ناونیشانی بابەت: چۆن سەیری تەلەڤزیۆن بکەین
نووسینی: #ئاراس سەعید#
تیۆدۆر ئادۆرنۆ (1903-1969) سۆسیۆلۆگ و فەیلەسووفی قوتابخانەی تیۆری فرانکفۆرت
لە ساڵی 1954 لە وتارێکدا، بە ناونیشانى (چۆن سەیری تەلەڤیزیۆن بکەین/ How to Look at Television) کە دواتر تێزەکەی لە پەرتووکێکدا لە ساڵی 1991دا بەناوی (پیشەسازی کولتووری/Culture Industry) بڵاو کردەوە.
لەتێزەکەیدا ئادۆرنۆ، ئاماژە بەوە دەکات لە کولتووری ئەمڕۆدا کەس لە کاریگەریی میدیا و تەلەڤزیۆن قوتاری نابێت، ئەمەش بەهۆی توانا و دەسەڵاتی میدیا بۆ دەستڕاگەیشتن بە خولیا و ئارەزووەکانی ئێمە و، چۆنییەتی لەقاڵبدانی بیرکردنەوەمان. ئەوەی کە میدیای مۆدێرن لە ئێمەدا دەستی پێدەگات، شتێکە کە ئادۆرنۆ دەڵێت: جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لە سەدەی نۆزدەیەم کە میدیا توانای ڕاوکردنی هەموو کەسێکی نەبوو. ئەمەش بەهۆی سادەیی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بینەر، وەک ئەوەی لە کوێ دەژیا یان بەشێک بووە لە کام چینی کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا ئێستا، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کۆمەڵناسی بینەردا ڕوویداوە و (Adorno 1991: 161) لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنان و هەڵبژاردنی سەکۆی بینیندا تێکەڵ بووە. (کولتووری باوی میدیایی) دەستی بەسەر هەموو میدیاکان و ناوەرۆکی هونەریدا گرتووە و ناوەرۆکەکەی ئاڕاستەی هەمووان دەکرێت و ڕزگاربوون لێی قورستر دەکات. بەرهەمی میدیاکان بە ڕادەیەک زیادی کردووە کە خۆ لێ دوور خستنەوەیان نزیکە لە مەحاڵەوە؛ تەنانەت ئەوانەی پێشتر لە کولتوری باو دوور بوون چ دانیشتووانی گوندنشین لەلایەک و ئەوانەی ڕۆشنبیرییەکی ئاست بەرزیان هەبوو (وەک یەک) کاریگەرییان لەسەرە. (Adorno 1991: 160) ئادۆرنۆ ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی میدیا کاریگەریی سیحری ڕاکێشانی بۆ هەموو کەسێکە وەک یەکە و دەڵێت کە لەناو بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا بۆ نموونە: هەندێک چوارچێوەی ئاماژەدان هەن، هەر ئەم چوارچێوەی ئاماژەپێدانانەن کە چەشنە پەیوەندیدارە تایبەتییەکان بۆ بینەر بەرهەم دەهێنن، ئەو ئەمانە بە (کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە-دەروونییەکان) ناودەبات (Adorno 1991: 158) کە ئەم جۆرە کاریگەرییانە دەتوانن کاریگەریی زیانبەخشیان لەسەر کۆمەڵگە هەبێت چونکە ڕەنگە مرۆڤەکان نەک تەنیا تێڕوانینێکی ڕاستەقینە بۆ واقیع لەدەست بدەن، بەڵکوو لە کۆتاییدا ڕەنگە هەر توانایان بۆ ئەزموونی ژیان بەهۆی لەچاوکردنی بەردەوامی چاویلکەی شین و پەمەییەوە مات بێت. (Adorno 1991: 171) بە ونکردنی ئەوەی کە چی ڕاستەقینەیە و چ ساختەیە. سەرەڕای ئەوەش، ئادۆرنۆ پێی وایە کە تەلەڤزیۆن فۆڕمی هونەری خۆی لەدەستداوە و ئێستا گرنگی بە ژمارەی بینەران دەدات بە پێچەوانەی کواڵیتیی بەرنامەکان. ئەمەش بە بۆچوونی ئەو بووەتە هۆی سەردەمێک کە میدیا زانیاری بەشێوەی (تۆتۆلۆژیی/ هەمان بێژی) بەرهەم دەهێنێت (Adorno 1991: 169)، بۆیە بینەران هەست دەکەن کە پێشتر ئەو بەرهەمەیان بینیوە، یان لانی کەم پێشتر هەمان فۆرمیان ئەزموون کردووە.
