ناونیشانی بابەت: لەبارەی مێژووی سێکسواڵیتەوە
ئامادەکردنی: #ئاراس سەعید#
ئەگەر بمانەوێت لە مێژووی (سێکسواڵیتە) تێبگەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ کۆنترین پنتی شارستانییەتەکان، ڕەنگە هیچ شتێک هێندەی هێزی سێکس شاراوە و، هاوکات ئامادە نەبێت لە کۆمەڵگەی مرۆییدا. پێش پەیدابوونی شارستانییەت وزەی سێکس وەک غەریزەیەکی ئاژەڵی بەئامانجێکی ئاژەڵیانە خاڵیکراوەتەوە. واتا؛ جووتبوون؛ کردەیەکی ئاژەڵیانەبوو بەئامانجی گواستنەوەی جیناد و پاراستنی ڕەچەڵەکی مرۆڤ، لێ لەگەڵ پەیدابوونی شارستانییەتدا مرۆڤ وزە سێکسییەکانی بەمەبەستی چێژ وەرگتن خاڵیکردووەتەوە.
بەرگی یەکەمی (مێژووی سێکسواڵیتە) شیکارێکی قووڵی مێژووییە لە بارەی دەستنیشانکردنی ژینالۆژیایی سێکسواڵیتە و شرۆڤەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سێکس و دەسەڵات. هەرچەندە فۆکۆ ئەم چەمکەی لەژێر ڕۆشنایی بۆچوونەکانی “نیتچە” وەرگرتووە؛ (کە ڕەهەندەکانی “بوون” جگە لەویستی هێز، شتێکی تر نییە). میشێڵ فۆکۆ لە (مێژووی سێکسواڵیتە)دا، لەبارەی مێژووی سەرکوتکردنی سێکسەوە بەگەڕانەوە بۆ کۆنترین پنتی شارستانییەتەکان دەدوێت. “فۆکۆ پرسی سێکسواڵیتە بە مانا مێژوویییەکەی دەخاتەڕوو، پێی وایە نابێت ئەم دیاردەیە لە چوارچێوەی ڕێسا و پێودانگە بایۆلۆژییەکاندا ڕووماڵ بکرێت، بەڵکو دەبێت وەک دیاردەیەکی مێژوویی دەستنیشان بکرێت.
فۆکۆ ڕای وایە: سەرکوتکردنی سێکس لە سەدەی حەڤدەهەمەوە دەستپێدەکات، وەلێ لەگەڵ سەرهەڵدانی دەسەڵاتی مەسیحی شوانکارە، بە کولتووری ڕۆمانیدا تێدەپەڕێت و لەگەڵ سەرهەڵدانی سیستەمی سەرمایەداریدا دەگاتە قۆناغێکی ترسناک. لە (مێژووی سێکسواڵیتە)دا دەڵێت: لە پێشوودا وشەکان لەبارەی سێکسەوە بەبێ دوودڵی دەگووترانەوە، کردەکان بەبێ دەمامکداری ئەنجام دەدران. ژێستگەلی ڕاستەوخۆ، وتەگەلی بێ سڵ کردوویی، لادەنگەلی بەرچاو، لەشی دەرکەوتوو و بەسانایی لێک نزیک، منداڵی دانەپۆشراو و وێڵ لەنێو پێکەنینی گەورەکاندا بەبێ ئازار و بێ ترس لە ئابڕووچوویی، بەم شێوەیەبوو، کە جەستەکان تەراتێنیان دەکرد
هەروەها ڕای وایە: تا پێش سەرهەڵدانی (کولتووری بۆرژوازی ڤیکتۆریایی) سێکس وەکو هێزێکی جڵەونەکراو ئامادەگی هەبوو. جەستەکان ڕووتبوون، ژێستگەلە سێکسیەکان لەناو زواندا کۆنتڕۆڵ نەکرابوو، جەستەکان بەبێ بەربەست جووت دەبوون. لەگەڵ دەرکەوتنی کولتووری ڤیکتۆریایی؛ سێکسواڵیتە بە پوختی جڵەوکرا. ئیدی سێکسواڵیتە ماڵی خۆی گواستەوە و خێزانی هاوسەرانەی مۆنۆپۆڵیکرد. هاوسەرگیری وەک مۆدێلێک خۆی سەپاند و بەهای بەخشی بەنۆڕم. ئەم مۆدێلە سێکسواڵیتەی خزاندە نێو جددییەتی کارکردییانەی بەرهەمهێنانەوە. ئەمەش بووە هۆی دەرکەوتنی جووتبوونی ڕەوا و زازوێزکردنی یاسایی. بە بڕوای فۆکۆ مۆدێلی خێزانی هاوسەرانە، بەشێوەیەکی ترسناک سێسکواڵیتە داگیردەکات و، لە پانتاییەکی سنوورداردا مەودای جوڵەی بەرتەسک دەکاتەوە، لە شوێنگە کۆمەڵاییەتییەکاندا بوونیاد و شوێنگەی دەستنیشان دەکات. کولتووری ڤیکتۆرییەکان نێو دڵی ماڵەکانی، وەک شوێنگەیەکی نوێ بۆ سێکسواڵیتە دەستنیشانکرد و بەفەرمی پێی دەناسرێتەوە (ژووری دایباب) لەوە بەدواوە دەبێت هەموو ئەمانە ونبێت. واتا: ئەم مۆدێلە مەودای پڕۆسەی سێکسواڵیتەی لەنێو کایەی کۆمەڵایەتی و جیۆپەلەتیکدا سنووردارکراد و شوێنی سێکسواڵیتەی بەفەرمی دەستنیشانکرد. بەواتایەکی دی، جگە لە ژووری نووستنی (خێزانی هاوسەرانە) ئیدی سێکسواڵیتە شوێنیکی تری نەبوو. یان دەبوو لانکەی خۆی بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دی.
