ناونیشانی بابەت: کە 400 گرام سابوون ڕاینەچڵەکاندیت، ھەر دەبێت بڕووخێیت!
ناوی نووسەر: #جەمال عەبدوڵڵا#
ئەم وتارەی ئەمڕۆم بەشی چوارەمی زنجیرە وتارێکە، کە ناونیشانە سەرەکییەکەی لە بەشی یەکەمدا بریتی بوو لە (بەعسی سووریا 33 ساڵە ڕووخاوە، بەڵام دوو ڕۆژە بەفەرمی ڕاگەیەندراوە). لەم زنجیرە وتارەدا، ھەوڵم داوە ڕووخاندنی یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو و بەعسی سووریا بەیەکەوە ببەستمەوە و ھەتا ئێستا لەناو ھۆکارە ناوخۆییەکانی ڕووخاندنی ھەردوو ڕژێمی سۆڤێت و بەعسی ڕووخاو لە سووریا ماومەتەوە، بەڵام دواتریش دێمە سەر ھۆکارە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی ڕووخاندنی ئەو دوو ڕژێمە، ئنجا ئەم بەشە بەم شێوەیە دەست پێ دەکەم:
1 - دوای ئەوەی میکایل گۆرباچۆڤ– ی دوا سەرۆکی ئەوەی خۆیان پێیان دەگوت یەکێتیی سۆڤێت، لە ژێر دروشمی (بیریسترۆیکا و گلاسنۆست) واتە سەرلەنوێ بیناکردنەوەی ئابووری و شەفافیەت، دەستی دایە ھەندێک کرانەوە و چاکسازی، ئیتر وردە وردە دیواری ترس شکا و لە ساڵی 1989 کرێکارانی کانەخەڵووزەکانی ڕووسیا، کە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژیان، دەستیان دایە مانگرتن و یەکێک لە داواکاریەکانیان بریتی بوو لەوەی، کە دەوڵەتی سۆڤێت لە مانگێکدا تەنیا 400 گرام سابوون بۆ ھەر کرێکارێکی کانەخەڵووزەکان دابین دەکات، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بڕی سابوون بۆ ھەر کرێکارێک لە مانگێکدا بکرێت بە 800 گرام (جا تۆ سەیرکە، دوای تێپەڕبوونی 78 ساڵ بەسەر ئەوەی خۆیان پێیان دەگوت شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆشیالیستی و بەھەشتەکەی کرێکاران، مانگی 400 گرام سابوون بۆ خۆشوشتن و جلوبەرگ شوشتن بۆ ھەر کرێکارێک دابین بکەیت، کرێکاری کوێش بیت؟ کرێکاری کانە خەڵووز، کە ئەگەر ڕۆژانە ڕەشیی دەست و دەموچاوی بەتەواوی پاک بکاتەوە، ئەو 400 گرام سابوونە بەشی 15 ڕۆژی ناکات و دەبێت 15 ڕۆژەکەی دیکە بە ئاو و خۆڵ قوڕ بگرێتەوە بۆ دەستودەموچاو شوشتن! ئائەمەش کۆمۆنیزمە ڕووسییەکە بوو، کە دەیانگوت لە قۆناغی باڵای سۆشیالیزم ئەم دروشمە جێبەجێ دەکرێت (ھەر کەس بەگوێرەی پێویستی خۆی، واتە ئەوەندەی دەتوانی ئەوەندە کار بکە، بەڵام ھەرچەندێکت بۆ ژیانی ئاسوودەیی خۆت پێویست بوو بۆت دابین دەکرێت!).
2 - برادەرێکی سووری دەناسم، کە زۆر بەر لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سووریا ھاتووەتە ھەولێر و ئێستا لە ھەولێر کارگوزارە و بێ کێشە دەژی، دوو مانگ بەر لە ڕووخاندنی بەعسی سووریا، نازانم بۆچی ئەم پرسیارە ھات بە خەیاڵمدا و پێم گوت تۆ لە سووریا چۆن دەژیایت؟ لە وەڵامدا پێی گوتم من 11 ساڵ لەناو سوپای سووریا سەرباز بووم، ئێستاش برایەکم ئەفسەرە لەناو سوپای سووریا، ئنجا کە دوای 11 ساڵ بەناچاری و بەردەوام سەرباز بووم و لەبەر ئەوەی لەو 11 ساڵەدا ھیچ سەرپێچییەکەم نەبوو، 55 دۆلار پاداشتیان کردم، منیش پێم گوت ئەی لەو 55 دۆلارە ھیچت لێ پاشەکەوت نەکرد؟ ئەویش واقی وڕ ما و نەمھێشت قسە بکات، پێم گوت مەبەستم ئەوەیە ئایا لەو 55 دۆلارە بۆ نموونە 30 دۆلارت لێ پاشەکەوت نەکرد، بۆ ئەوەی بە 20 دۆلاریان ئوتومبێلێک بکڕیت! و بیکەیتە تاکسی بۆ خۆ ژیاندن و بە 10 دۆلارەکەی دیکە شوقەیەکی 40 مەتری بکڕیت بۆ حەوانەوەی دوای کارکردنی خۆت؟! ئنجا سەیرێکی کردم و بە پێکەنینەوە پێی گوتم، بە 11 ساڵ لەناو سوپای سووریا شێت نەبووم، بەڵام تۆ بەم قسانە خەریکە شێتم دەکەیت.
بەھەر حاڵ، ئەوەی 400 گرام سابوون بۆ یەک مانگی کرێکارێکی ناو کانە خەڵووزەکان ڕاینەچڵەکێنێت، دەبێت ھەر وەک سۆڤێت بڕووخێت و ئەوەشی دوای 11 ساڵ سەربازیکردن بێ ھیچ سەرپێچی و بە ھەموو پابەندی و دیسپلینێکی سەربازییەوە لەناو سوپای سووریا سەرباز بێت، ئنجا 55 دۆلار پاداشتی بکەیت، ھەر دەبێت وەک بەعسی سووریا بڕووخێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=