ناونیشانی بابەت: بە ئامانجگرتنی تەناهی #هەولێر# لەپێناو چیدایە؟
ناوی نووسەر: #فرسەت سەید شکور#
لەدوای دەستپێکی شەڕی حەماس – ئیسرائیل، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە لە هەردوو لاوە نزیکن، وەکوو جوگرافیا و سیاسەت و ستراتیژییەت، پریشکی ئەم ئاگرەیان بەر کەوتووە. ئێران بەوە ناسراوە بەردەوام گیر و گرفتەکانی خۆی دەباتە دەرەوەی وڵاتەکەی، واتا شکستی سیاسی و ئابوری و سەربازی خۆی لە وڵاتانی دیکەدا پەردەپۆش دەکات، چونکە حکوومەت و دامەزراوە ئەمنی و یاسایی و ئابووری و سەربازییەکانی لەژێر دەسەڵاتی هەمیشە لە شکست و لاوازدایە.
ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، چەندیین جارە گرووپە کۆماری ئیسلامی ئێران، هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هێرشی ترسنۆکانە و نامەردانەی وەکو درۆن و مووشەک و هێرشی دوورەدەست و ترسنۆکانەوە دەکەنە ئامانج. لەم رووەوە ئێران هیچ بەها و نرخێک بۆ (حکوومەتی ئێراق) دانانێت و بەئاشکرا هەولێر بۆردومان دەکات و هاووڵاتیانی سڤیلی بێتاوان دەکەنە ئامانج.
بە شێوەیەکی گشتی، هێرشە درۆنییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لەم خاڵانەدا کورت دەبنەوە:
یەکەم: گواستنەوەی دۆخی ناسەقامگیری و شێواوی ئەمنییەتی ئێران و شکستەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەولێر و تەگەرە دروستکردن بۆ ئارامی و گوزەرانی.
دووەم: تێکدانی سەقامگیری و تەناهیی هەولێر، کە ئێستا نموونەی پێکەوەژیان و ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.
سێیەم: زیادکرنی گرژییەکان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی تێکدانی ئەو پێکەوەژیان و ئاوەدانییەی کە بووەتە نموونەیەکی باڵا لە ناوچەکە و لە وڵاتانی دیکەدا جێگەی نابێتەوە.
چوارەم: بەردەوامیدان بە سیاسەتی خۆسەپاندن و فشارە ئابووری و سیاسییەکان، بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، بەڵام بەهێزیی هەرێمی کوردستان، شکستی بەم هەوڵانە هێناوە.
پێنجەم: سستکردنی دامەزراوەکانی ئێراق، بەوپێیەی ئێران، هیچ بەها و نرخێک بۆ حکوومەتی ئێراق دانانێت و هێرشە درۆنییانە ئەنجام دەدات.
شەشەم: گرێدانی هەرێمی کوردستان بە جەمسەربەندیی هەرێمییەوە، بە واتایەکی دیکە، هەولێر لەبری بەغدا پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببات، بەتایبەت ئەو دەوڵەتانەی هەژموونیان بەسەر ئێراقەوە هەیە.
حەوتەم: بەردەوامیدان بە بەرنامەی نکۆڵیکردن لە بوونی کورد و سڕینەوەی ناسنامە نەتەوەییەکەی، چوونکە ئەم هێرشانەی کراون بە بیانووی لاواز و بێ بنەما کراون و تەنانەت بە ڕوونی ئەوە سەلمێنراوە کە سەرجەم تۆمەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دوورن لە ڕاستییەوە.
هەشتەم: لە ڕاستیدا ئامانجەکە گورز وەشاندن نییە لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بەڵکوو مەبەستیانە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە، کوردستان لە مەترسیدا بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هێرشانە پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری هەرێمی کوردستانە.
هەرچەندە فشارە ئابوورییەکان و ئابڵووقە نایاساییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر کراون، ئەم هێرشە درۆنییانەی ئێرانیش بەشێکن لەو پیلانانەی بەردەوام دژی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، بەڵام هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و ئێستاشدا، سەرجەم بەرنامە و پیلانی نەیارانی پووچەڵ کردووەتەوە و ڕێگریی لە تێکدانی ڕەوشی هەرێمی کوردستان کردووە، ئێستاش ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانت جیهان و حکوومەتی ئێراق و لایەنە پێوەندیدارەکانە کە دژی ئیرهاب و سیاسەتە توند و تیژییە دوور لە مرۆڤەکانەکانی ئێران بووستنەوە، سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنێنن، کە لەبری شێواندنی سەقامگیریی هەولێر، بە کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان و شکستە سەربازییەکانیان لە ناوچەکە سەرقاڵ بکەن، چوونکە هەروەکو سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا بە ڕوونی بە هەموو جیهانی گووت:
(ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی ڕابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت، بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران).[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!