بە بڕوای فۆکۆ مۆدێلی خێزانی هاوسەرانە سێکسواڵیتەی ناچارکرد لانکەی خۆی بگوازێتەوەو پەیوەندییەکانی بەشێوەیەکی تر دابڕژێتەوە، لە شێوەی (گەواد و قەحپە، پزیشک و نەخۆش، زیندان و سەرجان، مامۆستا و فێرخواز، مردوو و زیندوو) جگە لە خێزانی هاوسەرانە؛ سێکسواڵیتەی نایاسایی خزندرایە نێو (قەحپەخانە، نەخۆشخانە، خوێندنگا، زیندان، گۆڕستان)ەوە.
“کۆنتڕۆڵکردنی سێکس”
دنەدانی لە نێو گوتاردا (دیسکۆرز): گوتار بریتییە لە تۆڕێکی زمانی ئاڵۆزی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان. لێرەدا ئاخێوەر وەکو گوتارێکی خاوەن هەژموون دەردەکەوێت. ئەمەش پەیوەستە بەدەسەڵات و دیسپلین و چاودێرییەوە. فۆکۆ ڕای وایە؛ دەسەڵات پێش ئەوەی پرسێک لەنێو واقیعدا کۆنتڕۆڵ بکات، لەنێو زاردا کورتی دەکاتەوە و، سوڕانی ئازادانەی لەنێو گوتاردا کۆنتڕۆڵ دەکات، لە ڕێگەی پۆلیسی ڕستەکان، کۆنڕۆڵکردنی ڕستەسازی، ڕەوانبێژی کارگێڕی ڕکێخستنی سیاسەتی زمان. بۆرژوازی مۆدێلکی نوێی زمانەوانی لە نێو کایەی کۆمەڵایەتییدا داهێنا. بۆ نموونە؛ لە نێوان دایباب و منداڵ، مامۆستا و خوێندکار، ئاغا و نۆکەر.
لە (مێژووی سێکسواڵیتە)دا دەڵێت: لە سەدەی هەژدەهەمدا کۆنتڕۆڵکردنی سێکس دەچێتە ئەستۆی “پۆلیس” لە کاتێکدا پۆلیس ناتوانێت ئەم ئامانجە بێهێنێتەدی. پۆلیسی سێکس بەمانایی توندووتۆڵکردنەوەی قەدەغەیەک نیە بەڵکو پێویستی بە ڕێسابەندکردنەوەی سێکسە لە ڕێگەی گوتاری بەکەڵکهاتوو گشتییەوە. فۆکۆ دەڵێت: پێشووتر وشەکان بەبێ هیچ کۆدێک دەگوترانەوە، بەڵام پۆلیسی زمانی و تەکنیکەکانی زمانەوانی وشەگەلی عەیبە و ناشرینی داهێنا و سێکس لە نێو زماندا کۆنتڕۆڵکرا. جگە لە خێزانی (هاوسەرانە و ژووری دایک و باوک) ئیدی هەر زمانێک لەبارەی سێکسەوە بدوایە دەبوو بێدەنگ بکرێت. گوتاری ئایینی، گوتاری پەروەدەیی، گوتاری زانستی هەموو گوتارەکان کۆدکران. منداڵەکان تەمێکران لەسەر نەگوتنی هیچ شتێک لەبارەی سێکسەوە. ئیدی سێکسواڵیتە بە بێدەنگی مایەوە و بارسوڕانی ئازادانەی لە نێو زماندا کۆنتڕۆڵکرا. ئەگەر کەسێک لەبارەی ویست و خولیای سێکسی ئەوانیتر بدوایە، دەبوو گوێیەکانمان بخەوێنن، دەممان لە بارەی خولیاو ویستەکانماوە دابخەین. ئا لێرەوە دەسەڵاتی زمانی، سێسکواڵیتەی لەنێو تەکنیکی زمانەوانیدا کرد بە تابۆ. دەبوو وشەکان و گوتارەکان بپاڵێوین و لە فلتەریان بدەین.
