
لەو سەردانەدا، کارلۆس ئالبێرتی سیاسەتڤانی هەرێمی کاتەلۆنیا لەگەڵ باگنزبێرگ سەردانی ڕۆژاوای کوردستان کردووە.
لە سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب و ناوچەکانی شەهبا و تەلڕەفعەت لەلایەن هێزەکانی دەستەی تەحریر شام، نزیکەی 120 هەزار کەس ئاوارە بوون، زۆربەی ئەوانەشی ئاوارەبوون، خەڵکی عەفرین بوون و لە ساڵی 2018 ئاوارەی ئەو ناوچانە ببوون.
لە کاتی ئەو شەپۆلە نوێیەی ئاوارەبوونە، بەرپرسانی باڵای ڕۆژاوای کوردستان ڕایانگەیاند ئەو خەڵکە لە دۆخێکی خراپدان و داوای گەیاندنی بەپەلەی هاوکاریی مرۆیی نێودەوڵەتییان کرد.
لەوبارەیەوە، ئەو ئەندام پەڕڵەمانە کاتەلۆنییە وتی ئێمە هەوڵیشماندا بزانین ئەو خەڵکە لە داهاتوودا چیان پێویستە، بەهۆی ئەو هاوکارییە نێودەوڵەتییە سنووردارەی هەیە یانیش بۆیان دابین دەکرێت، ئێمە تەنیا چوار ڕۆژ لەوێ بووین و سەرنجی کارەکەمان ئەوە بوو.
ئەو شاندە کاتەلۆنییە لە سەردانەکەیاندا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبوونەوە. باگنزبێرگ لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەوە بە ڕووداوی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە بوو باشتر لە دۆخی ناوچەکە بگەین و ئەگەری درووستبوونی شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەبوون، لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕوپێکدادانی دیکە هەروەکوو بۆ نموونە ئەگەری هێرشکردنە سەر کۆبانێ و ناوچەکانی دیکە.
لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەو سەردانەی بۆ ڕۆژاوای کوردستان کردووە، ئەو ئەندام پەڕڵەمانە لە وەڵامدا وتی، بەشێوەیەکی سرووشتی پەیوەندییەکی تایبەتم لەگەڵ پرسێکدا هەیە کە پەیوەستە بە کوردەوە، هەروەکوو کاتەلۆنییەک، هەست دەکەم زۆر نزیکین لە کوردەوە.
ئەو پەڕڵەمانتارە ئاماژە بەوە دەکات، لە باشووری کوردستانیش سەردانی کامپی ئاوارەکانی کردووە و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی باشوور و ڕۆژاوای کوردستانی کردووە.[1]