نیاز مستەفا
بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئیستەنبووڵ بۆ لێکۆڵینەوە ڕایگەیاند، تیرۆر تەنیا بە کوشتن دەوەستێندرێت. پێیوایە تەنیا چارەسەر بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە، کوشتنیانە.
بەکر ئەتاجان، بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئیستەنبووڵ بۆ لێکۆڵینەوە لە کاتی بەشداریکردن لە پرۆگرامێکی بی بی سی عەرەبیدا و کاتێک پرسیاری سەبارەت بە وتەیەکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی چەکدانان یان کوشتنی هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان لێدەکرێت، دەڵێت: تیرۆر بە گفتوگۆ ناتواندرێت بوەستێندرێت چونکە بکوژ دەکوژێت. تۆڵە بە تۆڵە، ئەو کەسانەی کوردیان کوشت، خەڵکی تورکیایان کوشت، خەڵکی عەرەبیان کوشت، خەڵکی سووریایان کوشت و ئاشوورییەکانیان کوشت، پێویستە بە تیرۆریست دابندرێن.
دوێنێ ئەردۆغان لە وتارێکدا لە پەڕڵەمانی وڵاتەکەی وتی: بکوژە جوداخوازەکان یان خۆیان ماڵاوایی لە چەکەکانیان دەکەن یان بە چەکەکانیانەوە لە سووریادا دەیاننێژین. ئێمە ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لەنێودەبەین، کە دەیەوێت دیوارێک لە خوێن لەنێوان ئێمە و برا کوردەکانماندا درووست بکات.
بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئیستەنبووڵ بۆ لێکۆڵینەوە ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئەوان ئەمڕۆ، سبەی و ڕۆژانی دواتر بکوژرێن و سزابدرێن. بکوژ دەکوژێت و پێویستە تیرۆریستان بکوژرێن. جەختی لەوەش کردەوە، هیچ چارەسەرێک نییە تەنیا کوشتنیان نەبێت، دەبێت تفیان لێبکرێت.
بێژەری کەناڵەکە قسە بە بەکر ئاتاجان دەبڕێت و پێی دەڵێت: بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە، کە لە ڕێگەی کەناڵی بی بی سیییەوە بانگەشە بۆ کوشتن بکرێت و سەرکۆنەی قسەکانی دەکات.
هێزەکانی سووریای دیموکرات نزیکەی 100 هەزار چەکداری هەیە. زۆرینەیان چەکدارە کوردەکانی یەپەگە و ئەپەژەن، ئەوانەی دیکەش عەرەب و کەمینەکانی دیکەی سووریان. تورکیا هێزەکانی یەپەژە و یەپەگە بە درێژکراوەی پەکەکە لە سووریا دەزانێت.
گەورەترین نیگەرانیی ئەمنیی ئەمریکا لە سووریا چەکدارانی داعشن، بەڵام بۆ تورکیا هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوان، بەتایبەت پەیەدەیە و پێیوایە لە #پەکەکە# وە نزیکە.[1]