هێمن عەساف
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (#مەسەدە# ) لە واشنتن ڕایگەیاند، پێش هەموو شتێک دەبێت کورد ماڵی خۆی ڕێکبخات ئینجا بەرەو دیمەشق بچێت، بەپێچەوانەوە ڕۆڵیان لەوێ لاواز دەبێت.
بەسام ئیسحاق، نوێنەری مەسەدە لە واشنتن میوانی بووڵتەنی کاژێر 16:00ی ڕووداو بوو، کە محەمەد عیزەدین پێشکەشی دەکات. هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین دۆخی کورد لە سووریای پاش بەشار ئەسەد کرد و ڕایگەیاند، ئەمریکا هەوڵدەدات دید و بۆچوونە جیاوازەکانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردی لەیەکدی نزیک بکاتەوە.
نوێنەری مەسەدە لە واشنتن دەڵێت ئەمریکییەکان هەمیشە پێداگربوون بەوەی چارەسەرکردن هەمیشە لە ڕێگەی دەسەڵات لە دیمەشقەوە بکرێت. تەنانەت ئەم درووشمەیان تاوەکوو چەند ڕۆژێک پێش ڕووخانی بەشار ئەسەد دووبارە دەکردەوە. بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیەش دەبێت لایەنە سیاسییەکان ڕیزەکانیان یەکبخەن و پێم وایە دەبێت سەرەتا دیالۆگی نێوماڵی کورد لەنێوخۆوە بەبێ دەستوەردانی دەرەکی دەستپێبکات. ئینجا قۆناخەکانی دیکە تێپەڕێت.
بەسام ئیسحاق بە پێویستی دەزانێت کورد نێوماڵی خۆی ڕێکبخاتەوە، ئەو کارە ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و لێکتێگەیشتن ڕوودەدات و لەئەنجامدا تیمێکی بەهێز بۆ دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق پێکدێت. لەم قۆناخەدا نابێت پاساوی ئەوە بدەین، کورد پەرشوبڵاوەوە و یەکگرتوو نین، بۆیە دەبێت کورد یەکدەنگ، یەکڕەنگ و یەکهێز بن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی هەمووانیان هەبێت.
ئەو بەرپرسەی مەسەدە پێیوایە ئەگەر ئەمریکا بیەوێت ڕێگری لە سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش بکات، دەبێت لە پشتیوانییەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوام بێت.
لەبارەی هەڵوێستی تورکیا بەرانبەر کوردی ڕۆژاوا، ئەو بەرپرسەی مەسەدە بە ڕووداوی ڕاگەیاند، ئەمە پەیوەندیی بە تورکیاوە هەیە، ئەگەر سیاسەتی میانڕەو بگرێتەبەر و خۆی بەزل نەزانێت دەبێت ڕێز لە هەمووان بگرێت، ڕێز لە کورد بگرێت و تۆمەتباریان نەکات. پێچەوانەی ئەمە ئەگەر پەڕوباڵی لایەنێک بکات و پشت لەلایەنێکی دیکە بکات و خۆی بسەپێنێت و ئیرادەی خۆی بسەپێنێت و سنوورە ئاوییەکان سەرلەنوێ دابڕێژێت، ئەمە ناکۆکیی زۆری لێ دەکەوێتەوە و گەلی سووریا قبووڵی ناکات وەک چۆن سەرباری هەوڵەکانی، ئێران نەیتوانی ڕژێمی خۆی دابمەزرێت، تورکیاش ناتوانێت هەمان شت بکات.
بەسام ئیسحاق وتی هەموو کورد چاویان لەوەیە لەگەڵ دیمەشق گفتوگۆ بکەن، تورکیاش دەبێت خۆی یەکلایی بکاتەوە لە بابەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردانی سووریا.
تورکیا داوا لە هەسەدە دەکات ڕیزەکانی لە پەکەکە پاکبکاتەوە. نوێنەری مەسەدە لەبارەی ئەو داوایەی تورکیاوە دەڵێت: ئەمە کارتی گوشارە، ئاساییشی نیشتمانیی تورکیا نەکراوەتە ئامانجی هەڕەشەکانی هیچ پێکهاتەیەکی سووری. ئێمە هیچ بەرژەوەندییەکمان نییە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا یان دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی تورکیا داوا لە تورکیاش دەکەین دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریادا نەکات. [1]