ناونیشانی بابەت: هەڵبژاردنی سەرۆک لە ئەمریکا و کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ناوی نووسەر: #ئەردەڵان هەڵەبجەیی#
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا تەنها ڕووداوێکی نێوخۆیی نییە، بەڵکوو کاریگەری هەیە لەسەر جیهان، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەرچەندە ئەمەریکا وڵاتێکی خاوەن نفوزی جیهانییە، بەڵام ڕووداوەکان بەتەنها لەلایەن ئەمریکاوە دروست ناکرێن، چونکە سیاسەتەکانی پێویستە لەگەڵ زلهێزەکانی دیکەدا بگونجێن، وەک بەریتانیا لە ڕزگارکردنی کوێت لە ساڵی 1991، یان لەشکرکێشی بۆ سەر ئێراق لە ساڵی 2003.
ڕەنگە ئەو باوەڕە زیادەڕەوی تێدا بکرێت کە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ڕەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکەن. سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ لە کۆشکی سپیدا دەژی، زیاتر ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییەکانی “دەوڵەتی قووڵ”ە کە کاتێک سەرۆک دەگۆڕێت، ناگۆڕێت. بەڵام ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەیەکی فراوانتری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا سەیر دەکرێت، هەروەک چۆن ئایزنهاوەر (1953 – 1961) تیشکی خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی کاریگەریی سۆڤیەت لە ناوچەکەدا لە ماوەی شەڕی سارد و دەستوەردانی لە لوبنان لە ساڵی 1958 بە بیانووی هەڕەشەی کۆمۆنیستەکان.
هەندێک بۆچوون ئاماژە بەوە دەکەن؛ کە ئەمریکا نەک هەر پشتیوانی لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی دەکات، بەڵکو هەوڵی پاراستنی ڕژێمە هاوپەیمانەکانیش دەدات. بەڵام جگە لە پشتیوانی ڕەها بۆ ئیسرائیل و ڕزگارکردنی کوەیت، هیچ بەڵگەیەکی بەهێز نییە کە واشنتۆن بەردەوام پشتیوانی ڕژێمە عەرەبییە هاوپەیمانەکانی کردبێت، بە تایبەت لە کاتی ڕووداوەکانی “بەهاری عەرەبی” لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2013. کە ئەمەش خاڵی وەرچەرخانی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بوو.
لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا نەخشێکی بەرچاو هەیە، کە تێیدا ئەو سەرۆکانەی بڕیاری ڕەخنەگرانە سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن، وەک کارتەر و بۆشی گەورە و ترامپ، زۆرجار پێدەچێت لە هەڵبژاردنی دواتردا بدۆڕێن بۆ ئەوەی ببنە سەرۆکی یەک خول. لەوانەیە ئەمە بە “نەفرەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” لە سیاسەتی ئەمریکادا ناوببرێت هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2000 کە جۆرج بوشی هێنایە سەر دەسەڵات، وەرچەرخانێکی دیکە بوو لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دوای هێرشەکانی 11ی ئەیلولی 2001، بوش “شەڕی تیرۆر”ی ڕاگەیاند، ئەمەش بووە هۆی دەستوەردانی سەربازی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا، سەرەتا بە لەشکرکێشی ئەفغانستان لە ساڵی 2001 دەستی پێکرد، پاشان لەشکرکێشی بۆ سەر ئێراق لە ساڵی 2003. بەڵام ئێران سوودی لە ئاژاوەگێڕییەکان وەرگرت بۆ بەرزکردنەوەی نفوزی ناوچەیی خۆی.
باراک ئۆباما (2009 – 2017) بە دروشمی کۆتاییهێنان بەو شەڕانەی کە بوش دەستیپێکردبوو، هاتە سەر دەسەڵات، لە ساڵی 2011 هێزەکانی ئەمریکای لە ئێراق کشاندەوە، سەرەڕای ئەمەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوور لە سیاسەتەکانی ئیدارەکەی بەجێنەهێشت. یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە بەرچاوەکانی ئۆباما، پشتیوانیکردنی بوو بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران کە ئامانجی سنووردارکردنی تەماحە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو. ئەم ڕێککەوتنە نیگەرانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا هێنایە ئاراوە، وەک سعودیە و ئیسرائیل، چونکە بینیان ئازادی زیاتری بە ئێران داوە بۆ بەرزکردنەوەی نفوزی ناوچەیی خۆی.
سەرەڕای سەرکەوتنی لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئۆباما دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لەوێ لە ساڵی 2011، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی لە سوریا ڕەتکردەوە، تەنانەت لە دەرەوەی هێلە سوورەکانیشی. ئه م بڕیاره نفوزی ئەمریکای له سوریا لاواز کرد، هەروەها ڕێگەی بۆ ڕووسیا و ئێران کردەوه که دەستێوەردان بکەن بۆ بەڕزکردنەوەی نفوزی خۆیان له و ململانێیه دا.
سەبارەت بە دۆناڵد ترەمپ (2017-2021)، سەردەمی سەرۆکایەتییەکەی شایەتی گۆڕانکاری گەورە بوو لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ترەمپ لە ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە و سزای تووندی بەسەر تاراندا سەپاندەوە، بەمەش گرژییەکانی ناوچەکە زیادی کرد. هەروەها گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکای بۆ قودس ڕاگەیاند، هەنگاوێک کە بووە هۆی توڕەیی فەلەستینییەکان و مشتومڕی گەورەی نێودەوڵەتی. جگە لەوەش ترەمپ پەرەی بەو شتە دا کە بە “مامەڵەی سەدە” ناسرابوو، کە ئامانجی یەکلاکردنەوەی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل بوو، بەڵام لە جیهانی عەرەبیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕەتکرایەوە.
بە گشتی دەکرێ بڵێین سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرجار بە بەردەوامی دەناسرێتەوە سەرەڕای گۆڕانی ئیدارەکان. لە کاتێکدا ڕەنگە تاکتیک یان ئامرازە بەکارهێنراوەکان بگۆڕدرێن، بەڵام ئامانجە ستراتیژییە سەرەکییەکانی وەک پاراستنی ڕەوتی نەوت، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئیسرائیل بەردەوامن. بۆیە کاریگەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پلەی یەکەم پەیوەستە بەوەی کە چۆن سیاسەتەکانی ئیدارەی نوێ لەگەڵ ئەم ئامانجە ستراتیژیانەدا هاوتەریبن، نەک گۆڕانکارییەکی تەواو لە ڕوانگەی سیاسیدا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=