ناونیشانی بابەت: بێ دەنگی عەرەبی و هەیمەنەی هێزە پەڕگیرەکانی سوریا
ناوی نووسەر: #ئەردەڵان هەڵەبجەیی#
دەبێت بەشار ئەسەد گۆڕانکارییەکان بەشێوەیەکی واقیعی و نوێ ببینێت و هەست بەوە بکات کە چەندە جیاوازن لە ساڵی 2015. ئەوەش بخوێنێتەوە کە دیدگا نێودەوڵەتییەکان لە ئێستادا تەواو جیاوازن لەو کۆدەنگییانەی ڕابردوو،ڕاستیەکە ئەوەیە لاوازی پاڵپشتی ئێران بۆتە هۆی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنی پەڕگیر لەو وڵاتە.
ڕاستە ڕێککەوتنی نوێی ناوچەیی لە نێوان ئەمریکی و ئیسرائیلییەکاندا هەیە تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش هەموویان قەناعەتیان بە پێویستی کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی کوتلە چەکدارەکان لە وڵاتانی عەرەبی هێناوە، بەڵام ڕەد فیعلەکان تا ئێستا لەبەرژەوەندی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەن، چونکە زۆر شەرمنانەن. خاڵی جەوهەری لاوازی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ یەکدەنگی عەرەبی بۆ شکاندنی شکۆو ڕۆڵی ئێران لە سوریا،هەروەک لە لوبنان ڕویدا.
بەڵام ئەوەی نوێیە، وادیارە ڕووسەکان و تورکەکان بۆچوونێکی دیکەیان هەیە، ئەویش قۆستنەوەی دەرفەتی لاوازی پشتیوانی ئێرانە بۆ سوریا و سەرقاڵبوونیەتی بە کاروباری وڵاتەکەی.
هاوکات ئێستا ڕوسەکان بە تەنها ناتوانن وەک ڕابردوو هاوکاری سوریا بکەن،بەشار ئەسەدیش قەناعەتی بەو بۆشاییە نەبوو لەگەڵ تورکەکان کە ئەگەر نەگاتە لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی، تورکیا کارتێکی وا بخاتە سەر مێزی دانوستانەکان.
بۆیە تورکیا خێرا دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی ئەو لایەنانەی کە سەرەتا ئاسایشی سنووری باکووری سوریا گەرەنتی دەکەن و دەیەوێت بەربەستێک لە بەرامبەر هێرشەکانی کورد بۆ پاراستنی تورکیا دروست بکات.
ساردی و هێواشی ڕوسەکان دەگەڕێتەوە بۆ گوێ نەگرتنی بەشار چونکە ئامۆژگاری ڕووسیا هەبوو کە سەرۆکی سوریا لەگەڵ تورکەکان بگەنە لێکتێگەیشتن و دۆخەکە لەگەڵیان ڕێکبخەن.
هەر ئەوەش هۆکار بوو بۆ کشانەوەی هێزەکانی سوریا و شوێنی خۆیان بەجێهێشت و وازیان لە پێگەکانیان هێنا، چونکە هێزەکانی سوریا پێیان وابوو هەڵوێستی فارس و ڕوسەکان خێرا دەبێت کە نەبوو. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!