ناونیشانی بابەت: کە خاوەنی 17 و 24 و 66 بوویت، ھەر دەبێ بڕووخێیت!
ناوی نووسەر: #جەمال عەبدوڵڵا#
ئەم وتارەی ئەمڕۆم، بەشی سێیەمی زنجیرە وتارێکە کە ناونیشانە سەرەکیەکەی لە بەشی یەکەمدا بریتی بوو لە (بەعسی سووریا 33 ساڵە ڕووخاوە بەڵام دوو ڕۆژە بەفەرمی ڕاگەیەندراوە) لەم زنجیرە وتارەدا ھەوڵم داوە ڕووسیای سۆڤێت و بەعسی سووریا بەیەکەوە ببەستمەوە، یەکەمیان دوا سەرۆکی سۆڤێتی ڕووخاو، میکایل گۆرباچۆڤ خۆی لە 25ی 12ی 1991 لەجیاتی بێژەر ھاتە سەر شاشەی تی ڤی و ڕووخاندنی سۆڤێتی ڕاگەیاند، دووەمیان لە 8ی 12ی 2024 کاتێک بەشار ئەسەد بەرەو ڕووسیا ڕۆییشتبوو، ڕووخاندنی بەعسی سووریایان لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریاوە ڕاگەیاند... بەشی سێیەم بەم شێوەیە دەست پێدەکەم:
جارێ بۆچی ئەم سێ ژمارەیە (17، 24، 66)م لە ناونیشانی ئەم بەشەی وتارەکەم داناوە؟ دەبا ڕاستەوخۆ پێتان بڵێم: ئەوە لە بەر سێ کودەتایە (17 و 24) پەیوەندیی بە دوو کودەتای ناو ڕووسیا ھەیە و (66)یش پەیوەندیی بە کودەتایەکی بەعسییەکانی سووریاوە ھەیە، چۆن؟
بە کورتی:
1 - ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 لینین و برادەرەکانی، بە ناوی شۆڕشی سۆشیالیستی و دروستکردنی بەھەشتێک بۆ کرێکاران، کودەتایەکیان بەسەر حکوومەتێکی فرەلایەنی ڕووسیادا کرد کە ئەلێکساندەر کیرینسکی سەرۆکایەتیی دەکرد کە ھەر لە شوباتی ئەو ساڵەدا، واتە شوباتی ساڵی 1917 دامەزرابوو، بەڵام لینین و برادەرە بەلشەفیەکانی هەشت مانگ دواتر کودەتایان بەسەر کرینسکیی ھاوپەیمانیاندا کرد، ئەم کودەتایە لەجیاتی دروستکردنی بەھەشتێک بۆ کرێکاران، بوو بە سەرەتای دروستکردنی دۆزەخێکی کەموێنە بۆ زۆرینەی ڕووسەکان و ئنجاش گەلان و نەتەوەکانی ناو چوارچێوەی ئەوەی خۆیان ناویان لێ نابوو (یەکێتیی سۆڤێت.)
2 - کە لینین لە ساڵی 1924 دەمرێت، ئنجا ستالین دەست دەکات بە کودەتای دووەم دژی ھەموو نەیارانی خۆی، بە شێوەیەک تەنیا لە ساڵی 1934 تا 1938 واتە لە ماوەی 4 ساڵدا حەوت سەد ھەزار نەیاری خۆی تیرۆر و پاکتاو دەکات. تەنانەت لە مەکسیک و بە دوورخراوەیی و دەربەدەرییش وازی لە لیۆن ترۆتسکیی برادەری پێشتری خۆی کە پێشتر دامەزرێنەری سوپای سووری سۆڤێت بوو، نەھێنا و ساڵی 1940 بە ھۆی بەکرێگیراوێکی ھەواڵگریی ڕووسیاوە، لەناو ماڵەکەی خۆیدا تیرۆریان کرد.
3 - 23ی شوباتی ساڵی 1966 بەشێک لە بەعسیەکانی سووریا کودەتایان بەسەر بەشێک لە برادەرەکانی خۆیاندا کرد، مونیف ڕەزاز کە خۆی ساڵی 1919 لە دیمەشق لەدایک بووە و لە ساڵی 1950 پەیوەندیی بە بەعسەوە کردووە و کۆلێژی پزیشکیی لە زانکۆی قاھیرە تەواو کردووە، بەر لە کودەتاکەی بەعس، لە ساڵی 1966 ئەمینداری گشتیی حزبی بەعس بووە، لە کتێبێکی خۆیدا بە ناونیشانی (التجربة المرة) واتە ئەزموونێکی تاڵ و ئەمساڵ چاپ کراوە، بە دوورودرێژی باسی بەعس و کودەتاکانیان و ئەو وەحشیگەریە دەکات کە بەعسیەکان بەسەر خەڵک و تەنانەت برادەرەکانی خۆیشیاندا ھێناویانە.
کەواتە:
ئەوانەی لەپشت سەری خەڵکەوە و بە کودەتا دێنە سەر حوکم و لەدوای کودەتاش بێ ھیچ کرانەوە و ھەڵبژاردن و گوێدان بە خەڵک، درێژە بە سەرکوت و ستەمکاریی لەڕادەبەدەری خەڵک دەدەن، ھەر دەبێت وەک سۆڤێتی پێشوو لە 25ی 12ی 1991 بڕووخێن و ببن بە 15 پارچەوە و وەک بەعسی سووریاش لە 8ی 12ی 2024 بڕووخێن و ببن بە، جارێ نازانم بە چەند پارچەوە! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=