ناونیشانی بابەت: ئەوەی لە 1991 و 1993 تێنەگات ھەر دەبێت بڕووخێت
ناوی نووسەر: #جەمال عەبدوڵڵا#
ئەم وتارەی ئەمڕۆم بەشی شەشەمی زنجیرە وتارێکە کە ناونیشانە سەرەکییەکەی لە بەشی یەکەمدا بریتی بوو لە (بەعسی سووریا 33 ساڵە ڕووخاوە، بەڵام دوو ڕۆژە بەفەرمی ڕاگەیەندراوە).
لە بەشەکانی پێشوودا ڕووخاندنی یەکێتیی سۆڤێتیی پێشوو و بەعسی سووریام بەیەکەوە بەستبووەوە و ئەوەندەی بۆ وتاری ڕۆژانەی ڕۆژنامەوانی دەست دەدات، بە ھەندێک نموونەی ساکار ئاماژەم بە ھۆکارە ناوخۆییەکانی ڕووخاندنی ھەردوو ڕژێمەکە، واتە یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو و بەعسی سووریا کردبوو. لەم بەشەیانەوە دەچمە ناو ھۆکارە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی ڕووخاندنی ئەو دوو ڕژێمە فەوتاوە و بەم شێوەیە دەست پێدەکەم:
کاتێک میکایل گۆرباچۆڤ، دواسەرۆکی ئەوەی خۆیان پێیان دەگوت یەکێتیی سۆڤێت، خۆی لە 25ی 12ی 1991 و لەجیاتی بێژەر ھاتە سەر شاشەی تی ڤی و بە فەرمی ڕووخاندنی یەکێتیی سۆڤێتی لە لینینەوە ھەتا خۆی ڕاگەیاند، ئیتر دەبوایە سووریای بەعس و حافز ئەسەد و ئنجا ھەموو ڕێکخراوەکانی فەلەستین، بە فەتحی عەرەفات و بەرەی گەلی جۆرج حەبەش و بەرەی دیموکراتیی نایف حەواتمە و حەماس و حزبوڵای لوبنانیشەوە، زۆر باش لەوە تێبگەییشتنایە، ئیتر ئەوەی لەپێش ڕووخاندنی یەکێتیی سۆڤێتەوە بۆیان لواوە، دوای ڕووخاندنی یەکێتیی سۆڤێت بۆیان نالوێت، بەڵام ئەمانە ھەر خەریکی کات کوشتن و خۆخەڵەتاندن و خەڵک ھەڵخەڵەتاندن بوون، ھیچ کام لەمانە لە ساڵی 1991 تێنەگەییشتن، تەنانەت سەدام حوسێنییش بە تاریق عەزیزی پیاوە زیرەک و دیپلۆماسییەکەی لای خۆیشیەوە، لە ساڵی 1991 تێنەگەییشت، ھەتا ڕووخاش ھەر بەتەمای داگیرکردنەوەی ھەرێمی کوردستان بوو!
ئنجا:
دوای ساڵی 1991 و لە ساڵی 1993 و لە گەرمەی گفتوگۆی نێوان عەرەفات و ئیسرائیلدا، شیمۆن پێرێس (Shimon Peres) کە ئەو کاتە لەناو کابینە حکوومییەکەی ئیسحاق ڕابین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بوو، لە کتێبێکی خۆی، کە من چاپە عەرەبییەکەیم لایە و لە ساڵی 1994 و بە ناونیشانی (الشرق الاوسط الجديد) چاپ کراوە، دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ”ساڵی یەکەمی تەمەنی حکوومەتە ئیئتیلافییەکەمان بوو لە ئیسرائیل، لەناو گفتوگۆ زۆرەکانم لەگەڵ کەسایەتییە گەورەکانی ئەورووپا، بەرنامەیەکم بۆ دامەزراندن و ھێنانەئارای ڕۆژھەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێی خستە ڕوو، کە ھەروەک یەکێتیی ئەورووپا ئێمەش لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ئابوورییەوە دەست پێبکەین و بیبەستینەوە بە گفتوگۆی سیاسی و ئنجا بپەڕینەوە بۆ سەقامگیری.“
پێرێس درێژەی دەداتێ و دەڵێت: ”ئەم بیرۆکەیە، واتە بیرۆکەی دامەزراندنی ڕۆھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، بووە ھۆی گەشانەوەی خەیاڵی ھاوپەیمانەکانمان، وەک سەرکۆماری فەرەنسا فرانسوا میتران، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ھیلمۆت کۆڵ، سەرۆکی کۆمەڵەی ئەورووپا جاک دیلۆر و جاک دیلۆر وای دەبینی، کە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بیرۆکەیە بۆ ئەورووپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش، توانایەکی گەورە لەبەردەستدایە“
بەڵام:
کاتێک لە ساڵی 1994 کتێبەکەی شیمۆن پێرێس (الشرق الاوسط الجديد) بڵاو کرایەوە و دواتریش بۆ سەر 30 زمانی جیھان وەرگێڕدرا، ئنجا وەک خووی ھەمیشەییان، کە لە بنەڕەتدا لە باش نەخوێندنەوەی بارودۆخی نێودەوڵەتیی نوێ و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و نەزانی و نەفامیی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتبوو، بەشی ھەرەزۆری عەرەبەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بە فەلەستینییەکان و ھاوپەیمانەکانیشیانەوە، تەنانەت بەشی زۆری ئەو عەرەبانەی، کە خۆیان بە ڕۆشنبیر دەزانی، کەوتنە ھێرش و پەلاماردانی بیرۆکەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ.
کەواتە ھەروەک ئەوەی لە ساڵی 1991 لە ڕووخاندنی یەکێتیی سۆڤێت تێنەگەییشن، ئا ئەوھاش لە بیرۆکەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ تێنەگەیشتن کە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە ساڵی 1993 خستیە ڕوو و ھەر ئەو کاتانە ئەورووپا لەگەڵ بیرۆکەکە بوون و بوونە ھاوپەیمانی ئەو بیرۆکەیەی شیمۆن پێرێس، ئیتر واز لە ئەمەریکا بێنن، چونکە ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل مسۆگەرە!
کەواتە:
ئەوەی جارێک لە ساڵی 1991 تێنەگات و جارێکی دیکەش لە ساڵی 1993 تێنەگات و ھەر خەریکی چاو و ڕاو و ھەر خەریکی دەستی دەستی پێکردن و کات کوشتن بێت، ھەر دەبێت وەک بەعسی سووریا بڕووخێت! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=