هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی #کۆما جڤاکێن کوردستان# (کەجەکە) ڕایگەیاند، لە ساڵی نوێدا داوا لە هەموو لایەک دەکەن، بەو ڕووحیەتە کار بکەن، کە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەبێت، پرسی کورد چارەسەر دەبێت و تورکیا و هەرێمەکە دیموکراتیک دەبن.
لە پەیامەکەی کەجەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە #31-12-2024# بڵاوکراوەتەوە، باسی ساڵی ڕابردوو کراوە: لە جیهان، هەرێمەکەمان و وڵاتەکەمان شەڕی دابەشکردنی جیهانی سێیەم قووڵبووەوە، زیانی گەورەی گیانی و برینداری زۆری لێکەوتەوە، ناوچەی زیاتری تەنی و بەردەوام بوو. برسێتی، توونییەتی، دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاریی تەندرووستی، هەژاری، بێکاری، هەلومەرجی ژیان دژوارتر بوون و زۆر شوێنی گرتووەتەوە.
کەجەکە پێیوایە تورکیا شەڕەکانی 2024ی وەکوو دەرفەت قۆستووەتەوە و بۆ پاکتاوکردنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان، هیچ شتێک نەما نەیکات. گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ درێژە پێدا، لە دژی گەریلاکان درێژەی بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی دا، دژوارترین ئەشکەنجەی لە دژی زیندانیانی ئازادیی کرد و، نکۆڵی لە مافە یاسایی و گەردوونییەکان کرد و هەموو جۆرە پێشێلکارییەکی کرد.
کەجەکە باسی ڕووداوەکانی ئەمدواییەی سووریا دەکات و دەڵێت: لەگەڵ پەرەسەندنەکانی سووریا، چەتەکانی سوپای نەتەوەیی سووریا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە بەرانبەر گەلی کورد دا، زیاتر لە سەد هەزار مرۆڤیان ئاوارەکرد، ژنان و منداڵانیان کوشت.
لە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی چەکدارانی هەتەشە بە ناوی بەرپەرچدانەوەی شەڕانگێزی لە 25ی 11ی 2024 لە دژی سوپای سووریا، چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی گزنگی ئازادی ڕاگەیاند، بەڵام ئەوان هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە چڕکردەوە و دەستیان بەسەر ناوچەی شەهبا و منبج دا گرت، ئێستا دەیانەوێت دەست بەسەر بەنداوی تشریندا بگرن، بەڵام شەڕڤانانی هەسەدە بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە.
شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ڕۆژی شەممە، 28-12-2024، لە گرتووخانەی ئیمراڵی کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە لە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ دەستی پێ کرد و زیاتر لە 5 کاژێری خایاند.
کەجەکە دەڵێت: ئەو دیدارە لە ئەنجامی هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی، بەرخودانی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان، گەلەکەمان و دۆستانمان لە کوردستان و تەواوی جیهان، بە ئەنجام گەیشت.
هەر سەبارەت بە دیدارەکەی ئیمراڵی و پەیامی ئۆجەلان لە دوای دیدارەکە، کەجەکە دەڵێت: ڕوانینەکانی ڕێبەرایەتیمان لە دوا ڕۆژەکانی ساڵی 2024دا وەک مانیفیستۆیە و لە ساڵی نوێدا دەبێتە ڕێنیشاندەری تێکۆشانمان.
کەجەکە لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوا لە گەلی کورد، سەرجەم دۆستانی، و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی لایەنگری چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیبوونی تورکیا دەکات کە لەسەر ئەو بنەمایە تێبکۆشن، کە لە ساڵی نوێدا ئۆجەلان ئازاد دەبێت، پرسی کورد چارەسەر دەکرێت، ئاشتی و ئارامی هەرێمەکە و سەرتاسەری جیهان دەگرێتەوە.[1]