دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لەگەڵ دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا، وەزارەتەکانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوا دەکەن شەڕی دژی هێزە کوردییەکان بووەستێندرێت و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانیان بپارێزرێت.
ڕاگەیێندراوە هاوبەشەکە کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ئەنالینا بێربۆکی هاوتا ئەڵمانییەکەی ئەمڕۆ قسەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی دەسەڵاتی سووریا کرد.
لە بارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (#هەسەدە# )، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا دووپاتیان کردەوە کە پێویستە شەڕ لە باکووری سووریا کۆتایی بێت و چارەسەرێک بدۆزرێتەوە کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی هەموو لایەک بپارێزێت، بە تایبەتیی ئەوانەی هاوبەشە کوردەکانمان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە شانبەشانیان لە دژی داعش دەجەنگین.
هەروەها هەردوو وەزیر جەختیان لە خواستی خۆیان بۆ گواستنەوەیەکی ئاشتییانەی ڕێکوپێک کردەوە کە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی فرەڕەنگی سووریا بکات.
ئەوە یەکەمین سەردانی بەرپرسانی ئاست باڵای وڵاتانی ڕۆژاوا بوو بۆ سووریا لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024.
بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، دەسەڵاتدارە دیفاکتۆکان بەڵێنیان داوە بەشدارییەکی بەرفراوانیان لە قۆناخی ڕاگوزەردا هەبێت، بە تایبەتیی گوتوویانە ژنان بەشێک دەبن لە لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی گفتوگۆی نیشتمانی کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەست بە کارەکانی دەکات.
دەقی ڕاگەیێندراوی هاوبەشی فەرەنسا و ئەڵمانیا لە بارەی سووریا:
-ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ئەنالینا بێربۆکی هاوتا ئەڵمانییەکەی ئەمڕۆ قسەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی دەسەڵاتی سووریا کرد.
-هەردوو وەزیر جەختیان لە خواستی خۆیان بۆ گواستنەوەیەکی ئاشتییانەی ڕێکوپێک کردەوە کە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی فرەڕەنگی سووریا بکات.
-دەسەڵاتدارە دیفاکتۆکان بەڵێنیان داوە بەشدارییەکی بەرفراوانیان لە قۆناخی ڕاگوزەردا هەبێت، بە تایبەتیی گوتوویانە ژنان بەشێک دەبن لە لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی گفتوگۆی نیشتمانی کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەست بە کارەکانی دەکات.
-فەرەنسا و ئەڵمانیا پێشنیازیان کردووە شارەزایی خۆیان پێشکەش بکەن بۆ پشتیوانیکردن لەو کارەی لە ئەنجامی کۆنفرانسە نیشتمانییەکەوە بۆ دەستوور دەکرێت.
-وەزیرەکان جەختیان لە پاراستنی پێویستیی بەرژەوەندییە ئەمنییە هاوبەشەکان کردەوە کە بەردەوامبوونی شەڕی دژی داعش و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکە کیمیاییەکانی ڕژێم لەخۆدەگرێت.
-ئەوان دووپاتیان کردەوە کە پێویستە شەڕ لە باکووری سووریا کۆتایی بێت و چارەسەرێک بدۆزرێتەوە کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی هەموو لایەک بپارێزێت، بە تایبەتیی هاوبەشە کوردەکانمان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە شانبەشانیان دژی داعش دەجەنگین.
-دەسەڵاتە دیفاکتۆکان بەڵێنیان داوە دژی تیرۆر بجەنگن، لە نزیکدا پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی بکەن و کار بۆ پاراستنی سنووری سووریا-لوبنان بکەن.
-فەرەنسا و ئەڵمانیا بەڵێنیان داوە شارەزایی تەکنیکی خۆیان لە بواری تاوانناسیدا پێشکەش بکەن بۆ پەرەدان بە بەرەنگاربوونەوەی خۆدزینەوە لە سزای ئەو تاوانانەی لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە کراون.[1]