گوتاری ئایینی کێڵسا، دانپێدانانەکان، هەموو ئەمانە بوون ڕێگەیان بۆ “نۆڕم” چۆڵکرد تا جێگە بە “بەها” لەق بکات. ئیدی سێکس بوو بە گوناهە گەورەکەی مرۆڤ، ئەو وشەیە بوو بەچرپە دەگوترا، ئەو تاوانەبوو لە کڵێسا و نەخۆشخانەکاندا ددانیپێدادەنرا.
“دەسەڵات و سێکس”
لە (مێژووی سێکسواڵیتە)دا، فۆکۆ تێرمەکانی پەیوەست بە سێکسواڵیتە لەگەڵ پڕۆسە سیاسی و کۆمەڵاییەتییەکان گرێدەدات و، پەیوەندی نێوان دەسەڵات و سێکسواڵیتە دەستنیشان دەکات. فۆکۆ پێناسەی دەسەڵات بەوە دەکات: کە تۆڕێکی فراوان و هەمەچەشن و فرەییە، پەیوەندی نێوان کۆمەڵێک هێزە، کە بەنێو یەکتریدا دەچن. بە بڕوای فۆکۆ دەسەڵات و سێکسواڵیتە بە قووڵی لەناو یەکتریدا هەڵچنراون و ئەمیان ئەویتریان بەهێزدەکات. فۆکۆ لە پەرتووکی (چاودێری و سزا)دا، چەندین فۆڕمی دەسەڵات دەستنیشان دەکات، کە بابەتی سەرەکی تێیدا جەستەبوو: جەستەی سەرباز، قوتابی، نەخۆش، تاوانبار، کرێکار. بەشێوەیەک تەکینیکەکانی دەسەڵات جەستە ڕادەهێنێت و بەرهەمیان دەهێنێتەوە بۆ گونجاندن و ڕێخستنەوەیان لەناو یەکەی سیاسی و کۆمەڵایەتییدا، کە فۆکۆ ناوی لێ دەنێت بایۆدەسەڵات.
– BIOPOUVOIR)بایۆ-دەسەڵات) سیستەمێکە کۆی ژیان دەگرێتەوە، ماشێنێکە هەمووان هەڵدەلووشێت و جەستەکان قووت دەدات. فۆکۆ پێی وایە: سەدەی هەژدە بە سەنتەربوونی “جەستەی مرۆیی” بوو، واتا بەدامەزراوەیی کردنی جەستە لە چێوارچێوەی کۆنسێپتە بایەلۆژییەکاندا. دەسەڵات هەمیشە لەڕێگەی جەستەوە سرووشتی خۆی ڕەنگ ڕێژ دەکات و جوگرافیایی خۆی دەنەخشێنێت. بە مانایەکی تر، دەسەڵات لە خودی جەستەدایە و بەنێو جەستەدا تێدەپەڕێت و بەسەرجەستەدا پراکیتک دەکرێت. فۆکۆ دەڵێت: چەپاندنی سێکس پەیوەستە بە تەکنیکەکانی دەسەڵاتەوە، کە هەژموونی خۆی بەسەر سێکسدا دەسەپێنێت. کاتێک دەسەڵات توانای کۆنتڕۆڵکردنی جوڵەی سێکسی نابێت، ئیدی پڕۆسەی چەپاندن و سەرکوتکردن دەستپێدەکات. دەسەڵاتی مۆدێرن بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنەلۆژیاکانی، تەواوی ژیان دەخاتە ژێر چاودێرییەوە و، کۆنترڕۆڵگەلێکی ورد بەسەر ژیاندا دەسەپێنێت. لە رێگەی تەکنیکەکانی زانیاری لەسەر ژیانی مرۆڤەکان کۆی هەڵسوکەوتوو و، پەیوەندییەکانیان لەلایەن دەسەڵاتەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. لە سەرەتاوە تاکەکان ژیانیان لەلایەن دەوڵەتەوە لە ژێر چاودێریدایە. هەر لە دایەنگاوە تا پەیوەست بەدەزگاگەلێکی دەسەڵاتییەوە شەتەک دەدرێ، لە نەخۆشخانە و کتێبخانە و خوێندگاوە بۆ سەربازگە و زانکۆ و کارگە. فۆکۆ لە (مێژووی سێسکواڵیتە)دا، ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵات لە ڕێگەی ماشێن و تەکنیکەکانییەوە لەبەرانبەر سێکسواڵیتە دەکەوێتە خۆنمایشکردن و هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی. ئەمەش لە ڕێگەی سزا و چاودێرییەوە کۆنتڕۆڵ دەکات. بۆ نموونە: چاودێری و سزای دایباب بۆ منداڵەکانیان، مامۆستایان و قوتابییان، پۆلیس و لادەرەکان، پزیشک و نەخۆش.فۆکۆ بەم شێوازە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و سێکسواڵێتە دەستنیشان دەکات: چێژی سێکسی کردەی چاودێری کراوی دەسەڵاتێکە کە دەپرسێتەوە و دەکۆڵێتەوە و بەوردی دەپشکنێت.
