لە هەڵوێستێکی پشتیوانیدا بۆ کوردی ڕۆژاوای کوردستان و سووریا، فەرەنسا و ئەڵمانیا داوای چارەسەری سیاسی و ئاساییش بۆ کورد دەکەن.
وەک یەکەمین سەردانی بەرپرسانی ئاست باڵای وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ سووریا لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، ئەمڕۆ هەینی، ئانالینا بێربۆک و ژان نۆوێل بارۆ، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا پێکەوە گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ سەرکردە نوێیەکانی وڵاتەکە کۆبوونەوە.
هەردوو وەزیرەکە داوایانکرد هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (#هەسەدە# ) بووەستێندرێن.
چارەسەری سیاسی
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کوردی ڕۆژاوای کوردستانی بە هاوپەیمانی پاریس ناوبرد و وتی: پێویستە چەکەکان لە باکووری وڵات (سووریا) بێدەنگ بن.
ژان نۆوێل بارۆ لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی سڤیل لە دیمەشق جەختیکردەوە کە پێویستە چارەسەرێکی سیاسی بۆ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا کە کوردن، بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بەتەواوی لەو پڕۆسە سیاسییەدا بەشدار بن کە ئێستا دەستی پێ کردووە.
هەسەدە کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاواوە بە هاوبەشی سەرەکیی شەڕی دژی داعش دادەنرێت، لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە، واتە لە 8ی کانوونی یەکەمەوە، کەوتووەتە بەر هێرشی گرووپی (سوپای نیشتمانیی سووریا) کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت.
ئاساییشی کورد گرنگە
هێزە زۆرینە کوردییەکە، بە وتەی خۆی، بە ڕێککەوتن لە هەندێک شوێن کشاوەتەوە و لە چەندین شوێنیش شەڕ و پێکدادانی خوێناوی لەگەڵ هێزەکانی نزیک لە تورکیا بەردەوامە.
لەو بارەیەوە، ئانالینا بێربۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق وتی: ئاساییشی کورد گرنگە بۆ سووریایەکی ئارام. ئەوەش پێویستی بە کۆتاییهێنان بەو شەڕەیە کە لە باکوور هەیە و هەروەها پێویستی بە تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان و سوپای نیشتمانیی سووریایە بۆنێو پێکهاتەی نوێی ئەمنیی سووریا.
تاوەکوو ئێستا هەتەشە، کە پێکهێنەری سەرەکیی دەسەڵاتی ڕاگوزەری دیمەشقە، هیچ بەریەکێکەوتنێکی لەگەڵ هەسەدەدا نەبووە، ڕێگەی داوە دوو گەڕەکی شاری حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بمێننەوە و دووشەممەی ئەم هەفتەیەش بەرپرسانی باڵای هەردوولاش لە پایتەختی سووریا کۆبوونەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پەسنی ئەو هەنگاوەی دا و وتی: دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتی زۆرینە کورد، هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگە بۆ دابینکردنی ئاساییشی ڕاستەقینە بۆ هەموو لایەک.
وەزیری دەرەوەی فەرەنساش پێیوایە، سووریایەکی سەروەر و ئارام ڕێگە بە تیرۆری ئیسلامی نادات.
وەزیرەکە بە 12 ئەندامی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیلی سووریای گوت: تیرۆر لە ئێوەی دا. تیرۆر لە گۆڕەپانی ئێمەدا لە ئێمەیشی دا. بۆیە ئێمە، شانبەشان، بە تایبەتیی لەگەڵ کوردانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، دژی تیرۆری ئیسلامی شەڕمان کرد.
تورکیا و هاوپەیمانەکانی لەبارەی هەسەدە ناکۆکن
فەرەنسا و ئەڵمانیا ئەندامی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتین کە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا دژی سەرهەڵدانەوەی داعش شەڕدەکات.
وڵاتە ڕۆژاواییەکان، هەسەدە بە هاوبەشی سەرەکیی خۆیان دادەنێن و مانەوەی بە پێویست دەزانن بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، بە تایبەتیی لە کاتێکدا هێزەکە پاسەوانی لە زیندان و کەمپەکانی چەکدارانی داعش و کەسوکاریان دەکات.
لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕووخانی خەلافەتی داعش لە ساڵی 2019، هەسەدە دەستگیرکردنی زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعشی ڕاگەیاند کە زۆربەیان خەڵکی سووریا و ئێراق بوون، نزیکەی دوو هەزاریشیان خەڵکی وڵاتانی دیکەن؛ هەروەها 45 هەزار و 355 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن، لە کەمپی هۆلی حەسەکەدان.
بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژاوا داوا لە ئەنقەرە دەکەن هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەسەدە بووەستێنێت بۆ ئەوەی مەترسی نەکەوێتە سەر ئەو زیندانانە.
بەڵام تورکیای ئەندامی ناتۆ، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە، بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنێت و چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە بە مەرجی ئاگربەست دادەنێت.
هەسەدەش ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئاگربەست بکرێت، هەموو ئەندامانی پەکەکە ڕۆژاوای کوردستان و سووریا جێدەهێڵن.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوای چەککردنی هەسەدەی نەکردووە
ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا یەکشەممەی ڕابردوو بە میدیای سعودی ڕاگەیاند، هێزە کوردییەکان دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە.
شەرع هەروەها کوردی بە بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگەی سووریا ناوبرد، بەڵام وتیشی، ڕێگە نادەن سووریا ببێتە سەکۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی پەکەکە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەڤپەیڤینێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت وتی، ئامادەن هەسەدە بکرێتە بەشێک لە سوپای داهاتووی سووریا، بەو مەرجەی هەردوولا بە دانووستاندن لەسەر هاوکێشەیەکی گونجاو ڕێکبکەون.
یەکێک لەو دوو چالاکڤانە کوردەی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و کۆمەڵگەی سڤیلی سووریادا بەشدار بوون، هەواڵی چەند میدیایەکی ڕەتیکردەوە کە گوایە بارۆ داوای کردبێت هەسەدە چەک دابنێت.
شێروان یوسف، بەرپرسی ڕێکخراوی سەکۆی دیفاکتۆ بۆ گفتوگۆ، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی ڕۆژی هەینیی ڕووداودا بە نالین حەسەن، پێشکەشکاری ڕووداوی گوت: وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هیچ باسی چەکدانانی نەکرد. شتێکی لەو جۆرەی نەگوت، بەڵکوو جەختیکردەوە کە پێکەوەکارکردن لەنێوان ئەوان و هەسەدەدا دژی تیرۆر هەیە.
لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر پێگەکانی داعش لە سووریا. دوایینیان هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا بوو لە دوایین ڕۆژی 2024.
لەو بارەیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وتی: لە 31ی کانوونی یەکەم، واتە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، جارێکی دیکە لە بنکەیەکی داعشمان دا. چونکە قبووڵ ناکەین کە زیندووبوونەوەی تیرۆری ئیسلامی ئارامیی سووریا تێکبدات و هەڕەشە لە ئاساییشی فەرەنسا و ئاساییشی ئەوروپا دەکات.[1]