$پیشەسازی کولتووری$
بەدیدی ئادۆڕنۆ سیستەمی سەرمایەداری لە ڕێگەی (پیشەسازی کولتوورییەوە) پەیکەربەندی مرۆڤ دادەڕێژێتەوە بۆ تایپێک لە مرۆڤی نامۆ و پاسیڤ. بەدەربڕێنکی دیکە؛ پیشەسازی کولتووری سوبێکت لە جەوهەری خۆی دادەماڵێت و دەیگۆڕێت بۆ تایپێک، کە نموونەى جەستە و ڕۆحیان بەگوێرەى پڕۆگرام و ئامڕازە تەکنیکییەکان بێت. دەتوانرێت بڵێین ئەمە نوێنەرایەتی ئەوە دەکات کە چۆن میدیا بووەتە بەرهەمی کۆمەڵگەی سەرمایەداری.
بۆچوونەکانی ئادۆرنۆ لە بۆچوونەکانی ئاڵتۆسێرەوە نزیکە (ئاڵتۆسێر ئەمە بە ئامێری دەوڵەتی ئایدیۆلۆژی ناودەبات) کە وای کردووە کە پەیامە ئایدیۆلۆژییەکان ئاسانتر کاریگەریان هەبێت لەسەر جەماوەر. بەڵام ئادۆرنۆ پێی وایە ئەمانە (پەیامی شاراوەن) لەژێر کۆنتڕۆڵی هۆشیاری دەرباز دەبن و لە مێشکی بینەردا نوقم دەبن بەبێ ئەوەی ئاگاداری ڕوودانی بێت؛ (پەیامی شاراوە لە کۆنترۆڵی هۆشیاری دەرباز دەبێت، سەیری ناکرێ). ئادۆڕنۆ بۆ تێگەشتن لەم نامۆبوونە مرۆییە، بەهۆی پەیامە شاراوەکانەوە، نموونەی کاتێکانی پشووی چینی کرێکاران دەهێنێتەوە و بە تێڕوانین لە ژیانی ڕۆتینی کرێکاران لە شارەگەورەکاندا، چەمێکیکی نوێی دادەهێنێت، ئەویش ( ژەهراویکردنی کاتی پشوو/ Les loisirs deviennent toxiques) ئادۆرنۆ بە قووڵی تیشک دەخاتە سەر کاتێکانی وچان و پشوو وەرگرتنی کرێکاران، بەتایبەتیی کۆتایی ئێواران و ڕۆژانی پشوو. بەدیدی ئادۆڕنۆ سەرمایەداری مۆدێرن لە ڕێگەی پیشەسازی کولتوورییەوە کاتێکانی پشوو بەو شێوەیە پڕۆگرام دەکات، کە خۆی دەیەوێت. کاتێکانی پشوو لە بنەمادا بۆ پشوو وەرگرتن و پاڵدانەوە نییە، بەڵکوو هەلومەرجێکە بۆ خۆپەروەدەکردن و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەمان، لە ڕێگە میدۆمە بەردەستەکانەوە. بۆ نموونە تەماشاکردنی پڕۆگرامێکی تەلەفیزیۆنی لەبارەی نامۆبوونی کرێکاران، فیلمێک لەبارەی ئازادییەوە، خوێندنەوەی پەرتووکێک لەبارەی سیاسەتەوە. وەلێ ئادۆرنۆ پێی وایە، کاتێکانی پشوومان لەژێر بەزەیی دوونیایی مۆدێرن و پیشەسازیدایە، کە لەناو کات و شوێندا ناتوانین خۆمانی لێ قوتار بکەین. بەدەربڕێنیکی دیکە، پیشەسازی کولتووری بەشێکە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری مۆدێرن و ناتوانین لە کۆمەڵگەیی داببڕین، (سینەما، فیلمەکان، ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن، میدیا) بۆ ئەوە بەرهەمهاتوون هزری مرۆڤ بەو شێوازە پڕۆگرامبکەن، کە تووشی بیربڵاوی بێت، تا کۆبیریان لەسەر ئیرادەی گۆڕێنی واقیعی سیاسی نەمێنێت.
