ناونیشانی بابەت: ئەوەی دۆمینەکەی ئەمەریکای لە عێراق تێکدا ھەر دەبێ بڕووخێت!
ناوی نووسەر: #جەمال عەبدوڵڵا#
ئەم وتارەی ئەمڕۆم بەشی نۆیەم و کۆتایی زنجیرە وتارێکە کە ناونیشانە سەرەکییەکەی لە بەشی یەکەمدا بریتی بوو لە (بەعسی سووریا 33 ساڵە ڕووخاوە، بەڵام دوو ڕۆژە بەفەرمی ڕاگەیەندراوە).
لە بەشی یەکەم تا پێنجەم، ئاماژەم دابوو بە ھۆکارە ناوخۆییەکانی ڕووخانی ھەریەک لە یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو، کە میکایل گۆرباچۆڤ وەک دواسەرۆکی ئەو یەکێتیی سۆڤێتە، خۆی لە 25ی 12ی 1991 لەجیاتی بێژەر ھاتە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن و بەفەرمی ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێتی لە لینینەوە ھەتا خۆی ڕاگەیاند و لە 8ی 12ی 2024یش بە فەرمی ڕووخانی بەعسی سووریا لە تەلەڤزیۆنی سووریاوە ڕاگەیەندرا.
لە بەشی شەشەمەوە ھاتوومەتە ناو ھۆکارە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی ڕووخانی بەعسی سووریا و ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەست بە بەشی نۆیەم و کۆتایی دەکەم:
1 - دۆمینۆ، کە خۆمان بە شێوە میللییەکەی پێی دەڵێین دۆمینە، لە زۆر لە وڵاتانی دنیا یارییەکی میللییە، بەڵام دواتر و لە سەرەتای ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەمەریکییەکان بە ئیلھاموەرگرتن لە پوولەکانی یاریی دۆمینە، تیۆرێکی جیۆسیاسی واتە (جوگرافیای سیاسی)یان ھەڵھێنجا، کە ئەوکات لەگەڵ سۆڤێتی شیوعی لە ململانێدا بوون و بە گوێرەی ئەم تیۆری دۆمینەیە، ئەمەریکییەکان پێیانوابوو ھەر وەک چۆن ئەگەر پوولەکانی دۆمینە لەتەنیشت یەکەوە و بە ڕاوەستاوی دابنرێت، ئنجا یەک پوولیان بەر پوولی تەنیشتی خۆی بکەوێت، تەختی دەکات، ئیتر پوولی دووەم لە سێیەم دەدات و سێیەم لە چوارەم و بەم شێوەیە ھەر 28 پوولەکە یەک لەدوای یەک دەکەون، ئا ئەوھاش لە ھەر ناوچەیەکدا ئەگەر یەک دەوڵەت بکەوێتە ژێر کاریگەریی شیوعییەکانی سۆڤێت و بڕووخێت، ئیتر بەدوایدا ئەو دەوڵەتە وەک پوولی یەکەم بەر دەوڵەتێکی تەنیشت خۆی دەکەوێت، دەوڵەتی دوومیش وەک پوولی دووەم بەر دەوڵەتی سێیەم، وەک پوولی سێیەم دەکەوێت و ئیتر بەم شێوەیە دەوڵەتانی ناوچەکە، کە لێکتر نزیکن و بەتەنیشت یەکەوەن، ھەر وەک پوولە ڕاوەستاوەکانی دۆمینە، یەک لەدوای یەک، بەر یەکتر دەکەون، ھەتا گشت دەوڵەتانی تەنیشت یەکتر تەخت دەبن و دەکەونە ژێر ڕکێفی سۆڤێت.
2 - ئنجا ھەر لەسەر بنەمای تیۆری دۆمینە، کە ئەمەریکا لە ساڵی 2003 ڕژێمی بەعسی سەدامی لە عێراق ڕووخاند، بەرنامەکە وابوو، ئەگەر عێراق لە ناوچەکەدا ببێت بە دەوڵەتێکی دیموکراسی، ئەو کاتە عێراق وەک پوولی یەکەمی دۆمینەکە بەر یەکێک لە دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی دەوروبەری خۆی دەکەوێت و تەختی دەکات، ئنجا بەدوایدا ئەم دەوڵەتەش وەک پوولی دووەم لە دەوڵەتێکی دیکەی دەوروبەری خۆی دەدات و تەختی دەکات و ئیتر ئا ئەوھا دەڕوات، ھەتا ھەموو پوولەکانی تەنیشت یەکتر، وەک پوولەکانی دۆمینە تەختی زەوی دەبن! بەڵام:
3 - ئەو کاتە، واتە ھەر لەدوای ساڵی 2003وە، ھەندێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە، کە سووریا یەکێک بوو لەوان، ھاتن ھەموو ھەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی ئەم دۆمینە سیاسییەی ئەمەریکا لە عێراق تێکبدەن و فیعلەن بۆ ماوەی 20 ساڵ ئەم یارییەیان لە ئەمەریکا تێک دا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سەدام و ئەو کاتەی حەماس لە 7ی 10ی 2023 ھێرشە تیرۆریستییەکەی کردە سەر ئیسرائیل، ئیتر ئەمە دەرفەتێکی باش بوو، بۆ ئەوەی ئەمجارە تیۆری دۆمینە سیاسییەکە بخرێتەوە کار، بەڵام ئەمجارە لەجیاتی ئەوەی لە عێراقەوە دەست پێبکات و عێراق ببێت بە پوولی یەکەم، لە غەزەوە دەستی پێکرد و غەزە بوو بە پوولی یەکەم، کە ئەوێ وەک پوولی یەکەمی دۆمینەکە کەوت، ئنجا بەر پوولی دووەم واتە لوبنان و حزبوڵا کەوت، کە پوولی دووەم کەوت ئنجا بەر پوولی سێیەم واتە سووریای بەعس کەوت.
کەواتە:
ئەوەی دۆمینەکەی ئەمەریکای لەدوای ساڵی 2003 و لە عێراق تێک دا، کە ڕژێمی بەعسی سووریا یەکێک بوو لەوان، ھەر دەبوایە بڕووخایە، چونکە پوولی دووەم، کە لوبنان و حزبوڵا بوو، خۆی پیا کێشا. جا ئایا سووریا وەک پوولی سێیەم خۆی دەکێشێت بە کام پوولدا، وەک پوولی چوارەم؟ ئەمە نازانم، بەڵام ئەوەندەی چاودێریی جموجووڵەکان دەکەم و ئەم کۆنترۆڵکردنی سنوورانە لەم چواردەورەدا دەھێنمە بەرچاوی خۆم، ھەست دەکەم سووریاش خۆی دەکێشێت بە شوێنێکدا، ئەو شوێنەش خۆی دەکێشێت بە شوێنێکی دیکە دا و ئیتر ئا ئەوھا! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=