بەبڕوای فۆکۆ (بایۆ دەسەڵات) نایەوێت سێکس لەناوبەرێت، بەڵکو دایدەڕێژیتەوە و کەڵکی لێوەردەگرێت. بۆنموونە: بەیاسایکردنی سێکس لەڕێگەی سێکسی هاوسەرانە. دیاریکردنی تەمەنی هاوسەرگیری چاودێرکردنی ژمارەی دانیشتووان و سێکس وەک کردەیەک بۆ گواستنەوەی جیناد.
سێکس و بەرهەمهێنان: لەگەڵ سەرهەڵدانی سیستەمی پیشەسازی (سەرمایەداری سەردەم – spat capitalismus) کە فۆکۆ ناوی لێناوە سەرمایەداری دواکەوتوو. بیروبۆچوونێک هاتە ئاراوە کە بریتییە لە ڕێگەگرتن لە بەفێڕۆدانی (وزەکان – هێزەکان). واتا هەموو هێزەکان لە چوارچێوەی بەرهەمهێناندا بەکاربرێن. سیستەمی پیشەسازی پێویستبوو، وزەکان لە پێناوی بەرهەمهێناندا بەکاربەرێت. بەمجۆرەش سێکس لە چێژ دادەماڵێت و دوو ڕۆڵی سەرەکی پێدەدات:-
(1) وەچەخستنەوە و گواستنەوەی جیناد؛ چونکە ئەم سیستەمە پێویستی بە هێزی کارکەربوو.
(2) سێکس لە چێژ دابماڵێت و بیخزێنتە نێو بازاڕەوەو نرخی لەسەر دابنرێت.
بۆرژوازی سێکس ناچەپێنێت، بەڵکو لەگەڵ سیستەمە سودمەندەکاندا دەیگونجێنێت بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سوود و دەستهات. لە مێژووی سێکسواڵیتە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە زانستی پزیشکی سەرەتا سێکسی وەکو مەترسی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دەستنیشانکردووە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی سیستەمی سەرمایەداریدا کۆمەڵێک نۆرینگە و دەرمانخانەیان دامەزراند بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان پاشان بەپێی ڕەچەتە و ڕێنمایی پزیشکی سۆزانیخانەیان دامەزراند. سیستەمی سەرمایەداری لانکەی سێکسواڵیتەی گواستەوە بۆ نێو پانتایی (بازاڕ و بەرهەمهێنان)، لەڕێگەی پڕۆگرامسازی و ڕەچەتەی پزیشکییەوە سێکس خزێندرایە نێو بازاڕ و کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرا. فۆکۆ دەڵێت: سێکس ئەو بەشەی جەستە نییە کە بۆرژوازییەت دەبێت پوچەڵی بکاتەوە تا ئەوانەی لە ژێر دەستیدا ناچار بکات بەکار.
بۆرژوازییەت سێکسواڵیتە بێبەها ناکات، بەڵکو پەروەردەی دەکات، ماکیاژی دەکات، ڕێکلامی بۆ دەکات. سەرمایەگوزاری سێکسی، بە پایەیەکی ئابووری گرنگ دادەنرێت لەسەرمایەگوزاری بۆرژوازیەتدا. فۆکۆ ڕوونتر لەم مەسەلەیە دەدوێ و ڕای وایە کە سێکسواڵیتە (لە سەدەی نۆزدەیەم بەدواوە بەبەرژەوەندیەکی ئابووری و بەهێز کراوە، بەرژەوەندییەک بە ناوبژیوانی پزیشکی، دەروون پزیشکی، سۆزانیگەری لەشفرۆشی، نواندنی کاری سێکسی – پۆرنۆگرافی).[1]
سەرچاوە: Michel Foucault, Histoire de la Sexualité (La Volonté de Savoir), Edtions Gallimard, paris, 1976