لە ساڵی 1954 لە وتارەکەیدا، بە ناونیشانى (How to Look at Television)لێکۆڵینەوەى لەبارەى لێکەوتەکانی تەلەڤیزیۆنەوە کرد و لە فۆڕمە هونەرییە نوێیەکەی تەلەڤیزیۆنى کۆڵییەوە. ئادۆرنۆ پێى وابوو، لە بنەمادا تەلەڤیزیۆن بۆ مەبەستى ئازادییە. هەروەها ئارگۆمێنتى لەبارەى ئەوەوە کرد، کە تەلەڤیزیۆن پێغەمبەرێکی ساختەچییە لە سەردەمی مۆدێرندا وەک خەواندنى موگناتیسى وایە بۆ مرۆڤایەتی. بۆ نموونە پڕۆگرامی هەواڵەکان بریتییە لە کۆمەڵێک چیرۆکی دراماتیکی و ورژێنەری سیاسی، کە هەموو گریمانەیەک لەناو دەبن بۆ ئەوەی بزانین لەنێو زیندانێک، ئازاد دەژین. دوونیای شاشە هێرشی ئەهریمەنی هەسارەیەکی دیکە نیشان دەدات. وەلێ هیچ گرنگییەک بە ژیانی واقیع نادات.
( تیۆدۆر ئادۆرنۆ و ماکس هۆرکهایمەر) لە پەرتووکی (دیالێکتیکى ڕۆشنگەریدا/ Dialectic of Enlightenment) پێیان وابوو، ڕۆشنگەری بزووتنەوەیەکى کەلتوورى بوو بۆ ئازادکردنى ژیری لە ئەفسانە و خوڕافیات، کەچی تەلەفیزیۆن وەک ئەهریمەنێک، هەژموونی خۆی سەپاندووە، بە شێوەیەکى بوونیادیى لەگەڵ ئەو باوەڕانەدا دەرگیرمان دەکات، کە جیاوازن لە باوەڕەکانى خۆمان.
لە چەمکی پیشەسازی کولتووریدا، ڕەخنە لە میدیای جەماوەری و کولتووری جەماوەری دەگرێت. بەدیدی ئادۆڕنۆ، میدیای جەماوەری، ڕۆڵی پێغەمبەرێکی درۆزن دەگێڕێت لە فریودانی جەماوەردا، بە ناوەرۆکێکى خالی لە ئەندێشەى ڕەخنەیى سەرنجى جەماوەر ڕادەکێشرێت. بەڵام تابلۆ کێشراوە بێهۆشکەرەکە کە لە ڕێگەى ناوەرۆکێکى دیزاینکراوە و دەرخواردمان دەدرێت زۆرجار بە دژە چیرۆک و ڕوانگە ڕەخنەییەکانى چاومان دەبەستێت و کوێرمان دەکات، بەوەى کە بەو شێوەیە وابەستەى خۆیمان دەکات و لەگەڵیدا ئاوێتە دەبین. ئادۆڕنۆ دەڵێت: (سەرمایەداری هەرگیز ئەوەمان پێنافرۆشێت کە دەمانەوێت.)
بەرخۆریزم لە سەرمایەداری مۆدێرندا پانتاییەکی فراوان لە پیشەسازی کەلتووریدا، داگیردەکات. پیشەسازی کولتووری پێمان دەڵێت؛ گەر پارەمان هەبێت، ئەوەی دەیخوازین، دەتوانین بەدەستی بهێنین. پەپێچەوانەوە ئادۆرنۆ پێ وایە، هیچ کات ناتوانین دەستمان بە ویستە ڕاستەقینەکانمان بگات. بنۆڕە تەلەفیزیۆن کاتێک ڕیکلام بۆ کالایەک دەکات، سەرەتا بەدیمەنی پەیوەندییەکی توندووتۆڵی کۆمەڵایەتی دەست پێ دەکات لە یەکێک لە بۆنە خێزانییەکاندا، لەناکاو جۆرێک کاڵا دێتە نێو دیمەنەکەوە. ویستەکانی تۆ، ڕزگاربوونە لە تەنیاییەکی بێهودە، کڕینی ئەوکاڵایە نە مۆتیڤە دەروونییەکانی تۆ خالی دەکاتەوە، نە کەمووکورتییەکانت پڕ دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بیبیتە خاوەنی تەواوی ئەو کاڵایانە، وەلێ تۆ پێویستت بە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی پتەوە، کە هیچ کات سەرمایەداری ئەوە بۆ تۆ فەراهەم ناکات.[1]